رێكەوتنی 12لایەنەكە بۆ چارەسەری رەوشی عێراق

19.11.2019

لڤین: 
لە كۆبونەوەی 12 لایەنی سیاسی عێراقدا كە شەوی رابردوو لە بەغداد ئەنجامدرا و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری تیادا نەكرد لایەنە سیاسیەكان لەسەر كۆمەڵێك بڕیار و پێشنیار وپلان رێككەوتن. 

كۆبونەوەكە لە ماڵی عەمار حەكیم بوو، سەرچەم پارت و هاوپەیمانە گەورەكانی عێراق و هەریچمی كوردستان تیایدا بەشداریان كرد. 

لایەنە سیاسیەكان بە راگەیەندراویك ئەنجامی ئەو كۆبوەنەوەیەیان بڵاو كردەوە رایانگەیاند كە مەبەستیان لەو كۆبونەوەی رازی كردنی عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان و خۆپیشاندەرانە.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوە سەرجەم لایەنەكان چاودێری جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارانە دەكەن كە لەسەری رێككەوتن و بڕیارەكان بریتین لە:
 
- پێشینە بۆ رێگرتنە لە خوێنڕشتن و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و پاراستنی مافەكانیان و رێگرتن لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و كاولكاری كە كەس لێی پارێزراو نابێ.
 
- پاراستنی بناخەی دەوڵەت و سیستمی سیاسی دیموكراتی و جێگیركردنی پەرەنسیپی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە ئاشتییانە و بە میكانیزمە دەستوورییەكان خاڵی بە یەكگەیشتنی هەمووانە و بەزاندنی و رووخانی هێڵی سوورە.
 
- دەبێت سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاسایش زیاتر دابینبكەن و سامانی گشتی و تایبەت بپارێزن لەپێناو رێگرتن لە چوونی عێراق بەرەو نادیار و پشێوی و نەمانی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان تەواوی پاڵپشتی خۆیان بۆ دەزگا ئەمنییەكان رادەگەیەنن بۆئەوەی ئەركی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە راپەڕێنن.
 
- دەبێت دەزگا ئەمنییەكان و دادگا ئەو كەسانە ئاشكرا بكەن كە تێكدەرن و تاوانكارن، ئەوانەی كە خۆپیشاندانەكانیان شێواند و ئاشتیبوونیان تێكدا و هێرشیانكردە سەر خەڵكی و سامان و هاووڵاتیانیان تۆقاند، دەبێ ئاشكرابكرێن و بەڕوونی بەپێی یاسا و بەڕێگەی دادگا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
 
- دەبێت فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و دامەزراوە پسپۆرەكان ئەو لایەنانە ئاشكرابكەن كە تێوەگلاون لە رفاندنی خۆپیشاندەران و هەوڵیان بەردەوام بێ بۆ ئاشكراكردنی ئەوانەی تێوەگلاون لە تەقەكردن و كوشتنی خۆپیشاندەران و بەئامانجكردنی دەزگاكانی راگەیاندن لە كاتی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم و دەبێت بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن و رادەستی دادگا بكرێن بۆئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
 
- دەبێت پەرلەمان و حكومەت بەردەوام كۆببنەوە بۆ ئەوەی بەپەلە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكەن و سەقفی كاتی بۆ جێبەجێكردنیان دیاریی بكەن كە قابیلی دواخستنی و پشگوێخستن نەبێ و ئەو سەقفانە دەبێت لە كۆتایی ساڵی 2019 درێژتر نەبن، واتا لە 45 رۆژ زیاتر نەبن و گەڕی چاكسازییەكانیش كە سەرۆكوەزیران لەكاتی خۆپیشاندانەكانی 25ی تشرینی یەكەم خستییەڕوو لە پێش هەموویاندایە بۆ جێبەجێكردن.
 
پێشنیازەكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەرێمی كوردستان بریتین لە:
 
- پێویستە دادگای تایبەت بە یەكلاییكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی كارابكرێت و تۆمەتباران بە گەندەڵی كوتوپڕ بە ئاشكرا رەوانەی بكرێن و دادگاییبكرێن هەرچییەك بێ پێگە و لایەنگرییان و دادگا سزایان بدات و ئەو پارەیەی كە بردوویانە بگەڕێندرێتەوە و لایەنە سیاسییەكان پابەنددەبن بە پاڵپشتیكردنی بڕیارەكانی دادگا و پەردەپۆشنەكردنی گەندەڵكاران.
 
- پێویستە لایەنە سیاسییەكان پابەندبن بە تەواو دووركەوتنەوە لە دەستوەردان لە كاری وەزارەتەكان و دەزگاكانی دەوڵەت، بەتایبەت چالاكییە ئابوورییەكان و پێویستە ئەوەی پابەندی ئەمە نابێت لە پێش گەل ئاشكرا بكرێت.
 
- پێویستە لایەنە سیاسییەكان پابەندبن بە دەركردن و هەمواركردنی یاسا سەرەكییەكان لە پەرلەمان بۆ پێشخستنی سیستەم و بەدیهێنانی داواكارییكانی گەل، ئەو یاسایانەی كە پێویستیان بە دەركردن و هەمواركردنە بریتین لە:
 
* هەمواركردنی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و كۆتاییهێنان بە كاری كۆمیسیۆنی ئێستای هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی دیكەی سەربەخۆ دوور لە حیزبەكان و بە راوێژ لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان.
 
* دەركردنی یاسای هەڵوەشاندنی هەموو ئیمتیازاتی بەرپرسانی باڵا و سەرۆكایەتییەكان و پلە تایبەتەكان و بریكاران و بەڕێوەبەران و ئەوانی دیكە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی یان هەڵوەشاندنی جیاكارییەكانی نێوان دەزگاكانی حكومەت و بەئەلیكترۆنیكردنی هەموو مووچەكان بە مووچەی پاسەوانانی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دیكە و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانان.
 
* دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی.
* دەركردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی.
* دەركردنی یاسای ئەنجوومەنی ئاوەدانكردنەوە.
* هەمواركردنی یاسای دەستەی دەستپاكی بۆئەوەی پسپۆر بێ لە لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی و زیادڕەوی لەسەر سامانی گشتی.
* دەركردنی یاسای ئەمەت لەكوێوە هێناوە.
* دەركردنی یاسایەك بڕیارەكانی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەركردایەتی شۆڕش و بڕیارەكانی دەسەڵاتی كاتی بە هاوشێوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بناسێنێ نەك بە یاسا.
* دەركردنی یاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان.
* دەركردنی یاسای نەوت و گاز.
 
- پێویستە حكومەت ناچاربكرێ ئەو بەڵێنانە جێبەجێت بكات كە پێشكەشیانی كردووە و تایبەتن بە هەنگاوی چاكسازیی و خزمەتگوزاری و پەرەپێدان و دابینكردنی هەلی كار و راگەیاندنی هەنگاوە كردارییەكانی و دەستكردن بە جێبەجێكردنیان لە ماوەیەكی كورتدا كە لە كۆتایی ئەمساڵدا تێپەڕنەكات واتا لە 45 رۆژ تێنەپەڕێ و ئەمە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
 
* هەمواركردنی پێكهاتەی كابینەی حكومەت بەشێوەیەكی فراوان و پشت بە توانا گەنجەكان و دەستپاكەكان و سەربەخۆیی وەزیرەكان ببەستێ، دوور لە پشكپشكێنە و لایەنە سیاسییەكان پابەندبن بە سەرپشككردنی سەرۆكوەزیران بۆ دەستنیشانكردنی جێگرەوەكان و دەبێت تەواوی بەرپرسیارێتی ئەو كارە لەئەستۆ بگرێت.
 
* چاوخشاندنەوە بە دامەزراندنە تایبەتەكان بكرێت كە لەم دواییەدا پەسەندكران، ئەم كارەش بە رێگەی لیژنەی پیشەگەر و سەربەخۆ و دوور لە كاریگەری سیاسی بكرێ و دڵنیابوونەوە هەبێ لەوەی دوور بێ لە پشكپشكێنەی سیاسی.
 
* یاسای دڵنیایی كۆمەڵایەتی پێشكەش بكرێت و ئەم یاسایە دروستكردنی سندووقێك دەگرێتەوە بۆ پاڵپشتیكردنی ئەوەی هیچ عێراقییەكان لەژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێتەوە.
 
* یاسای دڵنیایی تەندرووستی پێشكەش بكرێ.
 
* خەرجییە نا پێویستەكانی حكومەت كەمبكرێنەوە، بەتایبەت خەرجییەكانی ناردەنە دەرەوە و ئیمتیازاتە هاوشێوەكانی دیكە.
 
* گۆڕینی بەشێكی زۆری دەستی كاری بیانی كە پێویست نین بە دەستی كاری عێراقی.
 
* حكومەت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو دەروازە سنوورییەكان بسەپێنێ و خۆی پاجی پێویست وەربگرێ بۆ گەنجینەی گشتی و بەپێی یاسا.
 
* حكومەت ناچار بكرێ بەرهەمی ناوخۆ لە كەرتی تایبەت یان كەرتی گشتی عێراقی بكرێ ئەگەر بەردەست بێ.
 
* پێشكەشكردنی یاسای پاراستنی ئازادییەكان و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و ئازادی راگەیاندن و تاوانی ئەلیكترۆنی بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی تەواوی بكات و پەسەندی بكات.
 
* لایەنە سیاسییەكان پابەند دەبن لە چوارچێوەی ئەو میكانیزمانەی كە دەستوور دیاری كردوون بە هەمواركردنی دەستوور و پێشخستنی سیستمەكە بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەی كە لە سیستمی سیاسیدا هەن.

772 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations