ریفراندۆم دوای 2ساڵ ئێستا كاریگەری بەسەر هەرێمەوە ماوە

25.09.2019

لڤین: 
ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017، لە دوای دوو ساڵ تا ئێستاش هەرێمی كوردستان قوربانی ئەو بڕیارە دەداتەوە لە كاتێكدا  ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە شانازیەوە باس لە بڕیارەكە دەكەن، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی هیچ هەنگاوێكیان نەناوە وەك بڕیارێكی مێژووی باسی لێوە دەكرێت. 

لەوكاتەدا كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانی بەسەرچوونی ماوە سەرۆكی هەرێم و داخستنی پەرلەمانی كوردستان بوو بەشێكیش لە حكومەتی هەرێم لە كارەكانیان دوور خرابوونەوە و ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی كوردستان لە رەوشێكی خرابدا بێت كە پێش ئەو بڕیارەش هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی قوڵی ئابوری تێپەڕ كردبوو.
بڕیاری ئابوری سەربەخۆ كە پێشتر لەلایەن سەرۆكی هەرێمی ئێٍستاوە كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بوو بڕیاری لەسەر درا بووە هەوێنی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە و قەیرانێكی قوڵی ئابوری رووی لە هەرێمی كوردستان كرد. 

بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە قوڵانەی لە رووی سەربازی و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە رووبەڕوی هەرێمی كوردستان بوبویەوە مەسعود بارزانی بڕیاری ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیدا.

قەیرانی ئابوری 
هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیاری ئابوری سەربەخۆ بە سەركردایەتی نێچیرڤان بارزانی، لەلایەن ئاشتی هەورامیەوە بە داتای هەڵە باوەڕ بەهەریەكە لە بزوتنەوەی گۆران و بەشێك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی هێنرا كە پشتیوانی بكرێت، بەڵام دوای ئەوەی حكومەتی ناوەندی موچەی لە مانگی شوباتی 2014وە بڕی هەرێمی كوردستان توانای نەبوو بۆخۆی نەك قەرزی كۆمپانیاكان بداتەوە بەڵكو توانای نەما موچەی فەرمانبەرانیش دابین بكات. 

هەرێمی كوردستان قەرزێكی زۆری كۆمپانیاكانی نەوتی لەلا بوو، هاوكات سندوقی خانەنشینی و سندوقی شێرپەنجە و بانكەكان و بەتاڵكرانەوە و بەكار هێندران لە خەرجیەكانی حكومەت و پێدانی موچەی فەرمانبەران. 

هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا بوو بە ژێر قەرزی فەرمانبەران و بەڵێندەران و جوتیاران و سەرمایەدارەكانەوە، ئەوەش قەیرانە داراییەكەی قوڵ كردەوە و هەرێمی كوردستان لە هەوڵدا بوو قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی وەربگرێت بەڵام نەیتوانی ئەو قەرزە وەربگرێت و بۆیە بەناچاری موچەی فەرمانبەران كەمكرایەوە و ناوی لێنرا پاشەكەوت. 

قەیرانی سیاسی 
هەرێم لەو كاتەدا لەقەیرانێكی سیاسی قوڵدابوو بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم كە بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵ نەدەكرد بارزانی لە پۆستەكەیدا بەردەوام بێت و هیچ دەرچەیەكی یاسایی نەبوو بۆ تێپەڕكردنی ئەو بابەتە. 

بۆیە پارتی بە فەرمانێكی حزبی رێگری لەئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كرد كە بڕیاربوو بۆ چارەسەرێكی یاسایی بۆ ئەو دۆخە بدۆزێتەوە وایكردبوو كە هێزە سیاسییەكان لەیەكتر دووربن. 

لە ناو هەرێمی كوردستاندا هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرەیەكی جیاواز بوون هەرچەندە بە شێوەیەكی فەرمی لە ناو حكومەتیشدا بوون، لەلایەیكیترەوە بەشێك لە یەكێتی رای جیاوازیان لە پارتی هەبوو لە هەوڵی رێكەوتن بوون لەبارەی بودجەی هەرێمەوە لەگەڵ بەغداد. 

هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكانی لە ئاستێكی تەواو خراپدا بوو لەگەڵ حكومەتی ناوەندی سەرجەم ئەو پارەیەی دەبوو بدرایەتە هەرێم راگیرا بوو، ئەوەش لە چەندین شوێندا هەڕەشەی ئەوەی لێ دەكەوتەوە كە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش حەشدی شەعبی رووبەڕوی كورد ئەبێتەوە. 

قەیرانی ئاسایش

هەرێمی كوردستان لە قەیرانی ئەمنیدا بوو، شەڕێكی فراوانی هەبوو لەگەڵ داعش و پێویست بوو سنورەكانی خۆی بەشێوەیەكی توندوتۆڵ بپارێزێت كە ئەوەش هەرێمی كوردستانی ناچار بە خەرجیەكی زۆر دەكرد، جگە لەوەی هەرێم رەوشێكی بۆ خۆی دروست كردبوو كە بونی هێزە عێراقیەكانی لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە مەترسی دەزانی و پێی وابوو رۆژێك ئەوانە هێرش دەكەنە سەری. 

لەلایەكیترەوە توركیا هێزێكی سەربازی زۆری لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر كردبوو ئەوەش ببووە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم بە تایبەتی ئەو ناوچانەی لە ژێر هەژمونی توركیا نەبوو كە بە ناوچەی سەوز ناسراون، كە لەو كاتەدا یەكێتی و هێزەكانی دژەتیرۆر هاوكاری شەرڤانانیان دەكرد لە رۆژئاوای كوردستان. 

بڕیاری ریفراندۆم

بەشێوەیەكی لە ناكاو پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەو هێزانەی ئەو كات ناویان بەهاوئاوازی پارتی رۆیشتبوو. كۆبوونەوەیەكیان لەبارەگای مەسعود بارزانی كرد و دواتر ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەو كۆبونەوەیە پێكهات. هەر لەو كۆبونەوەیەدا 25ی ئەیلولی 2017 وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری كرا.

بارزانی وەك سەركردەی ریفراندۆمچیەكان خۆی وێناكرد هەرچەندە شەرعیەتی یاسایی و سیاسیشی نەمابوو، بەپێی هەموو یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم دەبوو دەستبەرداری پۆستەكەی بێت بۆ كەسێكی دیكە. 

بەر ئەنجامدانی ریفراندۆم تەواوی هێزە ئیقلمییەكان و وڵاتانی ئەوروپی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوایان كرد ئەو ریفراندۆمە نەكرێت، بەڵام بارزانی سوور بوو لەسەر ئەوەی كە ریفراندۆم بكرێت. دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم.

كاریگەری ریفراندۆم

دوای دوو ساڵ ئێٍستاش لێكەوتەكانی ریفراندۆم بە سەر رەوشی هەرێمی كوردستانەوە ماوە، هەرچەندە بارزانی بە شێوازێكی بەپەلە لە سەرۆكایەتی هەرێم هاتە خوارەوە، بەو بڕیارە هەرچەندە 51%ی خاكی هەرێم لەدەستدرا و بەڵام زیانەكان لەوێدا كۆتایی نەهات هەرێمی كوردستان بچوككرایەوە و شكۆی سیاسی و دیبلۆماسی شكێندرا. 

هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی بچوك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لە رووی ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسیەوە تا ئێستاش نەیتوانیوە بێتەوە سەرپێی خۆی، بە رادەیەك بەهۆی ئەو ریفراندۆمەی بارزانیەوە هێزە سیاسیەكان زیاتر لێك دوور كەوتنەوە كێشەكانی ناو پارتی بۆخۆشی زۆرتر بەدیار كەوتن بەڕادەیەك نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی میدیا سێبەرەكانی سەر بە باڵەكەی بەرامبەریانەوە بە هۆی پڕۆژەی ئابوری سەربەخۆوە تۆمەتبار دەكرا بە شكستەكانی هەرێم، بە پێچەوانەشەوە مەسعود بارزانی تۆمەتبار دەكرا بە هەوڵی بۆ مانەوەی لە كورسیەكەی خۆیدا.

242 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations