ئەستێرەكانی هەواڵگری و سەربازی لەسلێمانی پلان دادەڕێژن

27.07.2019

لڤین: 

ئەو پیاوەی نەخشەی تێكشكانی داعشی لەعێراق داڕشت ماوەی دوو ڕۆژ لە سلێمانی مایەوە و لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لەكۆبونەوەی فراوانیان ئەنجامدا، بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقیەكانیش شەغاتی لەئاستی كوردستان تەنها سەردانی لاهور شێخ جەنگی كردووە و پێكەوە وەكو دوو ئەستێرەی هەواڵگری و سەربازی "سەرقاڵی پلانن بۆ تێكدانی خانەی ئەو داعشە پەڕاگەندانەی ئێستا سەرقاڵی خۆبنیات نانەوەن لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆن و زانیاری هاوبەش بەتایبەت لەناوچە دابڕێنراوەكان".

تاڵب شەغاتی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عێراقی ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە سەردانی لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری كرد.
بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقیەكان، سەردانەكە گرنگی تایبەتی سەبازی و هەواڵگری بۆ عێراق و كوردستان هەبووە، بەتایبەت بۆ قۆناغی دوای داعش، ئامانجی یەكەمی ئەوەبووە كە هاوكاری تەواوەتی هەبێت لەنێوان هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە ئاژانسی زانیاری/ زانیاری كە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی یەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

لاهور شێخ جەنگى و شەغاتى_ مەزارى مام جەلال 

میدیا عێراقیەكان باس لەوە دەكەن سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عێراق كە بەئەستێرەیەكی هەواڵگری و یەكێك لە پیاوە سەربازییە گرنگەكانی عێراق هەژمار دەكرێت، لەنزیكەوە سەردانی كەمپی هێزەكانی دژە تیرۆری كردووە و بەشداربووە لە بینینی مەشقێكی تایبەتی ئەو هێزانە لەكەمپی تایبەتی دژە تیرۆر ئەنجامدراوە، شەغاتی سەرسامی خۆی لەبارەی توانای هێزەكانی دژە تیرۆر نەشاردووەتەوە، باوەڕی وابووە "ڕێكخراوترین هێزی سەربازین، هاوشانی دژە تیرۆری عێراق".

لەبارەی ئامانجی سەردانەكەوە لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زنیاری/ زانیاری ئەوەی باسكردووە، ئامانجی سەردانەكە هەماهەنگی زیاتربووە لەنێوان هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق وهێزەكانی دژەتیرۆری سەربە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی زیاتری تیرۆریستان وهەر مەترسییەك بۆسەرخاكی عێراق وهەرێمی كوردستان.

شەغاتی بۆچی سەردانی لاهور شێخ جەنگی كرد؟
تاڵب شەغاتی لەئاستی كوردستان تەنها سەردانی لاهور شێخ جەنگی كردووە، هۆكاری سەرەكی پشت سەردانەكەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەو پێشینە بەهێزە دەگەڕێیتەوە كە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و هێزەكانی دژە تیرۆر هەیانبووە لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەتایبەت دژایەتی تیرۆر، چونكە شەغاتی لە ئەزمونی ١٣ ساڵی كاركردنی پێشووی ئەوەی بۆ دەركەوتووە ئەو زانیارییانەی كە لە ئاژانسی زانیاری بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی دەرچوون سەرجەمیان ڕاست بوون و ئەمە جگە لەهێزی دژە تیرۆر كە كاریگەری گەورەی هەبووە لە قەڵاچۆكردنی تیرۆر و شكستپێكهانی پلانەكانیان، لەكوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان تەنانەت عێراقیش.

بۆیە شەغاتی خواستی كاركردنی زۆری هەیە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لەئاستی كوردستان تاكە سەركردەی هەواڵگری و سەربازییە شەغاتی سەردانی خۆیی و هێزەكەی كردووە و سەرسامی خۆی نەشاردووەتەوە و دەیەوێت ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ فراوانتر بكات.

شەغاتی چی لە دژە تیرۆر دەوێت؟

عێراقی دوای داعش لەموسڵ بە قۆناغی ڕاگوزەردا دەڕوات، داعش پلانی لە ڕووبەڕوبونەوەی مەیدانیەوە گۆڕیوە بۆ هێرشی لەناكاو، ئەمەش بۆ عێراق قۆناغێكی نوێیە و مەترسیدارترە لە قۆناغی پێشوو بۆیە شەغاتی بەبێ هاوكاری هێزەكانی دژەتیرۆر سەربە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری ئۆپراسیۆنەكانی سەركەوتنی تەواوەتی بەدەستناهێنن بەتایبەت لەناوچە جێناكۆكەكان، چونكە زانیاری هەواڵگری هێزەكانی دژە تیرۆر و ئاژانسی زانیاری لەناوچە جێناكۆكەكان لە زانیاری عێراق زۆر زیاترە، بۆیە گرنگە بەلای شەغاتیەوە ئۆپراسیۆنەكان لەگەڵ هاوبەشەكەی لەكوردستان (دژەتیرۆر) لە زانیاری و تەنانەت لە مەیدانیشدا ئەنجام بدات.

شەغاتی كێیە؟

فەریق ڕووكنی یەكەم تاڵب شەغاتی، كۆلێژی سەربازی لە ساڵی ١٩٧٠ تەواوكردووە، ساڵی ١٩٧١ خولی تایبەتی هەڵدانی موشەكی  لەمۆسكۆ خوێندووە لەماوەی كاركردنی لە پێگە سەربازییەكان ١٠ پلەی گرنگی بڕیوە لەوانەش زۆرینەیان لەهێزی ئاسمانی بوون كە كۆتا پلە لەو هێزە برتیبووە لە (ڕاگری كۆلیژی بەرگری ئاسمانی).

لاهور شێخ جەنگى و تاڵب شەغاتى_ سلێمانى

شەغاتی كە بەكەنزی هەواڵگری و سەربازی ناودەبرێت، لەدوای ٢٠٠٣ وە بە كەسێكی كاریگەری سەربازی دەناسرێت لەئاستی عێراق بۆیە ساڵی ٢٠٠٥ دەكرێت بەڕاوێژكاری سەربازی، پاشان ساڵی ٢٠٠٧ ڕادەسپێرێت بە پێكهێنانی هێزی قەڵاچۆكردنی تیرۆر لەعێراق تائێستاش سەرۆكایەتی ئەو هێزەكان دەكات، هاوكات ساڵی ٢٠١٤ وەكو سەرۆكی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەستنیشان دەكرێت بە كاریگەرترین كەس دادەنرێت لە قەڵاچۆكردنی تیرۆر، هەر ئەویش نەخشەی پاككردنەوەی داعش لەعێراق دادەڕێژێت و سەركەوتوانە جێبەجێی دەكات.

شەغاتی لەئاستی هەواڵگری و سەربازی لای ئەمریكی و ئەوروپیەكان بەكەسێكی سەركەوتوو ناسراوە پەیوەندییەكی پتەوی هەواڵگری و سەربازی هەیە لەگەڵیان.

شەغاتی بۆچی گرنگە بۆ كوردستان؟ 

هاتنی شەغاتی و كۆبونەوەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، وەكو دوو ئەستێرەی هەواڵگری و سەربازی لەعێراق و كوردستان بۆ قۆناغی دوای داعش كە ئێستا سەرقاڵی بنیاتنانەوەیە گرنگی زۆری هەیە، كە یەكەمیان لەبواری زانیارییە بۆ كوردستان و عێراق و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەیە، دووەمیان سود بنینە لەو تەكنیكە سەربازی و هەواڵگرییانەی كە هەردولا هەیانە، ئەمەش وادەكات ڕێگربێت لەو مەترسییە سەربازییانەی كە ئێستا لەسنوری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ڕووبەڕوی كورد و پێكهاتەكانی دیكە بەگشتی دەبێتەوە.

13369 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations