ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرا کرا

09.10.2019

لڤین:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە، ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە.

ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، پاش کۆتای هاتنی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێک لە کۆبوونەوەکەوە بڵاو کرایەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دەربارەی خۆپێشاندانەکانی عێراق ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەین کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

دەربارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریاش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن. بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئامادەکاری وپێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ، کوێستان محەمەد وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیارەکانی وەزارەتیان بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران. ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هاندانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت لە رێگەی پاراستنی ماف و شایستەکانیان.

1070 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations