وردەكاری دوور خستنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن ئامۆزاكەیەوە

21.09.2019

لڤین: بەرهەم لەتیف

زەمەنی نێچیرڤان بارزانی لایەنگرانی بە دەوڵەتمەدار ناویان دەبرد، خەریكە لەلایەن بارزانی ئامۆزایەوە ڕیشەكێش دەكرێت، مەسرور بارزانی لە ڕێگای پلانێكەوە، كار لەسەر ئاواكردنی خۆری ئامۆزاكەی دەكات.

مەسرور بارزانی پلانێكی بۆ لاوازكردنی هەژموونی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەت و ناوخۆی پارتیشدا داڕشتووە و دەیەوێت جڵەوی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە و ناوخۆ) لە بارزانی ئامۆزای وەربگرێتەوە، یەكێك لە وێستگەكانی جێبەجێكردنی پلانەكەش لە كۆنگرەی داهاتووی پارتییەوە دەبێت، پلانەكە كە دژ بە هەژموونی نێچیرڤان بارزانی دایڕشتووە، هەر بۆ ناوخۆی پارتی نییە، بەڵكو دەیەوێت لە حكومەتیش ڕیشەكێشی بكات.

دوای ١٧ ساڵ حكومڕانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ مەسرور بارزانیی كۆتایی بە سەردەمی حكومڕانیی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی هێنا و چووە سەر كورسییەكەی، ئەو هەنگاوە بە سەرەتای ڕیشەكێشكردنی هەژموونی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت و تەنانەت لەناوخۆی پارتیش ناوبرد.

وردەكاریی پلانەكەی مەسرور بارزانی 

پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق ساڵی ٢٠١٠ كۆنگرەی ١٣یەمی خۆی بەست، ئێستا ئەویش لە بەردەم بەستنی كۆنگرەی ١٤یەمدایە، لە كۆنگرەی ١٣ی پارتیدا لەسەر تەزكیەی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی بەبێ دەنگدان كرایە جێگری سەرۆكی پارتی، بەڵام جێگرێكی بێ پەڕ و باڵ، چونكە هەر لەو كۆنگرەیەدا زۆرینەی دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی پارتی دوورخرانەوە، لەوانەش: ڕەشید تاهیر، نووری عوسمان، سەرباز هەورامی و چەندین كەسایەتیی دیكە. 

مەسرور بارزانی دەیەوێت ٤٠٠ كەس بەپشتگیری تایبەتی خۆی بباتە كۆنگرە

بەگوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەك، مەسرور بارزانی بە پلانێك دەیەوێت لە كۆنگرەی ١٤ی حزبەكەیدا هێندەی تر دەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە ناو پارتیدا كورت بكاتەوە.

بەگوێرەی وردەكاریی پلانەكە، مەسرور بارزانی دەیەوێت ٤٠٠ كەس بەپشتگیری تایبەتی خۆی بباتە كۆنگرە، كە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

٥٠ كەس لە بارەگای بارزانی
٥٠ كەس لە ئەنجومەنی ئاسایش
٥٠ كەس لە دژەتیرۆر
٥٠ كەس لە ئاسایشی ھەرێم
٥٠ كەس لە یەكەی تایبەت 
٧٥ كەس لە حكومەتی ھەرێم
٢٥ كەس لە ڕێكخستنەكانی دەرەوە
٥٠ كەس لە كەسوكاری شەھیدان

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكەیەكی تایبەتی پاراستنی پارتی كە سەر بە مەسرور بارزانییە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پلانەكە دەكات، ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی پارتی كە نزیكن لە نێچیرڤان بارزانییەوە لەڕێگای كۆنگرەوە لەكار دووردەخرێنەوە و ژمارەیەك كەسی دیكە لە شوێنیان هەڵدەبژێردرێت، كە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

ئەوانەی لەم كۆنگرەیە بڕیاردراوە دەرنەچن ئەوانەن: عارف تەیفور، كەریم سنجاری، ئازاد بەرواری، مەسعود ساڵەیی، ڕەمزی شەعبان.

ئەوانەی بەھاوكاری مەسرور بارزانی دەردەچوێنرێنەوە: فازڵ میرانی، مەحمود محمد، ڕێبوار یەڵدا.

ئەوانەشی كە دەردەچن و دەمێننەوە بریتین لە: چنار سەعد عەبدوڵا، ڕێبەر ئەحمەد، عەلی تەتەر، عەلی عەونی، ھێمن ھەورامی، ھیوا گەیلانی، بەسام عەلی، ئالان حەمەسەعید، سەربەست لەزگین و ھەڤاڵ كرمانج.

ئەوانەی لەم كۆنگرەیە بڕیاردراوە دەرنەچن ئەوانەن: عارف تەیفور، كەریم سنجاری، ئازاد بەرواری، مەسعود ساڵەیی، ڕەمزی شەعبان.


مەسرور بارزانی دەیەوێت بەم پلانە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە قاڵب بدات، چونكە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئێستای پارتی ھیچ جیاوازییەك ناكەن لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.

لەقاڵبدانی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەت:

نێچیرڤان بارزانی ماوەی ١٧ ساڵ سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كرد، لەماوەی حكومڕانیدا یارەكانی بە "دەوڵەتمەدار" و نەیارەكانیشی بە "ئەندازیاری شكست" ناویان دەبرد، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ سەرەنجامی ناكۆكیی گەورەی ناو پارتی، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم سوێندی خوارد و مەسرور بارزانی جڵەوی حكومڕانیی حكومەتی هەرێمی گرتە دەست. لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی دەستبەكاربوونییەوە، دژایەتییكردنی نێچیرڤان بارزانیی بە هەنگاوەكانی مەسرور بارزانییەوە بەدیكرا، تیمی نێچیرڤان بارزانیی لە حكومەت دوورخستەوە و كۆمەڵێك دەموچاوی نوێ لەگەڵ خۆی هێنایە حكومەتەوە.

ئەوانەی كە سەربە نێچیرڤان بارزانی بوون‌ و لەم كابینە نوێیەدا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دوورخراونەتەوە بریتین لە:

ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دوورخرایەوە و لە ئێستادا مەسرور بارزانی خۆی بە وەكالەت ئەو وەزارەتە بەڕێوەدەبات، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە دراوەتە ئاشتی هەورامی.
كەریم سنجاری: وەزیری ناوخۆ

فەلاح مستەفا: لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم

نێچیرڤان ئەحمەد: سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران

نوری عوسمان: سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌ و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران

ڕۆژی ١٢ی ئەیلولیش بە بڕیاری مەسرور بارزانی، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە پۆستەكەی دوورخرایەوەوە، كە نزیكە لە نێچیرڤان بارزانییەوە، دوای فشار و نیگەرانیی نێچیرڤان بارزانی، پارتی فرسەت سۆفی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرد، كە بەهەمان شێوەی نەوزاد هادی نزیكە لە نێچیرڤان بارزانییەوە. 

بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە نێچیرڤان بارزانی چەند سەردانێكی دیبلۆماسی بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێبكات كە چەند وڵاتێكی ئاسایی و ئەوروپی لە ناویاندایە, 


دوای سێ مانگیش لە دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تاوەكو ئێستا باڵەخانەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە هەولێر و هاوینەهەواری پیرمام ڕادەستی نێچیرڤان بارزانی نەكراوە هەتا ئێستاش نێچیرڤان بارزانی لە ماڵەكەی خۆی لە هەولێر پێشوازیی لە میوانەكانی دەكات.

نیگەرانیی نێچیرڤان بارزانی

نێچیرڤان بارزانی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر حوكمی مەسرور بارزانییەوە، نیگەرانیی خۆی لە هەنگاوەكانی گەیاندووەتە لای بارزانی مامی، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بۆ كۆكردنەوەی پشتگیریی بۆ خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستپێكردووە.

لەماوەی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری خانەوادەكەی ماوەی چەند ھەفتەیەك گەشتێكی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدا، بەڵام گەشتەكە ئاسایی نەبوو، بەوپێیەی كە بە نهێنی ئەنجامدرابوو و لە وادەی خۆی درەنگتریش گەڕایەوە بۆ كوردستان. گەشتەكەی نێچیرڤان بارزانی لە توركیاوە دەستیپێكردووە و چەند وڵاتێكی ئەوروپیی و ئەمریكایی گەڕاوە، لەماوەی گەشتەكەشیدا هەموو جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەستاندبوو.

بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە نێچیرڤان بارزانی چەند سەردانێكی دیبلۆماسی بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێبكات كە چەند وڵاتێكی ئاسایی و ئەوروپی لە ناویاندایە, 

نێچیرڤان بارزانی دڵی بە پۆستە نوێیەكەی خۆش نییە و لەوە تێدەگات، كە لەم قۆناغەدا شتێك بوونی نییە وەك دامەزراوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم و ئێستا زۆربەی دەسەڵاتەكان لای مام و ئامۆزاكەیەتی، ئەوەش ھەوڵێكە بۆ لە قاڵبدان و سنوورداركردنی و ھیچی تر.

12420 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations