ریفراندۆم خەونی بە مەرجەع بونی بارزانی تا ئێستاش بەردەوامە

26.09.2019

لڤین:
ریفراندۆم ئەو خەونەی لەلایەن سەركردەكانی پارتیەوە بۆ بە مەرجەع كردنی بارزانی بیندرا تا ئێستاش بەردەوامە و كار بۆ جێبەجێ كردنی دەكرێت، بەڵام هەر جارێك سەر هەڵدەداتەوە بە هۆكاری هەرێمی  پەردەی پیادا دەدرێت.

هەرچەندە لە رۆژی 23ی ئەیلولی 2017 ریكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، نامەیەكی فەرمی بە ناوی سەرۆكی ئەمریكا وتیمی ئاسایشی نیشتیمانی ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ماوە بەسەرچووی ئەو كاتە كرد، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سوربوو لە ڕۆژی ٢٤ی ئەیلول ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد.

ئەنجومەنەكە كە لە پارتە هاوئاوازەكانی پارتی پێكهاتبوو بڕیاریدا ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوە دەچێت، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق كراوە دەبێت بۆ گفتگۆ و چارەسەری كێشەكان بە ئەجێندایەكی كراوەوە.

نێچیرڤان بارزانی ووتی "سبەی و دوو سبەی ئاڵای عێراق هەر لەپشتمانەوە دەبێت لاناچێت" ئەم قسەیە هەموو ئەوەی بارزانی رستبووی كردیەوە بە خوری

تیلەرسن لە نامەكەیدا بەشێوازێكی زۆرنەرم بە شێوەیەك بەشێك لە چاودیرانی سیاسی بە پاڕانەوەیان وەسف كرد لە بارزانی و تیایدا وتی "بۆ ئێمە بابەتی ریفراندۆم دەربارەی داهاتووی هەرێمی كوردستان هەیە، كە بڕیارە 25ی ئەیلول بكرێت. نیگەرانی خۆمان دەربڕیوە. ئەم نیگەرانیانە شەڕی بەردەوامی دژی داعش لەخۆدەگرێت، ئۆپەراسیۆنی داهاتووی حەویجە لەخۆدەگرێت، ژینگەی هەرێمیی ناجێگیر و پێویستی بەچڕی تەركیزخستنە سەر سەقامگیركردنی ناوچە ئازادكراوەكان لەخۆدەگرێت تا دڵنیابین لەوەی داعش هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە. بەوجۆرە، بەڕێزەوە داوای قبوڵكردنی بەدیلێك دەكەین، كە پێمانوایە باشتر یارمەتی بەدەستهێنانی ئامانجەكانت و دڵنیایی دەداتە سەقامگیریی و ئاشتی لەبەردەم ئەم شەڕە پێویستەی دژی داعشدا".

هەر لەو نامەیەدا وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی ئەمریكا داوای دواخستنی كردبوو تیایدا چەند بە دیلێكی خستبووە روو تیایدا ئاماژە بەوە دەكات "چوارچێوەیەكی نوێ و خێرا دادەڕێژێت بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق بە سەركردایەتی سەرۆكوەزیران عەبادی. ئەم چوارچێوە خێرایەی دانوستان ئەجێندایەكی كراوەی تێدایە و پێویستە زیاد لە ساڵێك بمێنێتەوە، بە ئەگەری نوێكردنەوەوە. ئامانجەكەی چارەسەركردنی تەواوی كێشە مۆلەقەكانە لەنێوان بەغدا و هەولێر و سروشتی پەیوەندی ئایندەیە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا. هەروەها تاوتوێی پێویستیە دارایی و ئەمنییە هەنوكەییەكانت دەكەین".

 بەڵام سەرۆكی پارتی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ئەوەی رەتكردەوە وتی: ئێمە حساب بۆ چ كەسێكی ناكەین، بەڵام ئەو قسانە زۆری نەبرد و سەرلەبەیانی ٢٥ی ئەیلول لەكاتی دەنگدان نێچیرڤان بارزانی ووتی "سبەی و دوو سبەی ئاڵای عێراق هەر لەپشتمانەوە دەبێت لاناچێت" ئەم قسەیە هەموو ئەوەی بارزانی رستبووی كردیەوە بە خوری.

دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی جارێكیتر لە هەوڵەكانیان بۆ بە مەرجەع كردنەوەی بارزانی لە هەوڵدان و دەیانەوێت حزبە سیاسیەكانی هەرێم ناچار بكەن وەك كەسی یەكەمی هەرێمی كوردستان قبوڵ بكرێت

پێشتر هەموو ساڵێك لەبەهار و نەورۆزدا بارزانی پەیامی جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی دەدا، بەڵام لەدوای ئەو ریفراندۆمە ئیتر بارزانی ئەو قسەیەی دووبارە نەكردەوە و پارتی لەم پلانەدا سەركەوتوو نەبوو كە دەیویست بارزانی وەك سەرۆكی  نەتەوەیی كورد بناسێنێت.

بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ دروستكردنی شەرعیەت بوو بۆ مانەوەی بارزانی وەك كەسی یەكەمی هەرێمی كوردستان بەڵام ئەوەی پارتی دەیویست سەری نەگرت و شكستی هێنا بۆیە دوای ریفراندۆم بارزانی بە ناچاری دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بەردا و دوور كەوتەوە بۆ ماوەیەكی زۆریش بە بێ دەنگی مایەوە و لە هیچ شوێنێك دەركەوتنی نەما.

دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی جارێكیتر لە هەوڵەكانیان بۆ بە مەرجەع كردنەوەی بارزانی لە هەوڵدان و دەیانەوێت حزبە سیاسیەكانی هەرێم ناچار بكەن وەك كەسی یەكەمی هەرێمی كوردستان قبوڵ بكرێت بەڵام ئەمە تا ئێستا لەلایەن زۆرینەی حزبە سیاسیەكان رەتكراوەتەوە.

ئەو هەوڵەی سەركردەكانی پارتەكەی بارزانی لە ئێستادا تەواو كاری هەوڵی ریفراندۆمەكەیە بۆ ئەوەی بە هەر نرخێك بووە وەك سەركردەی باڵای هەرێمی كوردستان بیناسێنن. بەڵام بە رەتكردنەوەی لەلایەن حزبەكانی هەرێم و بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە و ئەو وڵاتانەی كاریگەریان بەسەر هەرێم و عێراقەوە هەیە جارێكیتر پەردەی بەسەردا درایەوە وئەو بابەتی بە مەرجەع كردنە دواخرایەوە.

793 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations