من و تۆ لەماڵەوە ژن و مێردین

09.11.2019

لڤین: لە ھەژماری لوقمان غەفوور وەرگیراوە

"من و تۆ له‌ ماڵه‌وه‌ ژن و مێردین" ئه‌م ناونیشانی ئه‌و چیرۆكه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ 8ی نۆڤێمبه‌ر له‌ رۆژنامه‌ی فۆرم-دا بڵاوبووبۆوه‌ كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوو ویلایه‌تی مینیسۆتا و نۆرس داكۆتا.

چیرۆكه‌كه‌ باسی جیابوونه‌وه‌ی ژن و مێردێك ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر لێپێچینه‌وه‌یه‌كی یاسایی پیاوێك به‌رامبه‌ر ژنه‌كه‌ی، ژنه‌كه‌ی داوای جیابوونه‌وه‌ ده‌كات. چیرۆكه‌كه‌ له‌نێو بازنه‌ی تراژیدیا و قوربانی و پێداگری له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی یاسا ده‌سورێته‌وه‌ و پێمان ده‌ڵێت، یاسا هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌خاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌.
مانگی ئه‌پرلی 2019، جۆهان ئاندرۆسن كه‌ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی شاری فارگۆ-ی سه‌ر به‌ویلایه‌تی نۆرس داكۆتایه‌ به‌و پێیه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ ئێشكگرێتی هه‌یه‌، له‌رێگه‌ی بێته‌له‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌نته‌ری به‌رێوه‌به‌رێتییه‌وه‌ ئاگادارده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌ره‌كی ئای 94 له‌نزیك شاری فارگۆ، ئۆتۆمبێلێكی جۆری شۆفرلێت- ئیمپاڵا- مۆدێلی 2017 به‌ خێراییی 80 مایل ده‌ڕوات. كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌رپێچییه‌ و 20 مایل زیاد له‌خێرایی خۆیه‌تی. 
جۆهان به‌ دوو ده‌قیقه‌ دوای بێته‌له‌كه‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌بینێت. بۆیه‌ دوای هه‌ڵكردنی فه‌راره‌ی سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئه‌كه‌وێته‌ دوای ئۆتۆمبێله‌كه‌. هه‌ر وه‌ك له‌ قسه‌كانیدا له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا وتوویه‌تی، كاتێك ئۆتۆمبێله‌كه‌ وه‌ستا و منیش له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ دابه‌زیم و به‌ره‌و رووی ئۆتۆمبێله‌كه‌ شۆفرلێته‌كه‌ چووم دڵم خورپه‌ی دا و وتم، شتێك رووده‌دات، بۆیه‌ كامێراكه‌ی سه‌ر سنگم كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی روویدا من به‌رپرس نه‌بم لێی. كه‌ نزیك بوومه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ دوودڵ بووم له‌ ناسینی ئۆتۆمبێله‌كه‌، به‌ڵام كه‌ گه‌یشتمه‌ لای ئۆتۆمبێله‌كه‌، ژنێكم بینی له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ سه‌عاتێك له‌مه‌وبه‌ر پێكه‌وه‌ نانی به‌یانیمان له‌سه‌ر یه‌ك مێز خوارد. 
جۆهان ده‌ڵێت: من زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كم كرد و ئه‌ویش پێكه‌نی و سڵاوم لێكرد. پێموت: "خانم ... به‌ئه‌رك نه‌بێت مۆڵه‌تی شۆفێریی و بیمه‌ی ئۆتۆمبێل و پێشینه‌ی په‌ڕاوی ئۆتۆمبێله‌كه‌تم ئه‌ده‌یتێ؟". جۆهان ده‌ڵێت: "نكۆڵی له‌ پێدانی په‌راو و داواكه‌ی نه‌كردم و پێموت، له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌ به‌ خێرایی 80 مایل رۆیشتووی بۆیه‌ ئه‌مه‌ سه‌رپێچی یاساییه‌، كاره‌كه‌ش ئاسانه‌ پسوله‌یه‌كی غرامی 200 دۆلارت بۆ ده‌كه‌م ئه‌توانیت بچیته‌ دادگا، ئه‌گه‌ر نارازی بوویت به‌ بریاره‌كه‌م، ئه‌توانی تانه‌ی لێده‌یت". له‌به‌رامبه‌ردا خاتوو تامی ولیام ژنی ئه‌فسه‌ره‌كه‌ به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێت:"من ژنتم!".
به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه‌ تامی داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كات. دادوه‌ر داوای ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ده‌كات كه‌ گفتوگۆی نێوان ئه‌و ژن و پۆلیسه‌ی تێدایه‌. له‌وكاته‌دا كه‌ ژنه‌كه‌ به‌ مێرده‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت: "من ژنتم، لێم ببوره‌"، ئه‌و ده‌ڵێت:"ئێمه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ژن و مێردین، كه‌ چوومه‌ سه‌ر ئه‌ركی پۆلیسی جیاوازی تۆ و هاووڵاتییه‌كی ئاسایی نییه‌. ئێستا وابزانه‌ تۆ پۆلیس-یت و منیش هاوڵاتییه‌كی شۆفێرم، چۆن رێوشوێنی یاسایی ئه‌گریته‌به‌ر!؟"
له‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، ژنه‌كه‌ به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ پسوڵه‌ و په‌ڕاوه‌كان له‌ ده‌ستی مێرده‌كه‌ی راده‌پسكێنێت و پێیده‌ڵێت:"له‌دادگا تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ناده‌م، ئه‌چم له‌ تۆ جیا ئه‌بمه‌وه‌!".
ئه‌ویش به‌ده‌نگێكی خه‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت"ئۆكه‌ی... ئاره‌زووی خۆته‌!"
هه‌رچه‌نده‌ پاش حه‌وت مانگ له‌چه‌ند دانیشتنێكی دادگا و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی تا تامی له‌ جۆهان جیانه‌بێته‌وه‌ و شیرازه‌ی خێزانی تێكنه‌چێت، به‌ڵام ژنه‌كه‌ پێداگری له‌جیابوونه‌وه‌ ده‌كات به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی رێزی خۆشه‌ویستی نێوانیانی نه‌گرتووه‌. بۆیه‌ دواجار رۆژی 2 نۆڤێمبه‌ر به‌ره‌سمی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ پۆلیسه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی جیابۆوه‌.

3152 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations