نامەیەک ئاراستەی فەیگن کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم دەکرێت

13.10.2019

لڤین: لە پەڕەی فەرمی ( دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان ) ەوە وەرگیراوە

مامۆستایەکی مێژوو ڕایگەیاندوە، ئێمە نەتەوەیەکی بریندارین، سەدان ساڵە لەپێناو ئەوەی تەنھا وەک مرۆڤ بژین قوربانی دەدەین، بەلام داگیرکەران و ھاوپەیمانەکانیان پێمان رەوا نابینن، رۆژێک بەناوی ئایین و رۆژێکی تر بەناوی شیوعیەت، جاریکیش لەژێرپەردەی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا دەمانچەوسێننەوەو جینۆسایدمان دەکەن.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان نامەیەک ئاراستەی فەیگن کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم دەکات.

ئەمەیش دەقی نامەکەیە:.
بەڕێز فەیگن... ھەست بە شەرمەزاری ناکەن!؟

نامەیەکی کراوە بۆ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان:
بەڕێز ستیڤ فەیگن کومبو کونسولی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ھەولێر
پاش سلاو و رێز... ھیوامان شادیتانە.
بەرێزم... سەرەتا دەمەوێت ئەوە بخەمە روو کە بۆچی ئەو نامەیە ئاراستەی بەرێزتان کراوە، چونکە بەرزترین نوێنەری فەرمیی بەھێزترین دەوڵەتی جیھانن لە ھەرێمی کوردستاندا و زۆرترین بەرژەوەندیتان لەناوچەکەدا ھەیە، جگە لەوە بەڕێزتان لەبەرئەوەی لەھەموو کونسولەکانی پێشوتان زیاتر لەنێو خەڵکی کوردستانن و لەھەموو بەرپرسانی ولاتەکەت زیاتر ھەست بە ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن.
بەڕێز فەیگن... گەلی کوردستان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە رووی مێژووییەوە کۆنترین نەتەوەی زولم لێکراوە، لە رووی جوگرافیەوە ولاتەکەی بەرفراوانترین زەویی داگیر کراوە، لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین گەلی بێدەوڵەتە، ھەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوە ژیان و یەکسانی بووە، بەلام بەداخەوە سەدان ساڵە لەلایەن دەسەلاتدارە دواکەوتووەکانی گەلانی ناوچەکەوە (عەرەب و فارس و تورک)ەوە دەچەوسێتەوەو جینۆساید دەکرێت، لەھەندێ سەردەمدا ولاتانی پێشکەوتووی ئەوروپاو روسیاو ئەمەریکاش دەستباریان لەگەل داگیرکەرانی کوردستان گرتووەو بەشێک بوون لە ھۆکاری تێکشکانی شۆڕشەکانی کورد و ناھەمواریی گەلی کوردستان.
بەڕێزم... بەپێی ئەو پرەنسیپانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بانگەشەی بۆ کردووە، دوابەدوای تەوای بوونی جەنگی یەکەمی جیھانی کورد چاوی لەوە بوو لە بانگەشە چواردە خاڵیەکەی (ودرۆ ویلسن)دا جێگەی ببێتەوەو لێی بەھرەمەند بێت، بەلام بۆ کورد نەک ھەر بانگەشەیەکی پوچ و بێ بنەما بوو، بەلکو لەوسەردەمەدا ئەمەریکا پێچەوانەی پرەنسیپەکانی خۆی پاڵپشتێکی سەرسەختی ئەتاتورکی کرد دژ بە کورد، لە جەنگی دووەمی جیھانیدا کورد خوازیار بوو وەک نەتەوەیەکی داگیرکراوی بێ دەوڵەت سودمەند بێت لە بانگەشە رەنگاورەنگەکانی ھاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەلام نەک ھەر سودی لێ نەبینی بەڵکو ئەو کۆمارە ساوایەی کە لە رۆژھەلاتی کوردستان دایمەزراندبوو، تەمەنی تەنھا یانزە مانگ بوو، لەژێر فشاری ئەمەریکاو بە ھەماھەنگیی سۆڤیەت و ئێران لەباربرا، لەسەروەختی جەنگی ساردیشدا ئەمەریکا یەکێک لەو دەوڵەتانە بوو دەستی بالای ھەبوو لە لەباربردنی شۆڕشی ئەیلولدا، بەڕێز فەیگن خوێندووتەتەوە کە خودی (ھنری کیسنجەر)ی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمەی ولاتەکەت چی دەڵێت؟ با بیرت بخەمەوە کە دەڵێت: "ئێمە وەک ئەمەریکا سیاسەتێکی نامۆڕالانەمان بەرامبەر بە کوردەکان پەیرەو کرد، نە ھاوکاریمان کردن و نە وازیشمان لێھێنان تا بۆ بەرژەوەندی خۆیان رێگەیەکی تر بگرنەبەر". بەرێزم... بەداخەوە دەوڵەتەکەت تا ئەمرۆشی لەگەڵدابێت لەو سیاسەتە نامۆرالانەیەی بەردەوامە، ئاخۆ بەڕێزتان لەئاست ئەمەدا ھەست بە شەرمەزاری ناکەن!؟ ھەست بە خەجاڵەتی ناکەن لەکاتێکدا دوابەدوای پرۆسەی ئازادی ٢٠٠٣ زۆرترین سەربازتان لە بەشەکانی تری عیراقدا کوژران کەچی لەکوردستاندا باوەشی سۆز و خۆشەویستی و ھاوکاریتان بۆ کرایەوە! لەشەڕی دژ بە تیرۆر و داعشدا کوردستان بنکەی سەرەکیتان بوو، پێشمەرگە زۆرترین قوربانیدا، کەچی لەساتی ریفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان (بەو تێبینیانەشەوە کە لەسەری بوو) کە لەسەرەتایی ترین مافەکانی گەلانە، نەک جێتان ھێشتین بەلکو بەشێک بوون لە ھەوڵی لەباربردنی ئەو مالۆچکەیەی کورد!؟ بەداخەوە دەسەلاتدارانی ئەمەریکای بانگەشەکاری ئازادی لەژێر پەردەی دروشمەکانی مافی مرۆڤ، دیموکراسیەت، کۆمەڵێکی مەدەنی، بەشێکن لەو کارەساتانەی بەسەر ئەو میللەتەدا دێت!؟
بەڕێز فەیگن... بەڕێزتان وەک بالاترین بەرپرسی ئەمەریکی ھەست بە شەرمەزاری ناکەن کاتێک (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆکی ولاتەکەتان ئەمە ھەڵوێست و گوتەی بێت بەرامبەر بە کورد؟ کاتێک پرسیاری لێدەکەن بۆچی ھاوکاری کوردەکان ناکەن؟ وەلامی ئەوەیە کە کوردەکان لەشەڕی نۆرماندیدا ھاوکاری ئەمەریکایان نەکردووە! لات سەیر نیە سەرۆکی گەورەترین ولاتی دنیا دەم لە مێژوو بکوتێت و شارەزاییشی نەبێت و ئاوا خۆی بکات بە گاڵتەجاڕ! ئەی نازانێت کە لەو سەردەمەشدا کورد بێدەوڵەت و بێ سوپا بوو و لەھیچ بڕیارێکدا نەبوو و لەسایەی ولاتەکەی بەرێزتان و ھاوپەیمانەکانی ئەورۆژگاردا ئەوساش جینۆساید دەکرا!؟ ھەست بە شەرمەزاری ناکەن کاتێک دەبینن لەجێگەی جۆرج واشنتن و جیفرسۆن و لنکۆلن کەسێکی میزاجیی بازرگانی چاوچنۆکی وەک ترەمپ سەرۆکی دەوڵەتەکەتان بێت و بێت سوکایەتی بەنەتەوەیەک بکات کە تا دوێنێ بەھێزترین ھاوپەیمان و پاڵپشتی بووە لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆردا و زیاد لە یانزەھەزار کچ و کوڕی خۆی بۆ کردبێت بە قوربانی! ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سەرۆکی دەوڵەتەکەتان یا کەسێکی زۆر بێ زانیاری و ئاست نزمە، یا بازرگانێکی گەمژە و چاوچنۆکە! ئاخر ئەگەر وا نیە چ ویژدانێک ئەوەی پێ قەبول دەکرێت رۆژانە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە دەکوژرێن، سەدان ھەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە، میللەتێک لەژێر ھەڕەشەی جینۆساییدایە گوایە دۆست و ھاوپەیمانی دەوڵەتە خاوەن شکۆکەتان بووە! کەچی بێدەنگ بن لەئاستیداو زاتێکی وەک ترەمپی سەرۆکی دەوڵەتەکەتان خەریکی کردنەوەی ھوتێلەکەی بێت لە تورکیاو سوپاسی ئەردۆغان بکات! ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە سەرۆکەکەتان میللەتێکی لەبەرامبەر ھۆتێلێکدا فرۆشت!؟
بەڕێز فەیگن... ئێمە نەتەوەیەکی بریندارین، سەدان ساڵە لەپێناو ئەوەی تەنھا وەک مرۆڤ بژین قوربانی دەدەین، بەلام داگیرکەران و ھاوپەیمانەکانیان پێمان رەوا نابینن، رۆژێک بەناوی ئایین و رۆژێکی تر بەناوی شیوعیەت، جاریکیش لەژێرپەردەی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا دەمانچەوسێننەوەو جینۆسایدمان دەکەن. ئەو کارەسات و تاوانکارییەی ئەمرۆش لە رۆژئاوا بەسەر نەتەوەکەماندا دێت، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ ئەمەریکا بەشێکە لێی، وەک ھەڵوێستەکانی تری رابردووتان بۆ ھەتا ھەتایێ لە یادەوەری نەتەوەییماندا ناسڕێتەوە. دڵنیاتان دەکەم گەلی کورد، لەگەڵ ئەو ھەموو نەھامەتییانەی بە سەری ھاتوون، ئایندە دەباتەوە، بە پێچەوانەی ئەو دیکتاتۆرانەی چوونە نێو زبڵدانی مێژووەوە کە ئەردۆگان یەکێکە لەوانە، بەڕێزم مەسەلەیەکی کوردیش ھەیە دەڵێت ئەگەر کەڵەشێریش نەبێت رۆژ ھەر دەبێتەوە، خواش لە سولتان مەحمود گەورەترە!
بەڕێز فەیگن من تێدەگەم لە ئێوە فەرمانبەرێکی بێدەسەلاتن لەو مەکینە گەورەیەی سیاسەتی ئەمەریکا بەڕێوە دەبات، بەلام ھیچ نا وەک مرۆڤێک ھەقە ھەڵوێستێکتان ھەبێت، ئایا تا ئێستاش ھەست بە شەرمەزاری ناکەن!

وێڕای ڕێزم بۆتان
د.سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر
مامۆستای مێژوو
١٣ / ١٠ / ٢٠١٩ 

1277 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations