بەناوی نەوشیروان مستەفاوە
خەبات عەبدوڵڵا
PM:04:35---09-05-2018
ئه‌م بابه‌ته 1507 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەوەتەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، تا دێت وتاری سیاسی گۆڕان دەبێتە وتارێکی سادەو بێ ناوەڕۆکی بەشێک لەو کاستەی نەوەی یەکەم‌و دووەمی پەرلەمانتاران کە خۆیان بە”درێژەپێدەر”ی ڕێبازەکەی ئەو دەزانن. ئەو کاستەی لەڕێی دانانی وێنەکانی خۆیان بەتەنیشتی ناوبراوەوە، یان لەڕێی گێڕانەوەی یاداشتی جۆراوجۆر کە زۆرجار تێیدا خۆیان پاڵەوانی چیرۆکەکەن، دیدی خۆیان تێکەڵ بەدیدی سیاسی ئەو پیاوە دەکەن.
بەشێکی وتاری ئەم کاستە لەمیانەی هەندێک گێڕانەوەی بێ بنەما، بەناوی نەوشیروان مستەفاوە وەکو (حەدیسی سەحیح) رۆژانە بەعەوام دەفرۆشرێتەوە.
ئەم وتارە کە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی پارتی‌و یەکێتی دنە دەدرێت، عێراقی لێ بوەتە نیشتمانی هەموان‌و دەستوریش بەکتێبی پیرۆز. بەجۆرێک کە بەراوردی عێراق بەهەرێم دەکەن، عێراقیان لەخەڵکەکە کردۆتە سوید.
ئەوە دروستە کە یەکێتی‌و پارتی دو هێزی بێ ئاسۆی کوردەوارین، بەڵام سپاردن‌و کورتکردنەوەی خەباتی سەربەخۆخوازانەی سەد ساڵی پێشوی کورد لەباشور تەنها لەشکستی ئەم دو هێزە‌و چواندنی کوردایەتی بە”قەومەچی”‌و داهێنانی چەندین ناتۆرە‌و جنێوی سیاسی پیس تەنها بەمەبەستی سواڵی دەنگ، پێش هەر کەسێکی دی لێدانە لەدیدی سیاسی نەوشیروان مستەفا خۆی.
ئەوە قسەی پێناوێت کە نەوشیروان مستەفا کارەکتەرێکی گەورەی سیاسی ڕەخنەئامێزە، نەک هەر نەیاران، ژمارەیەکی زۆر ڕەخنەی لەیارانەوە لێگیراوە. ڕەنگە قورسترینیان ئەوە بوبێت کە لەپێناوی کوردستانیبونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا‌و دژ بەبیری عێراقچێتی، بەڕاوەدونان‌و گرتنی هەندێک لەهاوڕێکانی لەشاخ گرتیە بەر.
سەرەڕای خەرمانێک لەنوسین‌و لێکۆڵینەوە، نەوشیروان مستەفاش وەکو سەرکردەکانی دیکەی کورد نەیتوانی تیۆریزەی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی گەلی کوردستان بکات. بەڵام لەچەند بۆنەیەکدا‌و لەمیانەی چەند وتارێکەوە گا عێراقی بە(داگیرکەر)‌و گا سوپاکەی بە(جەیشی ئیحتیلال) ناساندوە. نەوشیروان مستەفا تەنها ئەو دەمە گرەنتی مانەوەی کوردی لەعێراقێکی یەکگرتودا داوە کە عێراق لەسایەی دەوڵەتێکی دیموکراتی‌و دەستوریدا بە(تەوافوق) بەڕێوەببرێت. هەر لەو پێناوەدا لەدەمە دەمی دامەزراندنەوەی عێراق‌و بەمەبەستی پارێزگاریکردن‌و مانەوەی قەوارەی هەرێم، ئەو یەکەمین سەرکردە بو لە‌وتارێکی درێژدا داوای (عوسیانی مەدەنی) لەگەلی کوردستان دژ بەسیاسەتمەدارە عێراقچییە عەرەبەکان‌و دژ بەخواستی ئەمەریکا کرد.
لەڕاستیدا پڕەنسیپی تەوافوق داهێنانێکی کوردییانە نیە، دیموكراسی ته‌وافوقی كه‌ پێشی ده‌وترێت دیموكراسی گرێبه‌ست تایبه‌ت نیه‌ تەنها به‌عێراق. پێشتر‌و تا هه‌نوكه‌ له‌‌وڵاتانی‌ تری‌ جیهان بۆ نمونه‌: هۆڵه‌ندا، به‌لجیكا، سویسرا، لوبنان، كۆڵۆمبیا، قوبرس، مالیزیا، كاری‌ پێده‌كرێت. دیموكراسی‌ ته‌وافوقی‌ هه‌روه‌کو ئاڕند لیپهارد باسی لێ ده‌کات په‌یوه‌سته‌ به‌‌بونی‌ چوار پایه‌ی‌ سه‌ره‌كییه‌وه‌‌، ئه‌وانیش: هاوپه‌یمانێتی‌ پانوپۆڕ، ته‌ناسوب، سه‌ربه‌خۆیی‌ فیدراڵیانه‌‌و ڤیتۆی‌ به‌رابه‌ره‌. له‌بریتی‌ كاركردن به‌پره‌نسیپی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدار‌و كه‌مینه‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌دیموكراسی‌ ته‌وافوقیدا پشت به‌ڕێكه‌وتن‌‌و ره‌زامه‌ندی‌ هه‌موان ده‌به‌سترێت. ئەوەی لەسەر دەستی حکومەتە تائیفییەکەی بەغدا عەیامێکە هەلا هەلا بوە.
ئەوەی حاڵی حازر لەعێراق، سوریا، تورکیا‌و ئێران دەگوزەرێت شکستی دیموکراسی نیە وەکو هەندێک لێی بەدحاڵی بون، لەڕاستیدا ئەوەی شکستی هێناوە خودی دەوڵەت خۆیەتی. ئەڵبەتە ئەو مۆدێلە شکستخواردوەی دەوڵەت کە ئەوەندەی لەخەونی پێکەوەنانی ئیمپراتۆریایەکی ستەمکاردایە، هێندە سەروکاری بەدیموکراسی‌و مافی ئەوانی دییەوە نیە. کێشەی کورد لەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، کێشەی هەبون یان نەبونی دیموکراسی نیە، چونکە لەبنەڕەتدا دیموکراسی پێوەندی بەدەستەبەرکردنی مافی چارەنوسی گەلانەوە نیە. دیموکراسی فۆرمێکە لەفۆرمەکانی خۆبەڕێوەبردن، بەپێی کات‌و شوێن چەندین مۆدێلی جیاوازی هەیە. ئیسرائیل، ئیسپانیا‌و هندستان سێ دەوڵەتی دیموکراسین، بەڵام وەکو سێ دەوڵەتی داگیرکەر هیچ کامیان ئامادە نین مافی گەلانی فەلەستینی، کەتەلۆنی‌و کشمیرییەکان دەستەبەر بکەن.
کورتکردنەوەی وتاری گۆڕان تەنها لەدژایەتیکردنی یەکێتی‌و پارتیدا، گۆڕانی لەناوەڕۆکەکەی داماڵی. هەڵمەتی دەنگکۆکردنەوە دواجار کۆتایی دێت، بەڵام گۆڕان هەر لەئێستاوە خۆی دەخاتە ژێر باری قورسی وتارێکی عەوام فریودەرانە کە بەشێکی زۆری لەسەر بنەمای تاوکردن‌و لاسدان دامەزراوە، وتارێک کە بەناوی درێژەدان بەڕێبازەکەی نەوشیروان مستەفاوە پێش هەر کەسێکی دی، ستەم لەبۆچونە سیاسییەکانی ئەم پیاوە خۆی دەکات.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە