لە سلێمانی ٣٣١ کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دەستگیرکراون

23.01.2020

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٩ی بڵاوکردەوە و لەو ساڵيدا سێ هەزار و ٥٥٩ تۆمەتبار لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، لەناویاندا ژمارەیەکی بەرچاویان بە تۆمەتی سیخوڕ بوون دەستگیر کراون.

ڕزگار حەمەڕەحیم، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، رایگەیاند: ٣٣١ کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دەستگیرکراون، ٢٨٠ یان لە ڕەگەزی نێر و ٥١ یان لە ڕەگەزی مێ بوون، لەو ژمارەیەش ٤٦ کەسیان بەڕەگەز کوردبوون.

ئاسایشی سلێمانی لەو ساڵيدا  ٢٩١ کەسی بەتۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە، دەستیش بەسەر دەیان کیلۆ تریاک، حەشیش، هێرۆین، شیشە، ترامادۆڵ و حەبی هەمەچەشنەدا گیراوە.

 ئامارەکەی ئاسایشی سلێمانی ئەوەیشی تێدا خراوەتەڕوو، ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و ٢٧ کەس بەتۆمەتی تاوانەکانی کوشتن، دزی، ساختەکاریی، شوێنەوار، ڕفاندن، بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ، قاچاخچێتی مرۆڤ، سیخوڕیکردن و بەزاندنی سنوور دەستگیرکراون.

ئاسایشی سلێمانی لە ساڵی ڕابردوودا ٥٣٦ کەسی بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە، هەروەها ٣٧٤ کەسیش کە بەتۆمەتی هەمەجۆر دەستگیرکراون بەفەرمانی دادوەر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس کراون. 

667 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations