داوای ئازادكردنی رۆژنامەنوسەكەی هەولێر دەكرێت

07.04.2020

لڤین: 
داوا دەكرێت هەرچی زووە رۆژنامەنوسەكەی هەولێر كە دوای ئازادكردنی بۆ جاری دووەم دەستگیر كرایەوە ئازاد بكرێت بە بێ دانانی هیچ پێشمەرجێك بۆی.  

 

ناوەندی(PEN)ی كورد،لەبارەی دووبارە دەستگیركردنەوەی رۆژنامەنوسەكەی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا دەڵێت: بەگوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ، ئازادی ڕا دەڕبرین یەكێكە لەبنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ، هەموو كەسێك مافی‌ دەربڕینی‌ بیروڕای‌ هەیە و لەچوارچێوەی ئەو مافەشدا پێویستی‌ بەوە هەیە دەستی‌ بە هەموو ئامرازێكی‌ گونجاوی‌ بیروڕا دەربڕین ‌و بڵاوكردنەوە بگات.

 ئەو انوەندە ئاماژەی بە دەستگیر كردنی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند كردووە و پێیوایە هیچ تاوانێكی نەكردووە، داواش لە دەسەڵاتی سیاسی و دادوەریی هەرێمی كوردستان دەكات بەبێ هیچ پێشمەرجێك ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازاد بكەن.

هەروەها هاتووە "ئێمە وەكو ناوەندی (PEN)ی كورد بە ئەركی خۆمانی دەزانین كە پشتگیریی تەواو لە ئازادی بیروڕا بكەین، ئەو شێوازە مامەڵەكردنە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ڕەتبكەینەوە، چونكه پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕینە".

ئەوەش دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی 5ی مانگ هێمن مامەند بە بڕیاری دادوەر بە دانانی بارمتەی یاسایی بەبەهای 10 ملیۆن دینار ئازاد كرا بەڵام درەنگانی شەوی رابدردوو هێزێكی ئەمنی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند یان لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیر كردەوە. 

691 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations