کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی پرۆژە یاسای چاکسازی نادیارە

01.10.2019

لڤین: کۆچەر عەزیز
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان دیارنییە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: نەک کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانیش بڕیاربوو لەگەڵ حکومەت ئەنجامبدرێت، ئەنجام نەدراوە.

ئەنوەر ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەتپاکی هەرێمی کوردستان بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، لەماوەی رابردودا لیژنەیەکی ٩ کەسی بۆ گۆڕانکاری لە پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان پێکهێندرا کە لە خولی پێشودا لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵكەوە، بە تایبەتی لە ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران، پرۆژە یاساكە رەتكرایەوە. 

بە پێی زانیارییەکانی (لڤین پرێس) ئەو لیژنەیە پێکهاتوون لە هەریەک وەزیرانی (دارایی و ئابووری، پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان)، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی و نوێنەرێكی سیستمی بایۆمەتری و کە وەزیری داد سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات. 

پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكومەت لە کاتی پێشکەشکردنی ئەو پرۆژە یاسایەدا رایانگەیاند، بەپەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە نزیكەی 100 تاوەكو 150 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.  

لای خۆشییەوە عەباس فەتاح، بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، تا ئێستا نە ئەو لیژنەیەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وپێکهێندراوە کۆبوونەوەیان ئەنجامنەداوە، نە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانیش بڕیاربوو لەگەڵ حکومەت ئەنجامبدرێت، ئەنجامنەدراوە، ناشزانین کەی پرۆژەکە دێتە پەرلەمانی کوردستان. 

سەبارەت بەوەی کە لە پرۆژەکەی پێشودا باس لەوە دەکرا پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە پێی ئەو پرۆژەیە دەکرێتە یاسایی وتیشی" پێشتر لە پڕۆژە یاساكەدا بە تەواوەتی پرسی بڕینی دەرماڵەكان روون نەكرابووەوە، دەبێت ئێمە بزانین دەرماڵە بڕینەكان چۆنە ‌و لە كێ‌ دەبڕدرێت، ئەوەش رووننەکرابووە وە کە ئەو 100 ملیار دینارە چۆن بۆ حکومەت دەگەڕێندرێتەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە رەخنە لە پرۆژەکەی پێشوتر دەگرێت سەبارەت بە پرۆژەی چاکسازی خانەنشینی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و تیشی، ئەو پرۆژەیە هیچ مادەیەکی تێدا نەبوو بۆ  ژیانی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی ناوخۆ و پاشەکەوتی مووچەی تێدا نەبوو، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بێت تێپەراندنی لە پەرلەمان ئاسان نابێت.

سەبارەت بەوەی کە ئایا پرۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنێردرێتە پەرلەمان رەزامەندی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر دەبێت ئاماژەی بەوەشکرد، با پرۆژەکە رەزامەندی حزبەکەی خۆشمی لەسەر بێت، بەڵام بزانین پرۆژەیەکە لە بەرژەوەندی خەڵک نەبێت دەنگی پێنادەین". 

لەسەر ئەو بابەتە لڤین پەیوەندی کرد جوتیار عادل، بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە. 

پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان لە هەرێمـی كوردستان کە لە خولی پێشوو ئامادە کرابوو لە 24 ماددە پێكهاتبوو، بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە كەمترین مووچەی خانەنشینی پەلەمانتارێك زیاتر لە 2 ملیۆن 500 هەزار دینارە، هەروەها كەمترین مووچەی خانەنشینیش بە 300 هەزار دینار دیاریكرابوو.


354 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations