یەکێتی پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی پارتی دەکات

20.03.2020

لڤین:
وتەبێژی یەکێتی هۆشداری دەدات لە بەرامبەر هێرشکردنی دەزگائەمنیەکانی پارتی بۆ سەر سەرۆکایەتی یەکێتی و دەڵێت "ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار ده‌بات".

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رونکردنەوەیەک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێت "جێگه‌ی نیگه‌رانیی قووڵمانه‌ كه‌ به‌بێ هیچ پاساوێك، ئه‌مڕۆ ٢٠ \ ٣\ ٢٠٢٠، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردۆته‌وه‌ كه به‌شی هه‌ره‌زۆری هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر به‌ڕێز هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌.

لەو رونکردنەوەیەدا کە کۆپیەکی بۆ لڤین پرێس نێردراوە وتەبێژی یەکێتی دەڵێت "هه‌ر ئه‌مڕۆ، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێك دا له‌سه‌ر ده‌زگای زانیاری، دووباره‌ و به‌مه‌به‌ست و به‌ خراپ ناوی به‌ڕێزیانی هێناوه‌ و خۆی خستۆته‌ ئاستی لایه‌نداریی نه‌ك بێ لایه‌نی".

ئەوەشی رونکردووەتەوە "ئاژانسی زانیاری به‌ فه‌رمی به‌شێكه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ و له‌ دوای كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتی، به‌ڕێز هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی، سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌ماوه‌".

ئەو پێشی وایە ئه‌م گۆڕانكارییانه‌، پاساو نادات به‌ په‌لاماردانی ئاژانسی زانیاری له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌، دەشڵێت "جێی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌گه‌ر نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئاگاداری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ نه‌بن.‌‌ ئایا له‌م كاته‌دا چ سودێك ده‌بینرێت له‌ هه‌ڵگیرساندنی ئاژاوه‌ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

وتەبێژی یەکێتی لەو رونکردنەوەیەدا دەشپرسێت "ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ چ مه‌رامێك، گوتارێكی‌ سیاسی له‌م جۆره‌،‌ له‌دژی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڕێوه‌‌ ده‌بات. به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌دا كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزیی و پێكه‌وه‌ ژیان هه‌بووه"‌.

وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی راگەیاندووە "ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار ده‌بات و هه‌ڵوه‌سته‌ی جدیمان پێ ده‌كات له‌سه‌ر راستگۆیی پارتی‌ بۆ شه‌راكه‌تی سیاسی و، ئاینده‌ی ره‌وایی مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوانیشمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیار و مەترسی"‌.

15976 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations