بۆچی پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم پشتیوانیی حکومەتی نوێی عێراق بن؟

25.02.2020

لڤین:شیکاری/ ئاراس مەسیفی

 هەرێمی کوردستان لە ئێستادا جگە لە رێگەی بەغداد، هیچ رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نییە تا بتوانێت باری ئابوریی و داریی لاری خۆی راست بکاتەوە. ئەوەی جێی نیگەرانییە، نوێنەرانی هەرێم هەمو داواکاری هەرێمی کوردستانیان لە بەغداد لە داواکردنی موچە و چەند پۆستێک سیاسی بۆ خۆیان کورتکردۆتەوە، لە کاتێکدا چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دەرفەتێکی باشی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم رەخساندوە، کە دەکرێت لە ڕێگەی کەناڵە شەرعی و دەستورییەکانەوە سودی گەورەی لێوەربگرێت.

گەورەترین کێشەی کورد لە عێراقدا، چەوسانەوە و زوڵمی نەتەوەیی بو. لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە تا روخانی رژێمی سەددام شوناسی نەتەوەیی کورد هەمیشە لەژێر مەترسیی شێواندن و توانەوەدا بو. دوای روخاندنی رژێمی سەددام و نوسینەوەی دەستوری تازە و بنیادنانەوەی عێراق، هیچ هەڕەشەیەک لەسەر شوناس و کەلتوری هاووڵاتییانی هەرێم نەماوە. ئەوەی هەیە، قەیران و کێشمەکێشی بەرژەوندیی ئابوریی و سیاسیی حوکمڕانانی هەرێمە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ وەدەستخستنی زۆرترین پۆست و پارە، لە بەرامبەر بێدەنگبون لە تەواوی مافە دەستورییەکانی تری هاووڵاتییانی هەرێم.

حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان تەنها لە ناوخۆی هەرێم شکستی نەخواردەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش لە پاشەکشە و شکستی بەردەوام دایە. لەبەرئەوەش ئەگەر گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستەم و دامودەستگاکانی هەرێم پێویستییەکی هەنوکەیی بێت، ئەوە داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییانی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی عێراقیدا لە چوارچێوەی مافە دانپێنراو و بەرجەستەکراوە دەستورییەکان مەرجێکی چارەنوسسازە، بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی شپرزەی هەڕێم، چونکە هەرچەندە شکستی حوکمڕانیی هەڕێم لە ئەنجامی گەندەڵی و قورخکاری حزبە حوکمڕانەکانی هەرێمە، بەڵام ئەو شکست و گەندەڵی و قورخکارییانەی هەرێم تەنها درێژکراوەی شکست و بێسەروبەری و گەندەڵی لە رادەبەدەری حوکمڕانیی ناوەندییە.

ئەو سیستەمە وای کردوە، کە لە بەسڕەوە تا زاخۆ زۆربەی حزبە سیاسییەکانی عێراق بە هەرێمیشەوە بە پاساو و بەهانە و هاندانی نەتەوەیی و مەزهەبی و بە پشتگیری و دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ، دامودەستگاکانی دەوڵەتی عێراق بنکۆل بکەن و سەرچاوەکانی داهاتی هاووڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی کەناڵە شەرعییەکان بەتاڵان ببەن

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی ویست و داواکاریی چاکسازیی و گۆڕانکاریی رىشەییان هەیە، دەتوانن ببنە سەرقافڵەی بەرەوپێشبردنی و فراوانکردنی روانگەیەکی نوێ بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان حوکمڕانی ناوەند و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ رۆحی گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیییە خێراکان یەکانگیر بێت، چونکە فەلسەفە و کرداری حوکمڕانانی هەرێم، کە بنەماکەی کوردایەتییە، پێناچێت بتوانێت نە لە ئێستادا نە لە مەودای مامناوەندی و دور هیچ بەرنامە و پلانێکی گونجاوی بۆ ئاڵەنگارییەکانی سەردەمی نوێ، کە سەردەمی جیهانگرییە هەبێت. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هۆیەکانی گواستنەوە و پەیوەندی، کاڵبونەوەی سنورەکان، کردنەوەی بازاڕەکان و تێکەڵبونی کەلتورەکان خەسڵەتە گرنگەکانی پڕۆسەی جیهانگیرین. گوتاری تەسکی کوردایەتیی، ئەگەر لە دەیەکانی ساڵانی رابوردو زامنی پاراستنی رۆحی بەرگری و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی کوردی بوبێت، ئەوا لە ئێستادا نەک هیچ توانا و ئامادەی خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان نییە، بەڵکو جگە لە پاساو و بەهانەیەکی فریودەری دەستی حوکمڕانانی هەرێم بۆ پاراستنی هەژمون و بەرژەوندییە بنەماڵەیی و حزبیەکانیان هیچی تر نییە.

سیستەمی تائیفی و نەتەوەیی عێراق هۆکاری سەرەکیی شکستە یەک-لە-دوای یەکەکانی حوکمڕانی ناوەندە. ئەو سیستەمە وای کردوە، کە لە بەسڕەوە تا زاخۆ زۆربەی حزبە سیاسییەکانی عێراق بە هەرێمیشەوە بە پاساو و بەهانە و هاندانی نەتەوەیی و مەزهەبی و بە پشتگیری و دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ، دامودەستگاکانی دەوڵەتی عێراق بنکۆل بکەن و سەرچاوەکانی داهاتی هاووڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی کەناڵە شەرعییەکان بەتاڵان ببەن و خۆیان و دارودەستەکانیان پێ سودمەند بکەن.

ئەو شەڕفۆرشتنەی ئێستای هەرێم بە بەغداد تەنها لە روکەش پەیوەندی بە دانانی وەزیری حزبییەوە هەیە، لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بە مەترسی کاریگەریی ئەرێنی راستەوخۆی چاکسازییەکانی بەغدادە بۆ سەر دۆخی هەرێم


حوکمڕانی ناوەند لە ئێستادا هاوشێوەی حوکمڕانی هەرێم نوقمی گەندەڵی و بێسەروبەری و بارمتەی مەحسوبیەت و مەنسوبیەتی حزبی مەزەهەبی و نەتەوەیییە، بەڵام ئێستا نەوەیەک پێگەیشتوە و دەنگی دژی ئەو جۆرە بەڕێوبردن و حوکمڕانییە بەرزکردۆتەوە و لەو پێناوەدا قوربانییەکی زۆریان داوە، کە خەریکە بەرهەمی راستەقینە دروستدەکات. ئەمە ئاسۆیەکی راستەقینەی بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتە و فەلسەفەی حوکمڕانیی دەوڵەتی عێراق هێناوەتە ئاراوە. سادەیی و خۆشباوەڕییە ئەگەر وا بەئاسانی هیوا و ئاواتی گەورە لەسەر نیشانەکانی دستپێکی ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە دروستبکرێت، چونکە ئەو هێزانەی تا دوێنی حوکمڕانیی عێراقیان بە دەست بو، تا ئێستاش بەشی ئەوەندە هێز و کەرەستەیان ماوە لە بچوکترین دەرفەتدا کۆی پرۆسەی عێراق بگەڕێننەوە بازنەی یەکەم، بۆ ئەوەی وەکو رابردو درێژە بە گەندەڵی و قۆرخکارییەکانی خۆیان بدەنەوە. ئەمە چەند بۆ هێزە سوننی و شیعەیییەکان راستە، دو ئەوەندەش بۆ هێزە کوردییەکانی حوکمڕانی هەرێم دروستە، کە جگە لە پارتی و یەکێتی، ئێستا گۆڕانیشیان بۆ زیاد بوە.

هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق تا ئێستا هیوا بەخشن. سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق مۆەمەد عەلاوی بەئاشکرا بە نوێنەرانی هەرێمی گوتوە، کە ئەو ئامادەیە موچەی فەرمانبەران و مافەکانی تری هاووڵاتیانی هەرێم دابینبکات، تەنانەت ئەگەر نوێنەرانی حزبەکانی هەرێمیش لە کابینەکەی ئەودا بەشدار نەبن. ئەوە دەکرێت وەکو وەرچەرخانێکی گەورەی مێژویی لە عێراقی دوای رۆخانی سەددام هەژمار بکرێت، کە دەوڵەتی عێراق خۆی بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم بێ ناوەندگیری حزبەکانی هەرێم بە بەرپرس بزانێت و خەمەکانیان بە خەمی خۆی بزانێت.

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتییەکی مێژویی گەورەیان دەکەوێتە سەرشان بۆ ئەوەی سود لە دەرفەتەکانی چاکسازیی حوکمڕانیی عێراق  وەربگرن و کاریگەری و بەشداریی خۆیان بۆ سەرگرتنی هەوڵەکانی چاکسازیی لە بەغداد بخەنەگەڕ

ئەو شەڕفۆرشتنەی ئێستای هەرێم بە بەغداد تەنها لە روکەش پەیوەندی بە دانانی وەزیری حزبییەوە هەیە، لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بە مەترسی کاریگەریی ئەرێنی راستەوخۆی چاکسازییەکانی بەغدادە بۆ سەر دۆخی هەرێم. لێدوانەکانی ئەم دوایییەی نوێنەرانی هەرێم و هەوڵەکانی سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی بۆ کوکردنەوەی هێزە حوکمڕانەکانی هەرێم لە دژی کابینەکەی عەلاوی دەچنە هەمان چوارچێوە، چونکە حکومەتێکی ناوەندی تەکنۆکرات و بەهێز و باش، نەک تەنها ئامادە نییە، وەزیری گەندەڵی حزبە حوکمڕانەکانی هەرێم لە کابینەکەی بەشداری پێ بکات، بەڵکو ئامادە نابێت بچوکترین چاوپۆشی لە دزین و بەهەدەردانی سەرچاوەکانی داهاتی هاووڵاتیانی عێراق ببۆشێت، جا لە ئوم قەسر، باشماخ یان ئیبراهیم خەلیل بێت.

 لێرەدا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتییەکی مێژویی گەورەیان دەکەوێتە سەرشان بۆ ئەوەی سود لە دەرفەتەکانی چاکسازیی حوکمڕانیی عێراق  وەربگرن و کاریگەری و بەشداریی خۆیان بۆ سەرگرتنی هەوڵەکانی چاکسازیی لە بەغداد بخەنەگەڕ، چونکە بێ چاکسازی ریشەیی لە حوکمڕانیی ناوەند، نەک تەنها هیچ هەوڵێکی چاکسازیی لە هەرێم ناتوانێت سەرکەوتو بێت، بەڵکو هەر شکستێکی تری هەوڵەکانی چاکسازیی لە ناوەند، بە مانای خراپتربونی دۆخی هەرێم و بەجێمانی هەرێم و تەواوی عێراق لە کاروانی پێشکەوتنەکانی جیهان و ناوچەکە و مانەوە لە پەراوێزە. بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت هاووڵاتیانی هەرێمی کورستان لەسەر ئاستی هەمو چین و توێژەکان پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران و هەمو هەوڵێکی چاکسازیی دەرببڕن، لە دەرەوی هەژمونی هێزە حوکمڕانەکانی هەڕێم سود لە هەر دەرفەتێک وەرگرن، بەشدارییەکی کارا لە پڕۆسەی چاکسازیدا بکەن، جا چ بە بەشداری سەربەخۆیانە لە کابینەکەی عەلاوی بێت، چ بە پشتگیری و چونە ناو هێزە عێراقییە چاکسازیخوازەکان بێت.

لە کوردستان تایمز وەرگیراوە

1850 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations