جەعفەر ئێمنكی: ھیچ ھێزێك نەماوە لەژێر دەستی پارتی ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتە

19.04.2020

لڤین: 
جەعفەر ئێمنكی،  ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت لەو باوەڕەدا نیم گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەتایبەتی ئەوەی لە زینی وەرتێ ڕووی دا، ڕێگر بن لەبەردەم پێشڤەچوون و پەیوەندییەكانی نێوان و ئێمە و برادەرانی یەكێتی. 

ناوبراو لە دیدارێكدا لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەكەیدا، دەشڵێت، ھیچ ھێزێك نەماوە لەژێر دەستی پارتی، ھەموو ھێزەكانمان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی حكومەت، یەكەی ھەشتای سەر بە پارتی خراوەتە ژێر دەستی دەزگاكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پێویستە لایەنەكانی دیكەش كارێكی وا بكەن. 

-خوێندنەوەتان بۆ گرژییەكانی ئێستا چییە؟
جەعفەر ئێمنكی: پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی پەیوەندیی شەراكەت و ھاوپەمانییە، كە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە تا ئێستا ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بوونە و سەقامگیریشی بە خۆیەوە بینیوە، لەو باوەڕەدا نیم گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەتایبەتی ئەوەی لە زینی وەرتێ ڕووی دا، ڕێگر بن لەبەردەم پێشڤەچوون و پەیوەندییەكانی نێوان و ئێمە و برادەرانی یەكێتی، ئەمەی ڕووی دا نەدەبوو بگاتە ئەو ڕادەیە و پێم وابێت ڕەوشێكی كاتییە، ھەتا نەشدەبوو بگاتە ئەو ئاستە، چونكە بە دەركردنی بەیاننامە و ڕاگەیاندن ھیچ كێشەیەك چارەسەر ناكرێت.

-ھیچ ھەوڵێك دراوە بۆ دامركردنەوەی گرژییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان؟
جەعفەر ئێمنكی: پێویستە حكومەت پشتیوانی لە ھەموو لایەنەكان وەربگرێت، لە ئێمە وەك پارتی، لە یەكێتی و ھەموو لایەنەكان، ھەتا ئەوانەی لایەنی ئۆپۆزسیۆنیشن و لەنێو حكومەتدا نین، بەتایبەتی لە ڕەوشێكی وەك ئێستا، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا پرسێكی نیشتمانیی گەروەیە و پێویستە ھەموو لایەنەكان پشیتوانی و ھاوكاریی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن، بەیاننامەی ئەمڕۆ شەممەی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، جێگەی دڵخۆشییە، بەوەی ڕەوشەكە ئاسایی ببێتەوە، ھەوڵێكی دیكەش ھەیە، ئێمە ئاگادارین سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش لەسەر خەتە و لە خەمی ڕەوشەكەدایە، بەو ئومێدەی بگەنە دەرئەنجامێك.

-ھاوڵاتیانی كوردستان نیگەرانن لەوەی گرژی سیاسی هەبێ و پارتیش چەند جارێك راشكاوانە گوتوویەتی كە شەڕی نێوخۆیی رووناداتەوە تیڕوانیینەكان چین؟
جەعفەر ئێمنكی: بە ڕاشكاوی پێتان بڵێم شەڕ ھەمووی پیسە، شەڕی براكوژی، شەڕ لەگەڵ دراوسێ، یان ھەركەسێك بێت، شەڕ خراپە و ھیچ شەڕێك باش نییە، ھەندێ بە ناچاری بەرگری لە خۆت دەكەی ئەمە پرسێكی دیكەیە، بەڵام كات تێ پەڕیوە و كاتی ھیچ شەڕێك نەماوە لە ھەرێمی كوردستان، شەڕی ناوخۆ مومكین نییە بكرێت، نە گرژییەكانی ئێستا و نە ھیچ گرژی و كێشەیەكی دیكە نابێتە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆ، چونكە نە لەناو یەكێتی و نە لەناو پارتی ئیرادەی شەڕ ھەیە.

-هێزەكان لە دەستی حكومەت دان پێویستە لایەنەكان چی بكەن؟
جەعفەر ئێمنكی: ھیچ ھێزێك نەماوە لەژێر دەستی پارتی، ھەموو ھێزەكانمان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی حكومەت، یەكەی ھەشتای سەر بە پارتی خراوەتە ژێر دەستی دەزگاكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پێویستە لایەنەكانی دیكەش كارێكی وا بكەن بۆ ئەوەی ھێزە چەكدارەكان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حكومەت.

-لێرە و لەوێ باسی دوو ئیدارەیی دەكرێت؟
جەعفەر ئیبراھیم: خەڵكەك ھەیە و پەرلەمانتار ھەن لە بەغدا كار بۆ دوو ئیدارەیی دەكەن، تا مووچەكانیان لە بەغداوە خەرج بكرێن و سلێمانی بخرێتە سەر بەغدا، ئەمە نابێتە دوو ئیدارەیی، ئەوە دەبێتە تەسلیمكردنی پارێزگای سلێمانی بۆ بەغدا، واتە دوو ئیدارەیی ڕوو نادات یەك ئیدارەیە، ئەویش پێویستی بە ڕاپرسیی خەڵكی كوردستانە و ئێمە دڵنیاین لە ئەگەری ڕاپرسی بۆ پرسێكی وەھادا، خەڵكی خۆراگری سلێمانی و گەرمیان ھەر بۆچوونێكی ھاوشێوە ئەوە ڕەت دەكەنەوە، ئەوانەی داوای دابڕكردنی سلێمانی بۆ سەر بەغدا دەكەن، دەنگی نەشازن.

1751 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations