نە پارتی و نە یەکێتی لەسەر حەق نین

06.11.2019

لڤین: لە هەژماری کەمال چۆمانی وەرگیراوە

- مەسعود بارزانی هەشت ساڵ بەقانونیی سەرۆکی هەرێم بو، چوار ساڵیش بەناقانونیی، نێچیرڤان بارزانییش نزیکەی بیست ساڵێک سەرۆکی حکومەت بو و ئێستاش سەرۆکی هەرێمە، هەردوکیشیان بەشداریی شەڕی ناوخۆیان کردوە و کە بە بڕوای من گەورەترین خیانەت و تاوانە کە کورد خۆبەخۆ کردبێتی، هەمو ئەو کێشانەی ئێستاش هەن، هی ئەو مێژوە رەشەن.

کەچی لای پارتیی ئاسایییە، بەڵام لای پارتیی ئاسایی نییە بەرپرسێکی یەکێتیی ببێتە وەزیرێکی بێدەستەڵات چونکە قسەی بە مەسعود بارزانیی گوتوە. یەکێتیی و پارتیی لەوەتەی هەن قسە بە یەکتر و بە سەرکردەکانی یەکتر دەڵێن، شتێکی نوێ نییە. بۆیە لەوەدا پارتیی لەسەر حەق نییە کە دەیەوێت کێشە بۆ هەندێک بەرپرسی یەکێتیی دروستبکا کە پۆستەکان وەربگرن.

- یەکێتییش لە حکومەتدا نازانێ چی دەوێت. یەکێتیی دەڵێ چاکسازیی، ئێ چاکسازیی ئەوەشە کە حکومەتی فیفتی-بە-فیفتی نەمێنێت، هێزەکان بەپێی قەبارەی دەنگ و جەماوەریان لەناو حکومەتدا هەبن. کێشەی یەکێتیی ئەوەیە نەیزانیوە چۆن رێککەوتن لەگەڵ پارتیی بکات چونکە ئەو حیزبە هەزار سەرە. ئەو حیزبە لەسەر پۆست لەگەڵ پارتیی پێکهاتوە نەک لەسەر بەرنامەی کابینە.

یەکێتی دەیتوانی رای گشتیی بۆ خۆی رابکێشێت ئەگەر جەختی لەسەر بەرنامەی حکومەت بکردبایەوە نەک پۆستەکان. یەکێتیی دەتوانێت وەک هێزێکی بەشدار لە حکومەتی هاوپەیمانیی هەرێمدا پڕۆژەیەکی چاکسازیی هەمەلایەن بسەپێنێت، پارتییش و مەسڕوڕ بارزانییش ئیحراج بکا، ئەوکات خەڵکیش پشتیوانییان دەکات. بەڵام یەکێتیی بەدوای چاکسازیی و حکومەتداریی نییە، بەدوای هێشتنەوەی ئەو دۆخە حوکمڕانییەیە کە نزیکەی سێ دەیەیە هەیە.

1568 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations