یەك ملیار دۆلاری هەرێمی كوردستان لە لوبنان گیری خواردووە

28.03.2020

لڤین: 
پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرای دەكات بازرگانێكی پاكستانی لەڕێی ئاشتی هەورامیەوە دەڵاڵی نێوان حكومەتی هەرێم و رۆزنەفت بووە و رونیشی دەكاتەوە ئێٍستا ملیارێك دۆلاری هەرێمی كوردستان لە لوبنان گیری خواردووە و ناتواندرێت بهێندرێتەوە.  

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی سامانەسروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات یەك ملیار دۆلاری هەرێمی كوردستان لە لوبنان هەرێمی كوردستان ناتوانێت بیهێنێتەوە ناوی ئەو كەسەش ئاشكرا دەكات كە 250 ملیۆن دۆلارەكەی بۆ كەسێكی بەماڵەیەك  وەرگرتووە. 

ناوبراو لە نوسینێكدا ئاشكرای دەكات "دەركەوت یەك ملیار دۆلاری حكومەتی ھەرێم لە لوبنانگیری خواردوە ناتوانن بگەرێیتەوە بەدواچونمان بۆ ئەم كەیسە كردووە، چونكە بە گەڕانەوەی ئەم بڕە پارەیە بەشێك لەم قەیرانە كاتیە چارسەر دەبێیت بۆیە لە بەدواچونەكانمان" وردەكاری ٢٥٠ ملیۆن ویەك ملیارەكەمان بۆ دەركەوت".

ناوبراو ئاشكرای دەكات "ئاشتی هەورامی و سەروی ئەویش بۆ ئەوەی پارەی شیرینی نەوت ڕاستەوخۆ لە ڕوزنەفت وەرنەگرن، بەناوی نێوەندگیری و ڕێكەوتن دەڵاڵێك داخڵی نێوان خۆیان و ڕوزنەفت و كۆمپانیای كار دەكەن بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار، بۆ ڕێكەوتنێك كە پێكهاتووە لە 5 بلۆكی نەوتی و بازرگانی نەوت و بۆری گواستنەوەی نەوتی كوردستان، ئەو دەڵاڵەش 1 ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم لەبانكێكی لوبنانی دادەنێ كە ئێستە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم".

ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانەسروشتیەكان ئاشكراشی دەكات "ئەو كەسەش بریتیە لە (مورتەزا لاخانی) بەڕەكەز پاكستانی، مورتەزا لاخانی شوێنی تایبەتی حەوانەوەی لەهەرێمی كوردستان هەیەو 20 ساڵە لەهەرێم دەڵاڵی نەوتە، ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە، پێش هەرێم لە عێراقیش خەریكی نەوت بووە وەك نوێنەری كۆمپانیای گلینكۆری بەریتانی-سویسری".

 ئەو كەسە بە رەگەز پاكستانیە "دەڵاڵی نێوەندگیری ڕێكەوتنی نێوان ڕوزنەفت و هەرێمی كوردستانە، ئەمەش پاش ئەوە دێت كە ئاشتی هەورامی بەنامەیەك ڕوزنەفت ئاگادار دەكاتەوە لەوەی مورتەزا لاخانی دەسەڵاتی پێ بەخشراوە بۆ دانوسان لەگەڵ ڕوزنەفت و كۆمپانیای كاری پارتی دیموكرات".

گەلاڵی ئەوەشی ئاشكرا كردووە "مورتەزا لاخانی موچەی ساڵانەی پێدراوە بەبڕی 1 ملیۆن دۆلار! ئاشتی هەورامی لەسەر لاخانی دەڵێ : مورتەزا ئەزانێ كە كێ توانای كڕینی نەوتی هەرێمی هەیەو ناوی كڕیارەكانی لایە! مورتەزا ئەیزانی كێ مامەڵەمان لەگەڵ دەكات لەكڕین و فرۆشتنی نەوت دا، ئەو دەرگاكانی بەڕودا كردینەوە".

ئەو باس لەوەش دەكات كە وەزیری پێشووی سامانەسروشتیەكانی بەم شێوە ئەو كارەیان رێكخستووە "تاكو خۆیان ڕاستەوخۆ ئەو پارەیە وەرنەگرن كە بڕەكەی 250 ملیۆن دۆلارەو مورتەزا وەریگرتووە".

پەرلەمانتارەكەی كوردستان ئاشكراشی دەكات "پارەكە بۆ حسابێكی بانكی لە قوبرس بەناوی كۆمپانیاكەی لاخانییەوە (IMMS) نێردرا لەوێشەوە بۆ بەیروت ڕەوانەكرا، ئێستە پارەی حكومەتی هەرێم لەڕێی ئەم دەڵاڵەی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەو بانكەی لوبنان بەناوی بانكی (دەریای ناوەڕاست - med bank) گیریخواردووەو بۆیان ناگەڕێنرێتەوە كەبڕەكەی 1 ملیار دۆلارە". 

سەركۆ گەڵاڵی ئەوەش دەخاتەڕوو "لە ئەمریكا سكاڵای لەم بانكە تۆماركردوە دوای ئەوەی سكاڵاكەی لەلوبنان لەلایەن ڕیمۆند ڕەحمەوە سەركەوتوو نەبوو! ڕیمۆند ڕەحمە بزنسمانێكی لوبنانیەو پشكی لەكۆڕەكدا هەیە! پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی هەیە".

ئەو رێگای شاردنەوەی پارەی نەوت ئاشكرا دەكات كە "كۆمپانیای (IMMS) بەڵێندەری لاوەكیی كۆمپانیای (MNR)ە، كە فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات و لەگەڵ سەعد عبدالله كە ڕاوێژكاری ئاشتی هەورامییە 12 هەژماری بانكی نێودەوڵەتیان دروست كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو پارانەی نەوت! كاتێك دیلۆیت وردبینی شەفافیەتی نەوت دەكات توشی شۆك دەبێ لەو ژمارە زۆرەی حساب بانكی كە بۆ فرۆشی نەوت و پارەی نەوت لە جیهاندا هەیە".

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان باس لە زۆر وردەكاری تری ئەو دۆسیەیە دەكات و دەڵێت "ڕوزنەفت %60ی بوریەكانی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كڕی لە كۆمپانیای كار بەئامادەبوونی ئاشتی هەورامی، بۆ ئەوەش پێشەكی بڕی 1 ملیار دۆلاری دا بە كۆمپانیای كار".

5758 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations