سارا بەهۆی گێچەڵی سێکسییەوە وازی لە کارکردن هێناوە

29.09.2019

لڤین: کۆچەر عەزیز
"لەو دوو ساڵەی کە کاری ڕیکلامم کرد زۆر پەشیمانم، جگە لەوەی کۆمەڵێ شتی دیکەش فێربووم، بەڵام ئەگەر دەیان جاری دیکە پێشنیاری کاری له‌و جۆره‌م بۆ بکرێت نایکەم، چونکە لەوکارەدا یان دەبێت خۆت بەدەستەوە بدەیت یاخود ناتوانیت سەربکەویت". ئەمە وتەی سارای تەمەن ٤٢ ساڵە.

سارا خاوەنی دوو منداڵەو لە کارکردنیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشەو گێچەڵی سێکسی بووه‌تەوەو دەڵێت: " گێچەڵپێکردنی سێکسی، بۆتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم کارکردنم، بەڵام زۆرترین حاڵەت لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووم بۆتەوە لە سەروبەندی کارکردنم بوە لە بواری ڕیکلامدا".

دوای ١٧ ساڵ لە هاوسەرگیریی ماوەی شەش ساڵ زیاتره‌ سارا لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، لەدوای ئەوە ئەرکی بەخێوکردنی دوو منداڵەکەشی گرتۆتە ئەستۆ، بۆیە ناچاربووە کە خۆی کار بکات و ڕوو بکاتە چەندین کۆمپانیا بۆ کارکردن.

سارا باس لەوە دەکات کە لە زۆر شوێن کاری کردووە و ڕووبەڕووی زۆر حاڵەت و قسەی نەشیاو بووەتەوە لەلایەن خاوەن کارەکانییەوە، بەڵام لە هەموو کارەکانیدا کاتێک گەیشتووەتە حاڵەتی گێچەڵی سێکسی  ناچار بووە کارەکە بگۆرێت.

 زۆرینەی بەرپرس و خاوەنی کۆمپانیاکانی ڕیکلام  کارەکانیان وەک هەلێک بەکاردەهێنن بۆ ئەو کەسەی دەچێتە لایان

ئەودەڵێت "زۆرترین حاڵەتی گێچەڵی سێکسی و قسە پێ ووتنم لەو کاتەوە بووە کە دەستمکرد بە کاری ڕیکلامکردن لەچەند گۆڤارو ڕۆژنامەیەک، زۆرینەی بەرپرس و خاوەنی کۆمپانیاکانی ڕیکلام  کارەکانیان وەک هەلێک بەکاردەهێنن بۆ ئەو کەسەی دەچێتە لایان و وادەزانن خێرت پێدەکەن".

"زۆربەی خاوەن کۆمپانیاکانی ڕیکلام جارێک کە دەچیتە لایان ئاساییەو قسە ناکەن، بەڵام کە جاری دووەم دەچیتەوە لایان، ئەو هەلە دەقۆزنەوە. خاوەنی کۆمپانیا هەبووە پێی ووتوم چیت داوە لەکاری ڕیکلام، وه‌ره‌ پەیوەندی لەگەڵ من ببەستەو لەگەڵم بمێنەرەوە سێ قاتی پارەی ڕیکلامەکەت پێدەدەم". سارا وای ووت.
سارا دەڵێت: "کاری ڕیکلام پێویستی بە لێهاتوویی و قەناعەتپێکردن و گفتوگۆی زۆر هەیە، بۆیە زۆرجار خاوەنکارەکە ئەو شێوازه‌ مامه‌ڵەیە دەقۆزنەوە و چی بووێت دەیڵێت و وا دەزانێت تۆ حەز دەکەیت کە پەیوەندی لەگەڵ ببەستیت".

هەرچەندە بۆ لێهاتوویی و شارەزایی لە بوارێکدا زۆجار بڕوانامە پێوەر نییە، بەڵام سارا دەڵێت: "من بڕوانامەم نییە، بۆیە نەمدەتوانی هیچ کارێکی دیکە بکەم جگە لە سکرتێری و کاری ڕیکلام، لەبەر ئەوە دەچوومە هەر شوێنێک دەیانووت بڕوانامەت نییەو ناتوانین وەرتبگرین، بۆیە کاری ترم دەستنەدەکەوت".

سارا بە بێتاقەتییەوە گووتی: "دوای دوو ساڵ، وازم لە دواهەمین کارم هێنا کە کاری ڕیکلامی بوو، بەڵام ئەو کات نەمدەزانی چی بکەم، چونکە هیچ داهاتێکم نەبوو تاكو بژێوی ژیانی خۆم و دوو منداڵەکەمی پێ دابین بکەم، بۆیە هەوڵی زۆرمدا، کارێکی تر بدۆزمەوە".

سارا بۆ دۆزینەوەی کارێکی تر، بریاریدا بەشداری خولێکی فێربون بکات وەک ئاسانکاریێک بۆ دۆزینەوەی کارێکی تر.

وەک یەکەم هەوڵیش سارا بەشداریکرد لە خولی بەرگدوورین، هەرچەند، پێشتر مەکینەیه‌كی دوورمانی له‌ماڵه‌وه‌ هەبووە، بەڵام وەک پێویست کارەکەی نەزانیووە، بۆیە دوای تەواوبوونی خولەکە، دەستی کردووە بە کاری بەرگدوورین و تا ئێستاش بەردەوامە. 

 چەند جار بیرم لەوەش کردووەتەوە كه‌ بچم سکاڵا تۆمار بکەم، بەڵام پەشیمان بوومەتەوە، چونکە پێم وابووە لەم کۆمەڵگەیه‌و لەلایەن کەسوکاریشمەوە ناوم دەزڕێت

"راستە ناتوانم هەموو پێداویستییەکانی خۆم و منداڵەکانم پڕ بکەمەوە، چونکە کرێچیم و دەبێت کرێی خانووەکە بدەم، بەڵام ئەم کارەم لە زۆر کاری دیکە پێ باشترە، خۆم خاوەنیم و کەس ناتوانێت قسەیه‌كم پێبڵێت". سارا وا دەڵێت.

سارا ترساوەو شەرمی کردووە لەوەی سکاڵا تۆمار بکات و دەڵێت "چەند جار بیرم لەوەش کردووەتەوە كه‌ بچم سکاڵا تۆمار بکەم، بەڵام پەشیمان بوومەتەوە، چونکە پێم وابووە لەم کۆمەڵگەیه‌و لەلایەن کەسوکاریشمەوە ناوم دەزڕێت و زۆرجاریش وابیرم دەکردەوە کە ڕەنگە کارمەندەکانی بنکەی پۆلیسیش یەکەم کەس بن سوکایەتیم پێبکەن، بۆیە نەچووم".

پۆلیسی سلێمانیش نایشارێتەوە گێچەڵکردن بە کچان و ژنان لە کاتی کاركردندا هەیەو چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە چووەتە لایان، بەڵام نەبووەتە دیاردە، لەوبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: "بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا کارکردنی ژنان و کچان لەکۆمەڵگەدا ڕوو لە زیادبووندایە، بۆیە گێچەڵکردن بە کچان و ژنانیش لەکاتی کارکردندا روودەدات، بەڵام تەنها ئه‌مه‌ حاڵەتەو نەبووەتە دیاردە".

گێچەڵکردن بە کچان و ژنان یاسای تایبەت بە خۆی هەیە، و پارێزەرێکیش دەڵێت: "بە پێی یاسای سزادانی عێراقی مادەی (٤٠٢)، هەر کەسسێک کەسێکی دیکە بێزار بکات لە شوێنێی گشتییدا کە پێچەوانەی ئاداب و تەقالیدی ئەو کەسە بێت، ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (سێ مانگ) زیاتر نەبێت و بە پێبژاردن (غەرامە)یه‌ك كه‌ لە (٥٠٠ هەزار دینار) زیاتر نەبێت".

شۆخان حەمە رەشید، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی و پارێزەر، کە ماوەی چەند ساڵێکە کار لەسەر کەیسەکانی ژنان دەکات و دەڵێت: "زۆرجار ژنان شه‌رم ده‌كه‌ن یان ده‌ترسن کە پاڵپشتیی یان به‌ڵگه‌یه‌كیان نەبێت، بۆیه‌ سکاڵا تۆمار ناکەن یانیش دەڵێن ناومان دەزڕێت".

ئەو پارێزەرە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە دادگای سلێمانیش ئاماری تەواوی ئه‌و پرسه‌ نییە، به‌ڵام ساڵانە چوار بۆ پێنج حاڵەتی هەراسانکردن تۆماردەکرێن کە ئەمە زۆر کەمەو ئاماری ورد نین، چونکە ئێمە زۆربەی ئەو ژنانەی دەیانبینین و قسەیان لەگەڵدا دەکەین و دێنە لامان دەڵێن لەکاتی کاركردندا هەراسانکراوین".

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی دەشڵێت: "لەکاتی کاردا لیژنەی ئینزیباتی هەیە، ژنان و کچان دەتوانن لە لایەن ئەو لیژنەیەوە سکاڵا تۆمار بکەن،  لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی گرێبەستی کارکردن سزای ئیداری دیکە هەیە، یان دەبێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە کە شارەزاییان هەبێت لەسەر مافەکانی خۆیان و بزانن چۆن سکاڵا تۆمار دەکەن، تا ئێستاش هەراسانکردن لە کۆمەڵگای کوردیدا دیاردەیەکە، بەڵام تاوانێکی بێدەنگ کراوە".

 لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ا 22 حاڵه‌تى کوشتن و 32 خۆکوشتن، و 99 حاڵه‌تی سووتان و 58 حاڵه‌تى خۆسووتاندنى ژنان هه‌بووه‌ و 47حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێکسیش تۆمارکراوە

چۆمان ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی پێیوایە هەراسانکردن بابەتێکی جیهانییە و شتێك  نییە تایبەت بێت بە کۆمەڵگەی کورده‌واری، بەڵام کۆمەڵگەی کوردیش لەوە بەدەر نییە، لێرە بابەتەکە زیاتر شاراوەیەو ئەو کچ و ژنانەی کە گێچەڵی سێکسییان پێدەکرێت لە کاتی کاردا پێیان شەرمە باسی بکەن، چونکە پێیان وایە وەک تاوانبارێک دەردەکەون وپێی لە کەدار دەبن.

ئەو توێژەرە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە كه‌ لەڕووی پەروەردەییەوە لە کۆمەڵگەدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تاکەکان کپ دەکرێن و بواری دەربڕیینی حەزو ئارەزوویان نییە، یان زۆرجار گەنجان لە کاتی خۆیدا هاوسەرگیری ناکەن، یان ناتوانن ئارەزووەکانیان بە تاڵ بکەنەوە، لایەنێکی دیکەش پەیوەندی بەو ئاستە توندوتیژیەوەیە کە خودی پیاو هەیەتی بەرامبەر بە ژنان و سەیرکردنی ژنان وەک کاڵایەک، و پێیان وایە ژنان و کچان ئالەتێکن بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیان، پیاو بە یەکسانی وەک خۆی سەیری ژنان ناکات، ئەوەش ڕێگەیەکی دیکەیە بە جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر به‌ ژنان و کچان.

سەبارەت بەوەی کە ژنان و کچان چۆن بتوانن ڕێگری لەوکارە بکەن، ئەو توێژەرە دەڵێت: "زۆر گرنگە کە کچان و ژنان متمانەیان بە خۆیان هەبێت و کارەکەیان پێ گرنگ بێت لەهەر شوێنێکدا کاردەکەن، پێیان وا نەبێت کە مترن لەو پیاوانەی کە کاریان لەگەڵ دەکەن، چونکە ئەگەر بەو شێوازە بێت، ئەو کاتە پیاوان وەک جەستەیەک و ئامرازێكی سێکسی سەیری ژنان دەکەن".

ئەم توێژەرە جەختکردنەوەی ژنان لەسه‌ر مافەکانیان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت "گرنگە لە کات و شوێنی گونجاودا ژنان سنوورێک بۆ ئەو پیاوانە دابنێن و لەو ژینگەیەی تیایدا کاردەکەن خۆیان بەدەستەوە نەدەن، یان دەکرێت پەنا بۆ گفتوکۆ ببەن لەگەڵ کە سانێک کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات؛ یاخود لە کۆتا قۆناغدا ڕووبەڕوویان ببنەوە تا ئاستی ئەوەی بەوە ڕازی نەبن ئەگەر لە کارەکەشیان دربکرێن، چونکە گێچەڵکردن یان هەراسانکردن کێشەیەکی ئەخلاقییە و جۆرێکە لە توندوتیژی و لە هه‌ر بارودۆخێکدا بێت نابێت هیچ کەسێک ئەوە قبووڵ بکات. ئەگەر ژنێک یان کچێک بەوە ڕازی بێت، ئەوا لە قۆناغێکی تردا دووچاری کێشەی دەروونی دەبێتەوەو لە ڕووی کەسێتی و دەروونیەوە دەڕوخێت".

به‌پێی ئامارێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى توندوتیژى دژ به‌ ژنان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ا 22 حاڵه‌تى کوشتن و 32 خۆکوشتن، و 99 حاڵه‌تی سووتان و 58 حاڵه‌تى خۆسووتاندنى ژنان هه‌بووه‌ و 47حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێکسیش تۆمارکراوە.

هەروەها بە پێی ئامارەکە له‌ شه‌ش مانگى 2019شدا، لەهەرێمی کوردستان 4972 سکاڵا لەلایەن ژنانەوە لەسەر کێشەی جیاجیا تۆمارکراون.

سارا ناوێکی خوازراوە.

*دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، نووسەر ئەم راپۆرتەی نووسیوە.

3731 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations