١٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەرزییە فەریقی-دا تێدەپەڕێت

18.09.2019

لڤین:
ئەمڕۆ ١٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوای مەرزییە فەریقی هونەرمەندی بەناوبانگی کوردا تێدەپەڕێت.

مەرزییەی فەریقی ساڵی ١٩٥٨ زایینی لە شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، بەڵام دایک و باوک و کەس و کاری خەڵکی شاری سنەن. خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێکردووە، ھەر لەتەمەنی ٩ ساڵیەوە  خولیای گۆرانی و شانۆی هەبووە، چەندین جار لە بۆنە و جەژنەکاندا، بەشداری کردوە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.

مەرزیە ‌لە ‌سەرەتا دا بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی (گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کوردستانی رۆژھەڵات) دەستیپێکردوە، بەڵام لەبەر زوڵم و زۆرێک کە حکوومەتی حاکم لە ‌کورد و زمان و ئەدەب و ھونەری کوردی دەکرد، وازی لە گۆرانی فارسی ھێناوەو دەستی بە وتنی گۆرانی کوردی کردوە.

ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی هاوسەرگیری کردوە و دوو منداڵیان هەیە، ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا لە ناو کۆڕی بانگەواز دا کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی نیشتمانیی و شۆڕشگێڕییان بڵاو کردۆتەوە کە ‌بوونە ‌تەوێردی سەر زاری پێشمەرگەو خەڵک و رادێوکانی شۆڕشی کوردستان و خاوەنی چەندین گۆرانیە.

لە  رۆژی ١٨-٩- ٢٠٠٥ دا لە کاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا، تەرمەکەی لە شاری سلێمانی لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاکسپێردراوە.

220 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations