بڕیار بوو كابینەی نوێ لەگەڵ میللەت راستگۆ بێت

20.04.2020

لڤین: لە هەژماری سەرتیپ كەریم وەیسی وەرگیراوە

بڕیار بوو كابینەی نوێ لەگەڵ میللەت راستگۆ بێت، دوای سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە بێنە سەر شاشە و دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی روون بكەنەوە، بەڵام ئەوان نەك ئەوەیان نەكردن، بەڵكو لە ژێر فشاری خەڵك هەستان پلانی دەستكاریكردنی موچەیان هەڵوەشاندەوە و بڕیاریاندا هیچ هەنگاوێك نەگرنە بەر كە تیایدا عەیب داربن، هەربۆیەش بە كۆی دەنگ لەگەڵ ئەوەبوون كەی پارەی پێویست هەبوو موچە دابەش بكەن.


وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی دوو هەفتەی رابردوو، كاتێك داوای لێكرا دۆخی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ ئەندامان روونبكاتەوە ئاماژەی بەوەكردبو، كە ئەو لەگەڵ ئومێد سەباح دوو گیانن لە یەك جەستەداو بۆیە ئومێد دەتوانێت دۆخەكە بە داتاو ژمارە روونبكاتەوە، بۆچی ئێستا خۆی بێ دەنگ كردوە؟!


لە كابینەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی راستگۆتر بوو، چونكە لانیكەم ئەو هات بە بڕیارێك پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی راگەیاند و بەرپرسیاریەتەكەی هەڵگرت، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە مراوەغەو فێڵێك لەگەڵ فەرمانبەران بكات، تاوەكو چەند مانگێك بەر لە كۆتایهاتنی كابینەكەشی لە ژێر فشاری فەرمانبەران مایەوە.


لە مێژووی ئەنجومەنی وەزیران نەبووە، ئەوەندەی ئێستا بەیاننامە و روونكردنەوە له لایەن ئەو تیمەی ئەنجومەنی وەزیران دەربكرێت، ئەڕێ خێرە پاش 42 رۆژ تێپەربوون بەسەر دابەشنەكردنی موچە نایەنە سەر شاشەو راستیەكە بۆ خەڵكی روون بكەنەوە؟!


ئەگەر سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی جورئەتی ئەوە ناكەن دۆخەكە روونبكەنەوە، خۆ ئومێد سەباح و ئاوات شیخ جەناب دەتوانن ئەو كارەبكەن؟!!

281 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations