داوای بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی دەکرێت

14.10.2019

لڤین:

پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) ڕایگەیاندوە، لە ئێستادا جەنگی سێیەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت، تورک سەرکێشیی دوژمنانی گەلی کورد دەکات.

لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوەو داوای بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بەپەلە لە حزبەکانی باشووری کوردستان دەکات و ڕایگەیاندوە" کورد نەبێتە یەک و پێکەوە تێنەکۆشن، ناتوانێت دەستکەوتەکانی بپارێزێت".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوێکەدا پەکەکە ئاماژەی بەوەکردووە" لە ئێستادا جەنگی سێیەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت، لە جەنگی جیهانی یەکەمیندا کوردستانیان کرد بە چوار پارچە، ئێستاش دەوڵەتی تورک سەرکێشیی دوژمنانی گەلی کورد دەکات".

هەروەها هاتوە" هاوسەنگی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر قڕکردن و پارچەکردنی کوردان لە چارەکی سەرەتای سەدەی ٢٠ دروستبوو، ئەوەش دەرفەتێکی دایە گەلی کورد، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەلی کورد یەکگرتوو نەبوو، هێزە داگیرکەرەکان سودیان لەو دۆخەی کوردان وەرگرت و مەترسیەکانیان زیادیکرد، ئەمەش وایکرد دەرفەتێکی ١٠٠ ساڵە لەدەست کوردان بچێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە" دۆخی سیاسی ئەم ساڵانەی دوایی بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت و تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوەنەبەن، نەک هیچ دەستکەوتێک بەدەستناهێنن، بەڵکو دەستکەوتەکانی دیکەش لەدەست دەچن".

سەبارەت بە حزب و لایەنە سیاسیەکانی باشور لە ڕاگەیەندروەکەدا هاتوە"زۆر گرنگە نوێنەری ئەو ( ١٤ ) حزب و لایەنە سیاسیەی باشووری کوردستان، بانگی خەباتی نەتەوەیی و کۆبوونەوەی نەتەوەیی بکەن و ئێمەش پشتگیری لێدەکەین".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پەکەکە دەڵێت"ئێمە بەڵێن دەدەین بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێبکەین، بەرپرسیاریەک کە هەموو هێزە سیاسیەکان مەترسی لە سەر گەلی کورد دەبینن و ئۆمێدی ئەنجامدانی کۆنفرانسی نەتەوەیی دەکەن کە حەسرەتی گەلی کوردە".

416 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations