وردەكاری نرخ و چۆنیەتی و شوێنی بازرگانانی جەستە لە ناوچەكەدا

پایتەختی بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە

10.12.2019

لڤین: سەلاح خدر

قاچاخچێتیكردن بە ئەندامای جەستەی مرۆڤەوە یەكێكە لەو بازرگانییە نایاسایی و نامرۆییانەی كە داهاتی ساڵانەی لە جیهاندا بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەو وڵاتەش بە بەهەشتی قاچاخچیەكان و بازرگانەكانی ئەندامانی جەستە ناسراون.

بەپێی ڕاپۆرتە لۆكاڵی و جیهانییەكان توركیا ناوەندی بازرگانی كردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوەیە، ئەم كارە لە ڕێی تۆڕ و باندەكانی مافیاوە بەئاگاداری دەزگاكانی دەوڵەت ڕێكدەخرێن، بەشێوەیەك كە جگە لە ناچاركردن، چەندین نەخۆش لەكاتی نەشتەرگەریدا گورچیلەی دزراوە.

گەنجێكی كورد بەناوی باسل محەمەد نەزیر تەمەن ٢٧ ساڵان خەڵكی شاری دربەسێی ڕۆژئاوای كوردستان، ماوەیەك بەرلەئێستا هەوڵی دابوو لەسنورەوە بچێتە باكوری كوردستان بەڵام لەلایەن سەربازانی توركەوە بریندار دەكرێت و ئەشكەنجەی دەدەن، پاشان دەیبەنە نەخۆشخانەی شارۆچكەی كۆسەری مێردین لەوێ نەشتەرگەری بۆ دەكەن، پاش ئەوەی نەزیر دەگەڕێندرێتەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و دەبرێتە نەخۆشخانە ئاشكرا دەبێت كە گورچیلەیەكی لە توركیا دەرهێندراوە.

نەزیر دەڵێت ئەو لەژێر چاودێری سەربازانی توركدا گورچیلەی دزراوە هەربۆیە داوای لە ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكان دەكات لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بكەن.

ئەو گەنجە هەژارانە لەڕێی تۆڕەكانی مافیا و قاچاخچیەوە بەناوی كارەوە دەبرێنە توركیا و هەموو خەرجێكی ڕێگا و مانەوەیان بۆ دەكەن، بەڵام لە توركیا كاریان بۆ نادۆزنەوە و بۆ وەرگرتنەوەی خەرجیەكانیان ناچاریان دەكەن بەزۆر ئەندامەكانی لەشیان بفرۆشن

چەند ساڵێك بەرلەئێستا پەرلەمانتاری سۆسیالیستی سویسری لە پەرلەمانی ئەوروپا (ڕوت گابی ڤەرمۆت مانگۆلد) ڕاپۆرتێكی لەبارەی قاچاخچێتی كردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دایە كۆنسەی ئەوروپا، لە ڕاپۆرتەكەدا توركیای وەك ناوەندی بازرگانی كردن بە جەستەی مرۆڤەوە بەناو كردووە.

لە ڕاپۆرتەكەی مانگۆلدا ئاماژە بەوەكراوە كە توركیا پردی ناردن و بازاڕی فرۆشتنی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤە. 

مانگۆل نوسیبووی، قاچاخچێتی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە لەڕێی تۆڕی تایبەتەوە دەكرێت و گەنجانی هەژار لەوڵاتانی جیهانی سێهەمەوە دەبەنە توركیا و لەوێ ئەندامانی جەستەیان دەفرۆشن.

ئەو دەڵێت، ئەو گەنجە هەژارانە لەڕێی تۆڕەكانی مافیا و قاچاخچیەوە بەناوی كارەوە دەبرێنە توركیا و هەموو خەرجێكی ڕێگا و مانەوەیان بۆ دەكەن، بەڵام لە توركیا كاریان بۆ نادۆزنەوە و بۆ وەرگرتنەوەی خەرجیەكانیان ناچاریان دەكەن بەزۆر ئەندامەكانی لەشیان بفرۆشن.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی مانگۆلد مافیاكان بۆ هەرگورچیلەیەك تەنها ٢ تا ٣ هەزار دۆلار دەدەنە كەسەكان، بەڵام خۆیان هەمان گورچیلە بە ١٠٠ تا ١٨٠ هەزار دۆلار دەفرۆشنەوە.
ئەو دەڵێت بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریی دەرهێنانی گورچیلەی مرۆڤ لە توركیا بەنهێنی و لە دەرەوەی یاسا زۆرجار لەماڵی پزیشكەكاندا دەكرێت، ئەگەری هەیە كەسەكان توشی چەندین نەخۆشی كوشندە و مردن ببنەوە.

زانیارییەكان ئاشكرایان كردووە كە ئەو كارە لەڕێیی كۆمپانیاكانی بەناو گەشتوگوزار و بیمەی توركیاوە دەكرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەكە زۆربەی كڕیاران لە كۆمپانیاكانی بیمەی وڵاتانی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەڕێی نایاسایی ئەو بازرگانییە دەكەن.
زۆرترین قوربانی ئەو كارە نامرۆڤانەیەش ئەو ئاوارە سورییانەن كە كۆچبەری توركیا بوون تایبەتتر گەنجانی بێدەرەتان و منداڵانن.

داعش لە موسڵ بازرگانیان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە و نەخۆشخانەیەكی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە كردوەتەوە، بەشێوەیەك كە هەندێك لە دیل و بارمتەكان بەمەرجی بەخشینی ئەندامێكی جەستەیان ئازادكراون

خراپی ڕەوشی ژنان و دۆخی ئابووری ئاوارە سورییەكان لەلایەن باندە مافیاكانەوە قۆزراوەتەوە و بەكەمترین نرخ ئەندامانەی جەستەیان بەتایبەت گورچیلەكان لێدەكڕن، یان بەزۆر ناچاری پێفرۆشتنیان دەكەن.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (خەبەر ئارك)ی ناسیۆنالیستە توركەكان توركیا بووەتە بەهەشتی مافیاكانی جەستەی مرۆڤ، لە دوای ساڵی ٢٠١١ و بەهۆی جەنگەكانەوە و چوونی بەلێشاوی پەنابەرانی سوری بۆ توركیا، بازاڕ و بازرگانی كردن بەپەنابەرانەوە لە بوارەكانی لەشفرۆشی و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان لەنێو مافیاكاندا گەرم بووە، بەشێوەیەك كە زۆربەی ئەو دیاردەیە لە شاری هاتای سەر سنووری سوریا ڕوویداوە، زۆربەی ئەو كەسانەی ئەندامانی جەستەیان دەرهێنراوە، پاش ئەوەی مردوون تەرمەكەیان فڕێدراوەتە ئەودیوو سنوری توركیا بۆ ناو خاكی سوریا. 
ئاشكراشی كردووە كە سكاڵا تۆماركراوەكانی مەغدوورانی ئەو دیاردەیە لە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش بەهەند وەرنەگیراوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە خودی دەزگا و دامەزراوەكانی دەوڵەتی تورك لەپشت ئەو كارەوەن.
ماڵپەڕەكە لەسەر زاری بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان عێراق سەعید مەموزینی گواستوەتیەوە كە چەتەكانی داعش لە موسڵ بازرگانیان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە و نەخۆشخانەیەكی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە كردوەتەوە، بەشێوەیەك كە هەندێك لە دیل و بارمتەكان بەمەرجی بەخشینی ئەندامێكی جەستەیان ئازادكراون، داعش قاچاخچێتی بە ئەندامانی جەستەی زۆرێك لەو منداڵانەوە كردووە كە كەسوكاریان لە شەڕەكاندا لە دەستداوە، بەڵام ئەوەی بەشاراوەیی هێشتوەتەوە كە داعش ئەو بازرگانیەی لەگەڵ كێ و لە چێ ڕێگایەكەوە كردووە.


لە بەشێكی ڕاپۆرتەكەیدا ماڵپەڕەكە ئاشكرای كردووە كە شارەكانی سلێمانی و هەولێر بووەنتە ناوەندی چاندن و ترانسپۆری ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، نەخۆشەكان لەوڵاتانەوە بەتایبەت لە ئەوروپاوە بەفڕۆكە ڕوودەكەنە ئەو شارانە و لەوێ گورچیلەیا بۆ دەچێندرێت. چونكە بەهای هەر گورچیلەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا نزیكەی ٣٠٠ هەزار دۆلارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر كاتژمێرێكدا ئەندامێكی جەستەی مرۆڤ دەفرۆشرێت و بەردەوام داخوازیش لەسەری زیاتر دەبێت، بەشێوەیەك كە ساڵانە نزیكەی ١٠٠ هەزار تەنها گورچیلە دەفرۆشرێت، لەگەڵ فرۆشتنی ئەندامانی دیكەی جەستەی مرۆڤ كە داهاتی ساڵانەی بە نزیكەی هەشت ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت چونكە بەخشینی بێبەرامبەر زۆر كەم بووە.
لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٤ی نەتەوە یەكگرتووەكان دا هاتووە كە وڵاتانی جیهان زانیاری شەفاف و دروست لەسەر ئەو بازرگانیە نایاساییە نادەن، چونكە كارەكە تەواو بەنهێنی دەكرێت، ساڵی ٢٠١٤ ڕێكخراوی ناوبراو بەڕەسمی ئەو كارە وەك تاوان ناساند.

لە ئەمەریكا هەر ١٠ خولەك جارێك ناوێكی نوێ لە لیستی خاوەن پێداویستی ئەندامانی جەستە تۆمار دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە نزیكەی ٨ هەزار كەس بەهۆی دەسپێنەگەیشتنیان بە ئەندامی پێویست دەمرن

ڕێكخراوە جیهانییە پەیوەندیدارەكان بەو پرسەوە بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە بۆ سێ جۆر پۆڵین كردووە.
١- ناچاركردنی قوربانیەكە یان فریودانی بۆ بەخشینی ئەندامێكی جەستەی.
٢- ڕێكەوتنێكی ڕەسمی یان ناڕەسمی لەگەڵ قوربانیەكەدا، بەپێدانی بڕێك پارە یان فریودانیان و پاشان پارەكەشی نادەنێ، یاخود پارەیەكی یەكجار كەمی دەدەنێ.
٣- بەناوی چارەسەری نەخۆشی و نەشتەرگەری قوربانیەكان دەبرێنە نەخۆشخانە و بێئاگاداری خۆیان ئەندامێكی جەستەیان بەتایبەت گورچیلە دەدزرێت.

جۆرێكی دیكەش لەو بازرگانییە ئەوەیە كە داعش كردویەتی، بە دەرهێنانی ئەندامانی جەستەی كوژراوان، یان دیل و بارمتەكراوەكان.

تەنها لە ئەمەریكا هەر ١٠ خولەك جارێك ناوێكی نوێ لە لیستی خاوەن پێداویستی ئەندامانی جەستە تۆمار دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە نزیكەی ٨ هەزار كەس بەهۆی دەسپێنەگەیشتنیان بە ئەندامی پێویست دەمرن.

گەرچی تا ساڵانێك لەمەوبەر ئیسرائیل وەك پایتەختی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە ناسرابوو، بەوەی زۆرترین خواستیان لەسەر ئەوە هەبووە، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١١ و شاڵاوی كۆچبەری لە سوریا و عێراق و وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئاسیایی بەرەو توركیا ئێستا ئەو وڵاتە بووەتە پایتەخت و بازاڕی جیهانی كڕین و فرۆشتنی ئەو كارە قێزەونە.

ساڵی ٢٠١٨ پێگەی والای عیبری ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە زۆربەی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە سوریا دەكڕدرێت، ئەویش ئەندامی كوژراوانی شەڕەكانن بەتایبەتی داعش و بەناو بەرهەڵستكارانی سوریا، ئەوەش ڕوونە كە ئەو هێزانە لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیادان و ئەنقەرە بەزیندووی و مردووی تەحەكومیان پێوە دەكات.

والا نرخی بازاڕی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤی بەم شێوەیە دەستنیشان كردووە:

- دڵ ٢٠ هەزار دۆلار
- گورچیلە ١٥ هەزار دۆلار
- گلێنەی چاو Cornea ٧ هەزار و ٥٠٠ دۆلار
- باقی ئەندامەكانی دیكەی جەستەی مرۆڤ تا ١٠ هەزار دۆلار دەگۆڕێت.

دۆخەكە گەیشتوەتە ئەو ڕادەیەی كە بەهۆی ئەوەی توركیا سەنتەری سەرەكی ئەو كارە قێزەون و مەترسیدارەیە چیدی نەخۆشەكان لەوڵاتانەوە ناوێرن بۆ چارەسەری ڕوو لەو وڵاتە بكەن.

ئەمە لینكی ئەو پێگە توركیەیە كە ناوی بەرپرسەكەی پارتی سەعید مەموزینی داوە

2981 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations