ئه‌ی نه‌مان وت؟
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
PM:12:14---16-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 1571 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرمان نوسی و زۆریشمان هاوار كرد، وڵات نه‌ما ئاگادارتان نه‌كات و كه‌س نه‌ما تكاتان لێ نه‌كات.

وتمان ئامان ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ی ئه‌مڕۆمان‌ به‌ خوێن به‌ده‌ست هاتووه قوربانه‌‌ مه‌یكه‌نه‌‌ قوربانی كورسییه‌ك، وتمان به‌ردی گه‌وره‌ هه‌ڵمه‌گرن پێتان ناهاوێژرێت، وتمان ده‌ست مه‌كه‌ن به‌ ئاگرا، وتمان هاواره‌ مادام‌ رێفڕاندۆمه‌كه‌تان بۆ سه‌ربه‌خۆیی نیه‌ و ته‌نیا بۆ فیزه‌ دنیامان لێ هان مه‌ده‌ن.

وتمان هه‌ڵبژاردن هه‌ر ته‌نیا قسه‌یه‌ و هه‌رگیز ناچنه‌ ژێر باری چونكه‌ مه‌حاڵه‌ بتوانن له‌ ماوه‌ی ٣٦ ڕۆژدا رێفڕاندۆم و هه‌ڵبژادنیش ئه‌نجام بده‌ن.. وتمان كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان مه‌كه‌نه‌ قه‌شمه‌رجاری و رێز له‌ ده‌نگی خه‌ڵكی بگرن. وتمان كه‌ركوك قودسی كوردستانه‌ ئارامی و قودسیه‌تی مه‌شێوێنن، شه‌نگال برینداره‌ و خوێنی لێ ئه‌چۆری له‌ سێداره‌ی مه‌ده‌ن. وتمان له‌ رێی خوا خه‌ڵك برسی و ماندوو و بێزارو نائۆمێدن به‌رگه‌ی ئازارێكی تر ناگرن ‌.

هه‌ر چیێه‌كمان وت له‌ گوێیه‌كتانه‌وه‌ چوه‌ ژورێ و له‌ گوێكه‌ی ترتانه‌وه‌ ڕۆێشته‌ ده‌رێ، خۆتانتان لێ كردینه‌ نیشتیمان په‌روه‌رو و فریاد ره‌س و مه‌هدی مونته‌زه‌ر.

بیرتانه‌ وتتان، ئێستا كه‌ خه‌یارو ته‌ماته‌ی خۆماڵیمان هه‌یه‌ واته ده‌توانین سه‌ربه‌خۆ بین‌ ؟ وتتان بیست و هه‌شت وڵاتمان له‌گه‌ڵدایه‌ و ئه‌م چرای سه‌وزی بۆ هه‌ڵكردووین و ئه‌و گوڵبارانمان ئه‌كات؟ پاشان وتتان چاوه‌ڕوانی به‌دیلێكن و به‌دیلیشتان درابوویێ و له‌ میله‌تیشتان شاردبووه‌وه‌ و وتتان ئه‌مریكا چیه‌؟ ته‌حه‌دای ئه‌مریكا و باوكی ئه‌مریكاش ئه‌كه‌ین، وتتان به‌غدامان سێ به‌ سێ ته‌لاقمان داوه هه‌زارو یه‌ك قسه‌ی بێسه‌روبه‌ری تریشتان كرد‌.

ئی باشه‌ ئه‌ی بۆ ئێستا داوا له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و سماحه‌تی سیستانی و  ئه‌م و ئه‌و ئه‌كه‌ن فریاتان كه‌ون ؟ ئێ ده‌ بڕۆن مووچه‌ی خه‌ڵكی له‌ داهاتی خه‌یارو ته‌ماته‌ بده‌ن و به‌ دارلاستیك شه‌ڕی دنیا بكه‌ن.

وه‌ڵا به‌ ئیمانم عه‌یبه رێگه‌ بده‌ین ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ قه‌یرانه‌وه‌ بۆ قه‌یران و له‌ نه‌هامه‌تیه‌وه‌ بۆ نه‌هامه‌تی بڕدوویانین به‌رده‌وام بن له‌ نوێنه‌رایه‌تی كردنمان و له‌ وه‌ش عه‌یب تر ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ بهێڵین كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان بكرێنه‌ قوربانی ( بای حه‌سه‌ن) و (هاڤانا)…

نه‌فره‌ت له‌ شه‌ڕ.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە