نمایندەی مرۆڤێکی کۆچکردوو
گۆران هەڵەبجەیی
PM:02:06---10-10-2018
ئه‌م بابه‌ته 410 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نمایندە یا نوێنەر لە ژیانی سیاسی و ئیداریدا ئەرکێکی کاتیە ، بە کەسێک دەسپێردرێت بۆ کارێکی تایبەت و کاتێکی دیاریکراو.

بۆنمونە سەرۆکی وڵات،سەرۆک وەزیران ، وەزیرێک کەسێک لە ستافەکەی خوار خۆیەوە ،ڕادەسپێرێت تا لەبری خۆی نوێنەرایەتی بکات ، جا پێدەچێت لە کردنەوەی پرۆژەیەکدا ،لە چالاکیەکی هونەری یا ئەدەبیدا ، یا لە پێشوازی کەسێک یا گرووپێکدا بێت.ئیدی دەشێت ئەو نمایندەیە بەناوی پۆستدارە باڵاکەیەوە کە ئەم نوێنەرایەتی دەکات وتارێک بخوێنێتەوە ،یا لە بڕینی قردێلەی کردنەوەی پرژەکەیەکدا بەشداری بکات.

دەمێک ئەم چالاکینانە کۆتایی دێت، ئیدی ئەو نمایندەیە ڕۆڵی نامێنێت و دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی.

واتە لە دونیای دەوڵەتداری و سیاسەتدا پۆستێکی هەمیشەیی بوونی نیە بەناوی [نوێنەر ]یا نمایندە.

بەڵام لە کوردستانیباشوور ،وەک لە بابەتێکی پێشوومدا بە نێوی [کۆیلەی حیزب] ئاماژەم پێدا ،هەموو شتەکان شێوێنراون ، سیاسیەکان سەرکردەکان حیزبەکان بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان جۆرەها پۆستی سەیرو سەمەرە دادەتاشن.

یەکێک لەو پۆستە نوێیانەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر هاتە نیوەندە حیزبیەکانەوە ، پۆستی نوینەرە. ئەم پۆستە بۆیەکەم جار مام جەلالی کۆچکردوودایهێنا و لەداهینانی خۆیەتی بە ئیمتیاز.

لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی زۆنی سەوز سەرجەم ئیدارەکان تەواو سەربە یەکێتی بوون ، لەگەڵیدا مەڵبەندو کۆمیتەکانی یەکێتیش .ئەمانە وەک دەزگای ئیداری و حیزبی کارەکانی خۆیان ڕادەپەڕان ،کەچی مام جەلال لە زۆربەی ئەم شوێنانە نوینەری خۆی قووتکردبوویەوە.

پێدەچیت داتاشینی ئەم نوینەرانە بەهۆی بێ متمانەیییەوە بووبێت یا بەهۆی خواستی دەستتیوەردانی مام بیت لەکاروباری ئەو شوینانە لە ڕێگەی نوینەرەکانیەوە.

مەبەست و مەرام هەرچی بووبێت . کاریکی نا یاسایی و نا رێکخراوەیی دوور لە عورفی حیزبایەتی بووە.

لە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال ،کە چیتر نەیدەتوانی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی حیزبەکەی بەڕێوەببات ، بۆ یەکەم جار بەشێوەیەکی ئاشکرائەم کارە پراکتیزە کرا .

لە یەکیک لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی یەکێتیدا، کە میدیاکان پەخشیان کرد ،کوڕە گەورەکەی مام جەلال [باڤل] بینرا ، کە وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی بەشداربوو .

ئەم بەشداریە مشوومڕو جۆرەها پرسیاری بەدووی خۆیدا هێنا، بەوەی کە ئەو ئەندامی سەرکردایەتی نیە [ بە بۆچوونی من ئەندامی یەکێتیش نیە] ىۆ بەشداری ئەو جۆرە کۆبوونەوانە دەکات؟ئەوەبووگەر بیرم مابێت وتەبیژی یەکێتی سەعدی پیرە ،گووتی باڤل

[ نوینەرایەتی مام جەلال دەکات لە کۆبوونەوەکاندا.]

دەرکەوت لەلایەن هەندیک لە ئەندامانی سەرکردایەتیەوە ناڕەزایی هەبووە بەرامبەر بەو بەشداریە، بەلام دیارە دەسەڵاتی ڕێگریان نەبووە.

ئەم نمایشە کۆمیدی و گاڵتەجاڕیە بەردەوام بوو تا دوای کۆچی دوایی مام جەلال.

پاشان باڤل هەر بە هەمان ناوەوە ،واتە نوینەری مام جەلال لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی یەکیتیدا بەشداری دەکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

ئاخر کەسیک نەبوو بپرسێت ،[باشە لە دنیادا ڕووی داوە کەسێکی مردوو نمایندەی هەبێت؟]

ئەوە قوبوڵمان کرد کە تا مام جەلال لە ژیاندا بوو کوڕەکەی نوینەری بوو [کە ئەوەش هەر نالۆژیک و نا درووستە] . بەڵام چۆن دەکرێت پاش مردنیشی هەر کوڕەکەی نوینەری بێت ؟

دیارە باڤل بە تۆپزی بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات ، پیدەچیت سەرکردایەتی ئەو حیزبەش کەسێکیان تیدا نەبێت ڕێگری لەو یاسا شکێن و بێحورمەتیە بکات لە کاری حیزبایەتیدا.

ئەوەتا ئیستا بێ ئەوەی حساب بۆ یەک کەسی سەرکردایەتی بکات بە کۆسرەتیشەوە ، بەناوی یەکێتیەوە دانووستان دەکات ،بڕیار دەدات ، نیوەی خاکی کوردستان تەسلیمی ئاغای قاسم سولەیمانی دەکات، لەبەغدا بەناوی سەرکردایەتی یەکێتیەوە لەگەڵ عەبدای و مالکی و کیێ و کێ دادەنیشێت، دەستدەخاتە نیو کاروباری یەکێتیەوە ،چی بوێت وەک لادان و دانان و گەڕانەوەی کەسانی دیکە بۆ نێو یەکێتی دەیکات [دیارە بە ڕەزامەندی دایکی و ئامۆزاکانی]

هەرچی بوێت دەیکات و بچوکترین حسابیش بۆ هیچ ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ناکات. واتە بێ ئەوەی هیچ پۆستێکی هەبێت هەموو شتێکە. بەڵێ نمایندەکەیمامی کۆچکردوو لە نێو یەکێتیدا هەموو شتێکە.






نمایندەی مرۆڤێکی کۆچکردوو
بۆ ئاشتی عەبدوڵا نرخی وتارەکەت چەند درهەمە؟*
فشارەکانی عەبادی بۆ سەر دەسەڵاتی هەرێم بە کوێ دەگەن؟
مرتەزەقەکانی نێو میدیا حیزبیەکان
کێ ئەم هاوسۆزیە بەگەر دەخات؟
ئەم کتێبەش لە کوردستان چاپکراوە
لە نیوان قاوغی فڕۆکەیەک و بریندارانی چەکی کیمیاویدا
شتێکتان هەیە جێگەی شانازی بێت؟
ڕاکردن بۆ دواوە
لەمنی وەربگرن ، بارزانی دەمێنێتەوە
لە [8] ئازاردا،چەند پەیڤێک و ڕەخنەیەک لە خۆتان
یەکێک لە دووپشکەکانی دانمارک دای بە بەخێوکارەکەیەوە
کردە تەرۆریستیەکەی پاریس لە تەرازوودا
بۆ یەکیەتی زانایان ؛ مەلا داعشیەکانی کوردستان دەمکووت بکەن
لە بەرەکانی جەنگدا پێشمەرگە درووشمەکانی [داعش] دەڵێتەوە
12

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە