لڤین ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی بڵاو دەکاتەوە

02.04.2020

لڤین: 
مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ كۆبویەوە و تیادا لەسەر چەند تەوەرێكی جیاواز گفتوگۆی كرد و ستایشی بڕیاری حكومەتی كرد بۆ دەستكاری نەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. 

ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و لاھور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرپەرشتی كۆبونەوەكەی كرد. 

تیایدا سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان كرا بۆ پابەندبونیان بە رێنماییە تەندروستیەكان و ئەو رێكارانەی حكومەتی هەرێم گرتویەیەتیە بەر. ستایشی شەونخونی و ماندووبوونی بێ سنووری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆی كرد كە جەنگاوەری پێشەوەی جەنگی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتیانن. 

تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە گفتوگۆ كردن بوو لەسەر لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەم دۆخە سەختە لەسەر ئابووری ھەرێم و عێراق و جیهان و لەو بارەیەوە بەدەست خۆشییەوە پێشوازیكرد لە بڕیاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە دەستكارینەكردنی مووچەی فەرمانبەران سەرەڕای  سەختی بارودۆخەكە.

تەوەرێكیتری كۆبونەوەكە گفتوگۆبوو بوو لەبارەی دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی عێراق، ئەو كۆبونەوەیە بەپێویستیزانی هەرچی زووە پێكهێنانی حكومەتێك كە خواستی رەوای خەڵكی عێراق و ھەرێمی كوردستان بپارێزێت و پابەندبێت بە دەستوور وەك چوارچێوەی گشتی پاراستنی مافی ھەموو پێكهاتەكان.

لە كۆتایی ئەو كۆبونەوەیەدا هەریەكە لە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداریان كرد، لە كۆتایی كۆبونەوەكەشدا لەبارەی "ئەركە حزبی و رێكخراوەییەكان لەچوارچێوەی پابەندی تەواو بە رێنماییە تەندروستییەكان بڕیاردرا كارەكانی خۆیان لە ئۆرگانەكاندا رێك بخەنەوە و پاڵپشتی حكومەت بكەن بۆ تێپەڕكردنی ئەم قۆناغە. 

4103 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations