وەزارەتی تەندروستی رێكاری نوێ لە دژی كۆرۆنا دەگرێتەبەر

20.02.2020

لڤین: 
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات ژمارەیەك رێكاری نوێی پێویست بگیرێنە‌بەر لە بارەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆناوە. 

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە، رایگەیاندووە سێ تیبینی دیاری كردووە و بۆ چارەسەر كردنیشی سێ پێشنیاری كردووە.

وەزارەتەكە لەو نوسراوەیدا كە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بەسەرەوەی دەڵێت: لە دوای دڵنیابوون بە تۆماركردنی 6 حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی كۆرۆنای نوێ و لە نێوانیان 2 حاڵەتی مردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەنجامدانی رێككارەكان وەك داخستنی كۆلیژ و پەیمانگا و قوتابخانەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە كە ئەمەش لە لایەن نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ پشتڕاستكرایەوە.

ئەوەشی رونكردووەتەوە: كۆبوونەوەی بە پەلەی لیژنەی باڵای وەزارەتمان بە سەرۆكایەتی وەزیری تەندروستی و ئامادەكاری بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی ئەم نەخۆشییە بە هەموو وردەكارییەكانەوە تاوتوێ و گفتوگۆ كرا دەربارەی باری نەخۆشییەكە لە جیهان و ناوچەكە بە تایبەتیش لە كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەو وەزارەتە سێ تێبینی دیاری كردووە و دەڵێت:

1- زۆری دەروازە و هاتووچۆی نێوان هەرێم و ئەم وڵاتە كە هەزاران كەس لە كاتی سەردانەكان.

2- سەختی جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی كە خۆی لە پشكنینەكانی پزیشكی و كەرەنتین كردنیان دەبینێتەوە و هەروەها رێوشوێنەكانی تر.

3- باری ئێستای بەشەكانی تری عێراق، كە وا دەكات ئەستەم بێت كۆنترۆڵ بكرێت، ئەگەر بێتوو لە عێراق ئەم نەخۆشییە سەرهەڵبدات.

ئەو وەزارەتە پێشنیاری كردووە:

1- رێگریكردن لە هاتنە ژوورەوەی هەموو ئەو هاووڵاتیانەی كە لە ئێرانەوە دێن بۆ ناو هەرێمی كوردستان لە گشت خاڵە سنوورییەكان، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا كاتێكی نادیار جگە لە شاندە دیبلۆماسییەكان، كە پشكنینی پزیشكیان بۆ بكرێت.

2- ئەم رێگرییە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە كە ئێستا لە كۆماری ئیسلامی ئێرانن، بە مەرجێك پابەندی رێكارەكانی وەزارەتی تەندرووستی بكرێن، كە خۆی لە كەرەنتین و چاودێریكردن بۆ ماوەی 14 رۆژ دەگرێتەوە.

3- رێگریكردن لە گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ سەردانی كردنی كۆماری ئیسلامی ئێران تا كاتێكی تری نادیار

691 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations