گۆگڵ لە داوی 22 ساڵ تەرمی كەسێك دەدۆزێتەوە

13.09.2019

لڤین: 
گەنجێك لە ویلایەتی فلۆریدا دوای 22 ساڵ لە وبونی تەرمەكەی لە رێگەی پرۆگرامی (گۆگڵ ئێرس) دەدۆزرێتەوە و پۆلیس ناسنامەكەی ئاشكرا دەكات. 

رۆژنامەی گاردیانی بریتانی چیرۆكی دۆزینەوەی تەرمی كەسێكی لەدای 22 ساڵ ئاشكرا كرد كە لە رێگەی پرۆگرامی (گۆگڵ ئێرس) دۆزراوەتەوە. 

گاردیان دەگێڕێتەوە كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1997 كەسێك بەناوی ولیام مۆڵت، تەمەن 40 ساڵ لە یانەیەكی شەوانە هاتە دەرەوە، هیچ شوێنەوارێكیشی نەما تا ئەم ساڵ بێ سەر شوێن بوو. 

لەدوای 22 ساڵ كەسێك بەڕێكەوت وێنەی گەڕەكەكەی پێشووی لە فلۆریدا لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە زووم دەكرد و دەیهێنایە پێشەوە، پاش تەماشاكردنێكی ورد ئۆتۆمبێلێكی نقوومبووی لەنێو دەریاچەیەك بەدیی كرد.

خاتوو تێری باربێرا، وتەبێژی نووسینگەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرێمی بالم بیچ لە فلۆریدا وتی، خاوەنی پێشووی ماڵەكە تەلەفۆنی بۆ خاوەنەكەی ئێستای كردووە، ئاگاداری كردووەتەوە لەوەی شتێكی وا هەیە پاشان هەردووكیان بۆ دڵنیابوونەوە لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە پشكنینی شوێنەكەیان كردووە، بۆیان دەركەوت ئۆتۆمبێلێكی رەنگی سپی لە پشتەوەی ماڵەكەوە لەنێو ئاوەكە نقوومبووە.

پۆلیس ئەوەشی بۆ رۆژنامەكە ئاشكرا كردووە خاوەنی ماڵەكەی ئێستا تەلەفۆنی كردووە بۆ نوسینگەی پۆلیس و پاشان كارمەندانی پۆلیس گەیشتنە ناوچەكە ئۆتۆمبێلەكەیان دەرهێنا وپاشماوەی ئێسكەپەیكەرێكیان لەناو ئۆتۆمبێلەكە دەرهێنا، لەڕێگەی سیستەمی نیشتمانیی بۆ كەسە ونبوو و بێسەروشوێنەكان بۆیان دەركەوت ئەم ئێسكەپەیكەرە هی مۆڵتە كە 22 ساڵ پێشتر بێسەرو شوێن بووە.

617 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations