راهێنەری بەرشەلۆنە: یاری ئەمشەو پەیوەندی بە ریزبەندیەوە نیە

04.01.2020

لڤین: 
راهێنەری بەرشەلۆنە لەبارەی یاری ئەمشەوی یانەكەی بەرامبەر ئیسپانیۆل وتی ئەو یاریە پەیوەندی بە ریزبەندیەوە نیە بۆیە هەردوولا خۆیان ماندوو دەكەن بۆ  بردنەوە چونكە ئەمە یاری دێربیە. 

ئەرنستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، وتی"خوێندنەوەیەكمان بۆ ئاستی ئەم دواییەی ئیسپانیۆل كردووە، هەروەها خوێندنەوەمان بۆ ئاستی ئەبیلاردۆی راهێنەری نوێیان و چۆنیەتی یاریكردن لەگەڵ ئێمە ئەوكاتەی راهێنەری ئالاڤێش بوو كردووە، دەزانین كە هەندێك گۆڕانكاری دەكات".

ئەو لەبارەی یاریەكەی ئەمشەو لە لالیگادا وتیشی "ئەوان لە بارودۆخێكی باشدا نین، بەڵام ئەوەش دەزانین كە ئەمە یاری دێربییە و شوێنی هەردوو تیپەكە لە ریزبەندیدا كاریگەری بەسەر ئاست و ئەنجامی یارییەكەوە نابێت، یاریزانەكانی هەردوولا بە دڵ یاری دەكەن، بۆیە پێویستە بە باشی ئامادەبین بۆ ئەم یارییە".

راهێنەری بەرشەلۆنە وتیشی "بێگومان هیوادارم ئیسپانیۆل لە لالیگادا بمێنێتەوە، نازانم ئەوان دەتوانن ئەم كارە بكەن یان نا، بەڵام جیاوازی خاڵەكانیان لەگەڵ تیپەكانی دیكەی خوارەوەی ریزبەندی ئەوەندە زۆر نییە و پێویستیان بە كۆششێكی زۆرتر هەیە".

915 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations