سەنتەری میترۆ داوای رێزگرتن لە رۆژنامەنوسان دەكات

سەنتەری میترۆ؛ ئاماری پێشێلکاریەکانی دژ بە رۆژنامەوانان بڵاو دەکاتەوە
25.03.2020

لڤین: 
سەنتەری میترۆ داوا دەكات هێزە ئەمنیەكان بەرپرسان رێز لە كاری رۆژنامەوانان بگرن و ئیدانەی هەڵسوكەوتی ناشارستانی ئەو هێزانە دەكات كە بریاری وەزیری ناوخۆ جێبەجێناكەن و كاری رۆژنامەنوسان بە كەم تەماشا دەكەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان ئەركی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو پێشمەرگە بەرز دەنرخێنی، داوا دەكات رێگری و پێشێلكاری بەرامبەر میدیاكاران بوەستێنن و رێز لەو بریارە بگرێت كە راگرتنی هاتوچۆ لە نێوان شارەكاندا، رۆژنامەنوس و كارمەندانی دەزگاكانی راگەیاندن ناگرێتەوە.

ئەو سەنتەرە دەشڵێت "سەرنجمان داوە هیچ بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێم لەكاتی پێشكەشكردنی ووتەكانیدا جگە لە (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ریواز فایەق)، لە دورو نزیك سوپاسی رۆژنامەنوسان دەزگاكانی راگەیاندن ناكەن لە گواستنەوەی هەواڵ و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان".

لەهەمان كاتدا ئیدانەی هەڵسوكەوتی ناشارستانی ئەو هێزانە دەكات كە بریاری وەزیری ناوخۆ جێبەجێناكەن و كاری رۆژنامەنوسان بە كەم تەماشا دەكەن.

ئەو پێشێلكاریانەی لە 3 هەفتەی رابردوو گەیشتووە بە سەنتەری میترۆ:

• نیوەرۆِی 25ی ئازار لە ناحییەی چوارقورنەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین بازگەیەكی هێزەكان 70 هێزی پێشمەرگە، رێگرییان لە دوو تیمی كەناڵی سپێدە و پەیام كرد، (بروا عەلی،بەرزان ئەحمەد، رێناس ئەرسلان) چوون بۆ وەرگرتنی ئاماری توشبوان بەڵام وەك خۆیان باسیدەكەن " هێرشیان بۆ هێنیان و سوكایەتیان بە تیمەكان كرد".

• نیوەرۆی 24ی ئازار لەكاتی روماڵكردنی جموجۆڵی لەناكاوی بازاڕی دۆلارفرۆشانی شاری سلێمانی، هێزێكی ئاسایشی ناوخۆ بە دەمانچەی كارەبایی هێرشیانە كردە سەر تیمێكی كەناڵی ناوخۆییBMC ، كە پێك هاتبوون لە وێنەگرو پەیامنێری كەناڵەكە (زانا جەلال، پێشەوا بەختیار).

• رۆژی 22ی ئازاری 2020، لە كاتی ڕوماڵی ڕاستەوخۆدا لە شاری سلێمانی كامێرامانی سایتی ناسنیوز (ئاودێر عومەر) لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە ڕێگیری لێكراو و ئازار درا.

• رۆژی 22ی ئازار بنكەی پۆلیسی داسنیا لە پارێزگای دهۆك تیمی كەناڵی سپێدەیان دەسبەسەر كرد (ئازاد سعید،پەیامنێر، محمد حسێن،كامێرامان)

• رۆژی 20ی ئازار لەسەر سكاڵای ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كوردستان، ئومێد حاجی بەڕۆشكی لە سایتی پرس میدیا لەلایەن بنكەی پۆلیسی نەررۆز دەستبەسەركرا.

• نیوەرۆی 20ی ئازار (سەفین حەمید و شڤان هەركی) لە ئاژانسی AFP و میدل ئێست ئیمێجسMiddle East Images، ویستویانە بچنە ئاكرێ پابەندبوونی هاوڵاتیان بە رێنمایی تەندروستی و بریاری قەغەكردنی هاتووچۆن روماڵبكەن، لە بازگەی پردی بێخمە رێگرییان لێكرا.

• رۆژی 14ی ئازار رێگری لە بێژەری كەناڵی NRT هەكار ئامێدی لە چوارتاوەو بەرەو ئۆفیسی كەناڵ دەچێت لە رێگادا لە بازگەی سیتەك رێگری لێكراوە، كارمەندانی بازگەكە پێیان ووتوە تەنها رێگە بە هێزی ئەمنی دەدەین.

• لە 7ی ئازار لە لایەن پۆلیسی شەقلاوە، هونەر مزوری ، كارمەندی جەزیرە دەست بە سەر كرا، بە كەفالەتی ١٠ ملیون دیناری ئیراقی ئازادكرا، دۆسییەكەی پەیوەندی بە پۆستێكی فەیسبەكەوە هەبوو سەبارەت بە ڤایروسی كورونا.

• رۆژی 1ی ئازار لە كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران، لەناحیەیی حاجی ئۆمەران سەر بەقەزای چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر رێگری كرا لە پەیامنێری رۆژنیوز (زۆزگ حەمەد مینە)، ئەو ویستوێتی وەك دەزگاكانی میدیای تر كە لەو شوێنە بوون ڕوماڵی جموجۆڵی بازرگانی و ڕێوشوێنە تەندروستی و ئەمنیەكان بكات بۆ ڕوبەڕوبونەوی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

266 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations