تەڤگەری ئازادی لە دژی یەك لیستی كەركوك هاتە دەنگ

29.09.2019

لڤین:  
هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی رەخنەی لە لە كۆبونەوەی لایەنەكان گرت و دەڵێت ئەگەر لایەنە سیاسیەكان بە هەڵوێستیان بەرامبەر حزبەكەیان نەچنەوە ئەوە هەڵوێستی جیاوازیان دەبێت. 

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان، رایگەیاند: ڕێكەوتننامەیەك لە ۹ی ئەم مانگە لە نێوان یانزە لایەنی سیاسی واژۆ كرا، كە ئێمەش واژۆمان كرد بۆ ئەوەی سەرجەممان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان ببین، بەڵام بە داخەوە دوێنێ كۆبوونەوەی چەند لایەنێكی سیاسی لە هەولێر  ئەنجامدراوە و ئێمە لەو كۆبوونەوەیە ئاگادار نەكراوینەتەوە، هەر بۆیە ڕەخنە لەو هەڵوێستە دەگرین و پێمانوایە ئەگەر بانگێشتكردن بۆ یەك لیستی بەو شێوازە بێت تەنیا لە چوارچێوەی قسە و وتار دەمێنێتەوە.

ناوبراو رەخنەی لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ گرت ئاماژەی بەوە كرد كە "لایەنە سیاسییەكان دەبێت لەم قۆناغەدا خاوەن هەڵوێستێكی نەتەوەیی و نیشتمانیبن و نابێت لە بەر بەرژەوەندی حیزبی و جیاوازی هەڵوێست و بیر و ڕای سیاسی زیان بدەین لە خەڵكی ئەو ناوچەیە".

هاوسەرۆكی تەڤگەر وتیشی: ئەگەر بەم عەقڵیەتە بەشداری هەڵبژاردنەكان بین جارێكی دیكە زیان دەگەیەنین بە دەنگی كورد و هیچ كات بەوە ناوترێت یەك لیستی.

محەمەد عەبدوڵا ئەوەشی راگەیاند: ئەگەر لە داهاتوودا ئەو هەڵوێستە سەرڕاست نەكرێتەوە و پێگەی سیاسی و جەماوەری تەڤگەری ئازادی لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوا هەڵوێستی خۆمان دەبێت.

1501 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations