کۆنگرەی یەکێتی
د.نادیە سالح
PM:07:11---16-12-2017
ئه‌م بابه‌ته 1116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
كۆنگرە یەکێکە لە شێوازە دیموکراسیەکانی هەموو حیزب وڕێکخراوێک بۆ نوێبونەوە و چاکسازی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک حیزبێکی گەورەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان ، ماوەیکی زۆرە کۆنگرەی نەکردووە ئەگەرچی بارودۆخی سیاسی هەرێم وناوخۆی یەکێتی بەکۆمەڵێک گرفت دا گوزەری کردووە بەڵام لەئێستادا کاتی ئەوەیە یەکیێتی کۆنگرە ببەستێت. وەلێ بە داخەوە هەندێ لە ناو یەکێتی دا لە دوای نەخۆش کەوتنی مامەوە لە ئاستی بەرپرسیارێتی و ئەرک و مەهامی خۆیان نەبوونە و دوور کەوتونەتەوە لەو بەهایانەی کە یەکێتی پابەندە پێانەوە ، بە هەموو جۆرێ هەوڵی پەکخستنی ئەم پرۆسەیە ئەدەن.

ئەگەرچی بڕیارە لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو کۆنگرە ببەسترێ و هەندێ گۆڕانکاری لەسەرکردایەتی دا بکرێت وکاردی لێھاتوو وبەتوانا بێنەپێشەوە. ئەمە جێگای دەستخۆشیە ، چونکە بەم کردارە دڵی زۆربەی یەکێتیەکان ئاشت دەبێتەوە ، و یەکێتی سەنگی جارانی بۆ ئەگەڕێتەوە و بارودۆخی گەلەکەمان بەرەوە باشتر دەچێ .

جێگای داخە بە درێژایی مێژووی یەکێتی هێندەی ئێستا لاواز و پەرتەوازە نەبووە کە توانای کۆبوونەوەی سەر مێزێک و گفتوگۆی نێو خودی خۆی نیە. یەکێتی حیزبی سەروەریەکانە ، حیزبی قوربانیدانە ، حیزبی فیداکاری و شەهید بوونە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوای دورکەوتنەوەی جەنابی مام جەلال، کەسێکی تری وەھا نەبوە بەدڵی ھەمووان بێت و بتوانێت هەمووان کۆبکاتەوە ئەگەرچی ئاماژەکان بۆئەوە دەچن کە کادری زۆر بەتوانا ودبلۆمات بوونی هەیە، دەتوانێت سەنگ بۆ باری لاری یەکێتی بگەڕێنێتەوە.

گۆنگرە بەر لە هەموو شتێ کۆتایهێنانە بە قەیران و ئاوازە جیاواز و نەشازەکانی نێو یەکێتی پاشان باشتر کردنی بارودۆخی سیاسی و گوزەرانی خەڵکی هەرێم لە ئەگەری دواخستی کۆنگرە یاخود نەبەستنی ئەبێ چاوەڕێی دەیان هەلوێستی نا دروستی تر بکەین کە هەندێک کەمتەرخەمن بەرامبەر خوێنی شەهیدان وڕێبازی سەرۆک مام جەلال ، لەسایەی ئەم جۆرە هەڵوێستە نابەجێیانەوە دیسان هەم یەکێتی و هەم خەڵکی کوردستانیش ، دووچاری بارودۆخی لە ئێستا خراپتر دەبێتەوە. پێوستە دڵسۆزەکانی نێو یەکێتی سووربن لە سەر بەستنی گۆنکرە لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا ، گەر نا لە هەڵبژاردنی داهاتوو دا یەکێتی بە قورسی زەرەرمەند دەبێت.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە