وەزارەتی پێشمەرگە دوای هێرشەكەی كوڵەجۆ دڵنیایی دەدات

08.04.2020

لڤین: 
وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیایی دەدات لە سەرنەكەوتنی هێرشەكانی چەكدارانی داعش و رونیدەكاتەوە پێشتر هۆشداریانداوە لە خۆڕ]َكخستنەوەی داعش و دەشڵێت لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقیەكان هەماهەنگی زیاتر دەكەن. 

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە و شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە رایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لەسنوری گەرمیان، لەساتی ڕاوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسول ، سوركێو حەمە رەشید ) شەهید بوون.

ئەو وەزارەتە جگە لە سەرەخۆشی لە خەڵك و بنەماڵەی دوو شەهیدەكەی پێشمەرگە دەشڵێت:  بەخەڵكی كوردستان ڕادەگەینین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەكەمان و خراپی دۆخەكە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، بەڵام وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لەئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.

ئەوەشی وتووەكە پێشتریش هۆشدایانداوە لە خۆرێكخستنەوەی شانە نووستووەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەڵام دڵنیای دەدات و دەڵێت "بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش".

531 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations