لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

29.03.2020

لڤین:
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیار و رێنماییەكی نوێی دەركرد، بڕیاری كردنەوەی نۆڕینگەی پزیشكەكانی بە مەرجەوە دەركرد، هاوكاتیش رۆژانە بانكە ئەهلیەكان بۆ ماوەی 3 كاتژمێر كار دەكەن. 

پارێزگای سلێمانیدا رایگەیاند، لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە بە مەبەستی رێكخستنی شێوازی كاركردنی بانكە ئەھلییەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكردنی خۆراك و مۆڵەتپێدانی كۆمپانیاكانی كەرتی كشتوكاڵ و شێوازی وەرگرتنی موچەی فەرمانبەران وچەند رێنماییەكی نوێی دەركرد.


رێنماییەكان: 


١. لە رۆژی (٣٠/٣/٢٠٢٠)ەوە، لە سەعات (٩)ی بەیانی بۆ (١٢)ی نیوەڕۆ بانكە ئەھلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەم مەرجانەی خوارەوە دەكرێنەوە:
أ- پەیڕەوكردنی تەواوی مەرج و ڕێنماییە تەندروستیەكان.
ب- لە ھەر بانكێكدا نابێت لە (٥) كارمەند زیاتر بە (بەڕێوەبەرو كارمەندەكانیشەوە) دەوام بكات.
ت- دەبێت بەپێی لیستێك سەردانكەران ڕێكبخرێن‌و كاتی پێشوەختیان بدرێتێ‌و نابێت لەیەك كاتدا لە دوو كەس زیاتر بێتە بانكەكەوە.
پ- پێویستە كارمەندان‌و سەردانكەرانی بانكەكان پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامیەكانیان بن.
ج- پێویستە بانكەكان پاكژ بكرێنەوەو دەرمانپژ بكرێن.
٢. ھەموو ڕێكخستن‌و مۆڵەتپێدانێكی كەرتی كشتوكاڵی‌و خانووی پلاستیكی‌و كێڵگەو نەمامگەو ھەنگەوانی‌و...تاد لەلایەن فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانیەوە دەبێت بەھەماھەنگیی یەكە كارگێڕییەكان‌و فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی‌و ئاسایشی خۆرئاوا لە شوێنە جیاجیاكاندا بەپێی سنوری كارگێڕی خۆیان.
٣. كۆمپانیاكانی دابەشكاریی خۆراك‌و پێداویستیەكان لەناو شاری سلێمانیدا كارەكانیان لە سەعات (٨)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی جێبەجێ دەكەن.
٤. یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی تا دوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ھیچ ئەندامێكی نوێ وەرناگرن‌و ھیچ بڕە پارەیەك بۆ ڕسوماتی ڕێگەپێدان وەرناگرن‌و بە ھەماھەنگیی لەگەڵ قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی كارەكانیان دەكەن.
٥. دەست بە دابەشكردنی ئارد بەسەر بریكارەكاندا كراوەو لەدوای (١/٤/٢٠٢٠)ەوە بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو دەست بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر بریكارەكاندا دەكرێت‌و پێویستە بریكارەكان‌و ھاووڵاتیانیش لە سنوری گەڕەكەكانیاندا پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
٦. كاركردن بە كرێكاران‌و توانستمەندانی بیانیی لە كارگەو كۆمپانیاكاندا، ئاساییە بە مەرجێك پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن‌و ھیچ ھاتووچۆیەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانیاندا نەكەن.
٧. پێویستە ھەموو فەرمانگەكان لەكاتی وەرگرتنی موچەدا پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بكەن‌و بەڕێوەبەران‌و جێگرانیان بە نووسراوی ئەو فەرمانگەیەی ئەو ڕۆژە موچە وەردەگرێت‌و بە ناسنامەكانیان كارئاسانیان بۆ دەكرێت.
٨. ھەر فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاریی لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، یان بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكەیەوە بەھەماھەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەی خۆی لەكاتی دەوامكردن‌و ئەركی فەرمیدا كاری ھاتووچۆی كارمەندەكانی خۆی ڕێكدەخات. ھەر كارمەندێك لە ئەركدا نەبێت‌و قەدەغەی ھاتووچۆ بشكێنێت و بۆ كاری تایبەتی ئۆتۆمبێلەكەی بەكاربێنێت، سزا دەدرێت.
٩. نۆرینگەكان بەپێی بەرنامەیەكی دیاریكراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی‌و سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانیەوە بەشێوەی (تەناوب)و بەپێی پێویستی گەڕەكەكان لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە كاردەكەن:
١- پێویستە نۆرینگە بە دەرمانی دژە ڤایرۆس ڕەشكرابێت.
٢- كارمەندی نۆرینگە دەبێت بە ماسك‌و دەستكێش‌و گاونی پزیشكی كاربكات.
٣- پێویستە جێڵی تەعقیم بۆ ھاوڵاتیان لەبەردەست بێت بەبەردەوامی.
٤- نابێت قەرەباڵخی لە نۆرینگەدا ھەبێت، واتە ماوەی نێوان دوو كەس لانی كەم لە یەك مەتر كەمتر نەبێت‌و لە یەك كاتدا یەك كەس زیاتر نەبینرێت‌و بە ئاگاداری لە ناوەوەو دەرەوەی نۆرینگەكە ھەڵبواسرێت.
٥- نابێت چارەسەری ئەو كەسانە بكرێت كە نیشانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان ھەیە.
٦- لەكاتی بوونی گومان‌و زانیاری لەسەر ھەركەسێك بە تووشبوون یان نیشانەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پێویستە ڕێنوێنی بكرێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات كە دەستنیشان كراون بۆ پشكنین یان چارەسەر.
٧- پێویستە سجلی تۆماری سەردانكەران بۆ نۆرینگە ھەبێت كە سەرجەم زانیارییەكانی تێدا تۆماربكرێت.
١٠. تیمەكانی چاودێریكردنی قەدەغەكردنی ھاتووچۆ زیاد دەكرێن‌و شەوو ڕۆژ بەبەردەوامیی لە ئەركدا دەبن.
١١. بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەری سلێمانی بە ھەماھەنگیی یەكە كارگێڕییەكان، كاری پێویست بۆ ڕێكخستن‌و مۆڵەتپێدانی ھاتووچۆی ئەو بوارانە جێبەجێ دەكات كە دەكەونە پسپۆڕی‌و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەرییەوە.
١٢. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا، بە ھەماھەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موختاری گەڕەكەكان، لیستی ئەو خێزانانە ئامادە بكەن، كە پێویستیان بە بەرنامەی پشتیوانیكردنە.
١٣. پێویستە ھەموو ئەو كەس‌و دەستەو لایەن‌و كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازیی دەكەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادە بكەن‌و ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكانی كە ئەو كارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ دەكەن، بۆئەوەی زۆرترین خێزان بێ دووبارەبوونەوە سودمەند بن‌و بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان‌و پارێزگاو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.

1777 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations