وەزیری خوێندنی باڵا: ئەوانەی ئەمساڵ دەرچوی بەکالۆریۆسن دەتوانن ماستەر بخوێنن

07.11.2019

لڤین:
وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا فاکتەری سەرەکی بنیادنانی ئابوریەکی گەشەکردو و کۆمەڵگەیەکی ئارام و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرە.

ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێم، ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند "باوەڕمان وایە کە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا فاکتەری سەرەکی بنیادنانی ئابوریەکی گەشەکردو و کۆمەڵگەیەکی ئارام و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرە، هەر بۆ ئەمەشە کار بۆ بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان دەکەین، هەوڵیش دەدەین دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان بڕەخسێنین".

وەزیری خوێندنی باڵا لە ڕێوڕەسمى دەرچوانى خولى بیست و چوارەمى زانکۆى دهۆک وتیشی "کارمان کردوە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان و لەهەوڵیشداین بۆ ڕەخساندنى دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ گەنجانەکانمان".

ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد "ڕێنماییە نوێیەکانى خوێندنى باڵاى ماستەرو دکتۆرا بە ئاراستەی فروانکردنی هەلی خوێندن و ئاسانکاری لە پرۆسەی پێشکەشکردن داڕێژراون، بە پێی ڕێنماییە نوێیەکان ئێوەی دەرچوانی ئەمساڵی زانکۆکانی کوردستان ئەوانەی هیشتا دانەمەزراون دەتوانن داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی لایەنی ئەکادیمی تواناکانتان".

879 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations