ئەمریکا ژمارەی شازادە دەستگیرکراوەکانی بڵاو کردەوە

08.03.2020

لڤین:

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا چوار شازادەی بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعودیە بە فەرمانی جێنشینی پادشای ئەو وڵاتە دەستگیرکراون، بەوەش کۆی دەستگیرکراون گەیشتە 20 شازادە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو شازادانەی لە چەند کاتژمێری رابردو دەستگیرکراون بریتین لە ئەحمەد عەبدولعەزیز، نایف بن ئەحمەد، محەمەد بن نایف جێنشینی پێشو، نایف محمد، ئەو چوار شازادەیە رۆژی هەینی لەسەر بانگهێشتی محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە چونەتە کۆشکی شاهانە لە ریاز و دواتر دەستیگیرکراون وەکو واشنتن پۆست نوسیویەتی.

پەیوەست بەم بابەتەش رۆژنامەی ئێست ئای لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تا ئیستا 20 شازادەی سعودیە دەستگیرکراون کە "پلانیانداناوە بەهاوکاری وڵاتانی هەرێمایەتی کودەتای سەربازی ئەنجام بدەن".

رۆژنامەی نیۆرک تایمز لەبارەی دۆخی تەندروستی  سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەو وڵاتە نوسیویەتی، "دۆخی سەلمان بن عەبدولعەزیز جێگەی نیگەرانی نیە و هیچ نیشانەیەکی نیە کە توشی نەخۆشی بوبێت".
رۆژنامە ئاماژەی بەوەشکردوە، پادشای سعودیە رۆژی پێنجشەممە واتە چەند کاتژمێرێک پێش دەستگیرکردنی شازادەکانی سعودیە، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیان کردوە، هەندێک بەرپرسی حکومیش دەڵێن، "سەلمان عەبدولعەزیز خۆی واژۆی لەسەر دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کردوە".  

محەمەد بن سەلمان، کوڕی پادشای سعودیە لە ناوەڕاستی ساڵی 2017ەوە وەک جێنشینی سەلمان بن عەبدولعەیزی پادشای ئێستای سعودیە دیاریکراوە، سەرەڕای هەوڵەکانی ناوبراو بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کرانەوەی ئەو وڵاتە لە هەندێک بواری دیاریکراودا، بەڵام بەشێک لە نەیارانی، بن سەلمان بە هەوڵدان بۆ "لەناوبردنی نەیارەکانی" لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات تۆمەتبار دەکەن.

4778 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations