سلێمانی پێش مام جه‌لال و دوای ئه‌و

03.10.2019

لڤین: 
مام جه‌لال، سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی نیشتیمانی كودستان و سه‌رۆك كۆماری پێشوتری عێراق، تا ئه‌و كاته‌ی له‌ ژیاندا مابوو پێش نه‌خۆش كه‌وتنی خزمه‌تێكی زۆری به‌ شاری سلێمانی كرد و توانی له‌ چه‌ندین بواردا خزمه‌ت به‌و شاره‌ بكات. 

دوای كۆچی دوایی ئه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌ شاری سلێمانی له‌ چه‌ندین رووه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌ندێك بابەتیشدا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌. 

له‌و زه‌مه‌نی مام جه‌لال له‌ ژیاندا بوو توانای سیاسه‌ت كردنی هه‌بوو مام جه‌لال له‌ خزمه‌تی سلێمانی ده‌كرد كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكرد له‌ پشته‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرد و راسته‌وخۆی له‌به‌رده‌م شاشه‌كان خۆی به‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و چالاكیانه‌ پیشان نه‌ده‌دا. 

له‌ بواری ئازادی راده‌ربڕین:
ره‌نگه‌ مه‌ودای ئازادی له‌ نوسینی رۆمانه‌كه‌ی محه‌مه‌د موكری ده‌ست پێبكات له‌ شاخ كاتێك مام جه‌لال ده‌ڵێت "ئه‌و به‌ قه‌ڵه‌م هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌، ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ش به‌ قه‌ڵه‌م وه‌ڵام بداته‌وه‌" به‌ڵام له‌ ساڵانی دوای بون به‌ كه‌سی یه‌كه‌م له‌ هه‌رێمی سلێمانی مه‌ودای چاپه‌مه‌نی جیاوازی فراوان كرد كه‌ له‌ساڵانی 1997دا رێگای به‌ كردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی وڵاتدا و دواتریش له‌ ساڵی 2000 رۆژنامه‌ی هاوڵاتی به‌رهه‌م هات كه‌ هه‌ردوو رۆژنامه‌كه‌ شوێن پێیه‌كی فراوانیان هه‌بوو له‌ دروست بونی میدیای ئه‌هلیدا، دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌ سنوری سلێمانی و فه‌رمانڕه‌وایی تاڵه‌بانیدا رۆژنامه‌ و راگه‌یاندن گه‌لێكی زۆر به‌رهه‌م هات كه‌ به‌شێكی زۆریان هێرشی فراوانیشیان كرده‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی مام جه‌لال به‌ڵام رێگایدا میدیای ئه‌هلی و ئازاد فروان ببێت و به‌ جێگای شانازیشی ده‌زانی بۆ شاره‌كه‌. 

هه‌ریه‌كه‌م ته‌له‌فزیۆنیش كه‌ كوردسات بوو یه‌كه‌مین میدیای کوردی بوو كه‌ نیمچه‌ حزبی بێت به‌ پشتیوانی مام جه‌لال دروستكرا له‌ كاتێكدا پێشتریش پشتیوانی ته‌له‌فزیۆنی خاكی كردبوو، دواتریش ته‌له‌فزیۆنی ئێن ئارتی به‌رهه‌م هات كه‌ سه‌رجه‌میان ئازادیه‌كی فراوانیان پێدرا و گه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له‌و سنوره‌دا كرد، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پاركی ئازادی و سه‌كۆی ئازادی دروست كرد كه‌ تیایدا هاوڵاتیان ده‌یانتوانی چالاكیه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌ ئه‌نجام بده‌ن، هاوكات پشتیوانیه‌كی زۆری رۆژنامه‌نوسانی كرد بۆ به‌رهه‌م هێنانی یاسای ژماره‌ 35ی رۆژنامه‌گه‌ی كوردستان. 

له‌دوای مام جه‌لال، سه‌رجه‌م ئه‌و سێكته‌رانه‌ روویان له‌ پاشه‌كشه‌ كرد، به‌راده‌یه‌ك سه‌رجه‌م میدیا ئه‌هلیه‌كان له‌ناوچوون و به‌ شێوه‌یه‌ك وایانلێهات گه‌یشتنه‌ ئاستی نه‌مان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رجه‌م پشتیوانیه‌ ناراسته‌وخۆكانیان بڕدرا و كۆتاییان پێهات. هاوكات ئه‌و پاركی ئازادیه‌ی سه‌كۆی ئازادی لێیه‌ چه‌ندین جار بووه‌ رێگا له‌ چالاكی مه‌ده‌نی گیراوه‌ ئه‌نجام بدرێت، میدیای سێبه‌ر گه‌شه‌یه‌كی فراوانی كرد. 

 له‌ بواری ته‌ندروستی:
 دوای راپه‌رین مام جه‌لال به‌ بڕیاری خۆی و به‌ ده‌ستگیرۆیی خۆی نه‌خۆشخانه‌ی شۆرشی دروستكرد و گه‌شه‌یپێدا، توانی رێكخراو گه‌لێكی زۆر هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی له‌ به‌شێكی زۆر له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش كرده‌وه‌.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا هاوكارییه‌ دارایی و مرۆییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی به‌ڵگه‌یه‌كی تری ئه‌و راستیه‌ن كه‌ مام جه‌لال چه‌ند به‌ ته‌نگی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ بووه‌، سه‌رمایه‌دارێكی زۆری هاندا بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكه‌ن به‌ راده‌یه‌ك تواندرا ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بگه‌یه‌ندرێته‌ پێشه‌نگانی نه‌خۆشخانه‌كانی دژه‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2013وه‌ مام جه‌لال نه‌خۆش كه‌وت و له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی دوور كه‌وته‌وه‌، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ سنوری سلێمانیدا به‌ تایبه‌تی و له‌ هه‌رێمی كوردستانیشدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی روو له‌ پاشه‌كشێ ده‌كات، زۆرتر ئه‌و كه‌رته‌ به‌ره‌ و كه‌رتێكی تایبه‌ت ده‌برێت و نه‌خۆشخانه‌ گشتیه‌كان به‌ره‌و بچوك كردنه‌وه‌ ده‌برێت رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كاته‌ی مام جه‌لال هه‌وڵی فراوانكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌تدا ده‌دا. 

له‌ بواری په‌روه‌رده‌: 

له‌ زه‌مه‌نی مام جه‌لال كه‌رتی په‌روه‌رده‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینی كه‌ تواندرا سیسته‌می په‌روه‌رده‌ بگۆڕێت و بۆ ئه‌وه‌ش پشتیوانیه‌كی زۆری گۆڕینی سیسته‌مه‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ خۆی راسته‌وخۆ به‌شداری تیادا نه‌كرد، به‌ڵام پشتیوان بوو، ئه‌و له‌و زه‌مه‌نه‌دا داوای له‌ چه‌ندین سه‌رمایه‌دار كرد كه‌ قوتابخانه‌ دروست بكه‌ن و پشتیوانی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بكه‌ن. 

له‌دوای مام جه‌لال كه‌رتی په‌روه‌رده‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات كه‌ له‌ سنوری سلێمانیدا بینای خوێندنگا كه‌مبویه‌وه‌ و سه‌رمایه‌داره‌كان زۆرتر كار له‌سه‌ر دروستكردنی قوتابخانه‌ی ئه‌هلی ده‌كه‌ن به‌شێ,ه‌یه‌ك كه‌ له‌ ماوه‌ی دوور كه‌وتنه‌وه‌ی مام جه‌لال تا ئێستا ژماره‌ی خوێندنگا ئه‌هلیه‌كان و زانكۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌كان زۆر زیادی كردووه‌.
له‌ بواری خزمه‌تگوزاری: 
له‌و زه‌مه‌نه‌ی مام جه‌لال له‌ چالاكی سیاسیدا بوو، سلێمانی وه‌ك شارێكی پێشه‌نگ له‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌بیندرا، زۆرجار ده‌وترا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دهۆك و هه‌ولێر وه‌ك سلێمانی لێبكرێت، به‌ڕاده‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك پاركی گه‌وره‌ دروست كرا هه‌ر له‌و شاره‌دا چه‌ند هۆڵێكی سینه‌ما ئه‌گه‌رچی ئه‌هلیش بوون و له‌سه‌ر كه‌رتی گشتی نه‌بوون دروست كران.

شاره‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌دا بوو كه‌ چه‌ندین ناوه‌ندی كه‌لتوری و مۆزه‌خانه‌ی جیاواز كرانه‌وه‌، شه‌قامه‌كان خزمه‌تگوزاری زیاتریان بۆ ئه‌نجام درا و هاوڵاتیان ساڵانه‌ نه‌وتیان له‌ حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ پێ ده‌درا،  جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر له‌و زه‌مه‌نه‌دا كاره‌با گه‌یشته‌ زۆرینه‌ی گونده‌كانی سنوری سلێمانی ئه‌گه‌رچی دواتر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واو كرا. 

له‌دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال ئه‌و شاره‌ به‌ به‌هانی دروست بونی قه‌یرانی دارایی سه‌رده‌م ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌ بواری خزمه‌تگوزاریدا راگرت و پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی. 

به‌ڕاده‌یه‌ك گه‌شه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك زیادی كرد كه‌ سلێمانی نه‌ك وه‌ستان به‌ڵكو پاشه‌كشه‌ی پێوه‌ ده‌بینرێت. 

721 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations