حکومەت چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

18.09.2019

لڤین:

 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندوە، ئاسانكاری یاسایی پێویست بۆ دانەوەی قەرزە كشتوكاڵییەكان دەكرێت بە شێوەیەك بارگرانی نەخاتە سەر گوزەرانی جووتیاران.

ئەمڕۆ ( چوارشەممە،  ١٨ / ٩ / ٢٠١٩ ) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لە پاش کۆبوونەوەکە سایتی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە بێت حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکردوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/18 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە .
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رێكخستنەوە و هەماهەنگیكردن لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا. 
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنرێت بۆ یەكەوەبەستنەوەی دەروازە گومرگییەكان بەئامانجی رێكخستنەوە و باشتركردنیان .
بڕگەی دووەمی كۆبووەنەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی قەرزە كشتوكاڵییەكان كە 8868 جووتیار سوودمەند بوون لێی بە بڕی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینار. 
ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی راسپارد بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەكی یاسایی بۆ چۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەكان بە شێوەیەك لەگەڵ باروگوزەرانی جووتیاران بگونجێت.
لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا رەشنووسی دووەمی پلانی تەشریعی خرایە روو لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی یاسایی پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە پێویستە لەم وەزرە یاساییەدا بنێردرێنە پەرلەمانی كوردستان. 
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لە بارەی پێداچوونەوە بە میكانیزمەكانی (پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری - قانون حمایە الملكیە الفكریە) كرد بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە جیهانییەكان وپاراستنی خاوەن مافە هزرییەكان لە بوارەكانی هونەری ، بازرگانی ، پیشەسازی و كشتوكاڵی . بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكان راسپێردران كە كاری پێویست ئەنجام بدەن.

1706 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations