عەلی حەمە ساڵح لەسەر پڕۆژەی چاكسازی و داهاتی نەوت رونكردنەوە بڵاو دەكاتەوە

06.11.2019

لڤین: 
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رونكردنەوە لە بارەی سێ پرسەوە بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت داهاتی نەوتی هەرێم ماوەی سێ ساڵە هەر یەك بڕە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، باس لەوەش دەكات كە لەم مانگەدا پڕۆژەی چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیەندراوێكی بلاوكردەوە و لە سەر سێ تەوەری جیاواز رونكردنەوەیداوە و دەڵێت: داهاتی نەوتی مانگی پێشوو بە پشتبەستن بە داتای حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ڕۆژانە هەرێمی كوردستان٤٤١ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردوە. كۆی مانگەكە نزیكەی ١٣ ملیۆن بەرمیلە، ئەو پارەی دراوە بە وەزارەتی دارایی مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەو رونیدەكاتەوە كە نرخی هەر بەرمیلیك 67.22 دۆلالر دراوەتە وەزارەتی دارایی رەخنەی ئەوەش دەگرێت "ماوەی سێ ساڵە نرخی نەوت و بڕی هەناردە هەرچەند بووبێت نزیكەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆموچە"

ئەو لە بارەی یاسای چاكسازی باسی لەوە كردووە لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت كاری لە پێشینەبوو، بەڵام بەهۆی هەندێك لێكتێنەگەیشتن و كۆبونەوەكان دواكەوت، ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت بڕیاریداوە لە زووترین كاتدا ڕەوانەی پەرلەمانی بكات، چاوەڕێی ئەنجامین لەم مانگەدا.

ئەو لە تەوەری سێهەمی قسەكانیدا دەشڵێت "نیوە زیاتری موچەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە دێت، هیچ بەرچاو ڕوونیەك نیە عێراق چی لێدێت؟ ئایا ئەم حكومەتە بەردەوام دەبێت؟ ئەگەر بەردەوامیش بێت، ئەم پێدانی پشكە بە هەرێمی كوردستان ساڵی ئایندە بەردەوام دەبێت؟ تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نیە بۆ ساڵی ئایندەو گفتوگۆكانیش وەستاوە".

ئەو هۆشداری دەدات لەوەی كە ئەگەر عادل عەبدول مەهدی لە پۆستەكەشی بمێنێتەوە "ئەمەی ٢٠١٩ زۆر ئەستەمە بەردەوام بێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم مەترسی لەسەرە، بۆیە لە پاڵ هەوڵی جدی بۆ چاكسازی ناوخۆ ڕێككەوتنێك پێویستە كە نەوت ڕادەستبكرێت و موچەی فەرمانبەران گەرەنتی بكرێت".

1449 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations