هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە نەوت ڕادەستی بەغداد بکات

24.08.2019

لڤین:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رایگەیاند، لە ڕوی سیاسییەوە  هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە نەوت ڕادەستی بەغداد بکات، بەڵام لە روی هونەرییەوە کاری ماوە.

ئەمڕۆ ( شەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠١٩ )،سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو ئامادەكارییەی كراوە بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا وەك پێویست نەبوە، لە روی سیاسییەوە بڕیارەكە دراوە، بەڵام لە روی هونەرییەوە کاری ماوە".

سەبارەت بە ماف و شایستە دارایەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئاماژەی بەوەکرد" ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی هەن کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کاتێک بڕیاری رادەستکردنی نەوتی هەرێم دەدرێت، پێویستە ماف و شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە لەبەرچاو بگیرێت".

هەروەها ئاشکرای کرد" ژمارەیەک لیژنە بۆ دۆسیەکانی نێوان هەردولا پێکهێنراون و لە دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا پەیوەندییەکانی زۆرباش بون، دواتر شاندی بەغدا هاتونەتە هەولێر و لیژنەی تایبەت لەسەر دۆسیەكانی نەوت و ئەمنی و بودجە پێکهێنراون".

سەبارەت بە بودجەی ساڵی ( ٢٠٢٠ )ی عێراق، بەرپرسەکە وتی" لە بودجەی ساڵی ( ٢٠١٩ ) بڕیار لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دراوە و تا کۆتایی ئەمساڵ ناردنی موچە بەردەوام دەبێت، بۆ ساڵی داهاتوش قسە لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە جارێكی دیكە پێدانی موچە و بودجە بە هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت".

جێگەی ئاماژە پێدانە، بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ( ٢٠١٩ ) پێویستە حکومەتی هەرێم رۆژانە ( ٢٥٠ ) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە خەزێنەی فیدراڵی، لەبەرامبەردا بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی، بەڵام تا ئێستە هەرێم پابەندی ئەو بڕیارە نەبووە و نەوتی ڕادەستی بەغداد نەکردووە".

لەسەرەتای ئەمساڵەوە مانگانە حکومەتی عێراق بڕی ( ٤٥٣ ملیار )دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، کۆتایی هەفتەی رابردو بەغدا بەشە موچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی نارد، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی ( ٥ ی ٢٠١٩ ) وەردەگرن.

1472 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations