گروپێك لەناو گۆڕان جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن

11.05.2020

لڤین: 
ئاراستەی پرۆگۆڕان هەڵوەشایەوە و لە شوێنی ئەو رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ) دەستی بەكاركرد، چیتر لەناو گۆڕاندا كار ناكات و پشت بە پەرلەمانتارە ئۆپزسیۆنەكانی ناو پەرلەمان و كەسایەتی و رۆشنبیران دەبەستێت. 

لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا ئاراستەی پڕۆگۆڕان كە تەمەنی نزیكەی ساڵێك دەبێت خۆی هەڵوەشاندەوە و چیتر هیوای بە چاكسازی لەنێو بزوتنەوەكە نەماوە . 

لەو بەیاننامەیەدا ئاراستەیەكی نوێ بەناوی رەوتی ئایندەی نیشتیمان (رەوا) راگەیەندرا و بڕیاریوایە لە نێو كەسایەتی و پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەكان كار بكات. 

دەقی راگەیەندراوەكە:

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان

تێكۆشەرانی گۆڕانكاری و چاكسازی

پاش لادانی دەسەڵاتدارانی گۆڕان لە پرەنسیپەكانی چاكسازی و گۆرانكاری و هەنگاوە هەمەجۆرەكانیان بۆ پێشێلكردنی ژیانی رێكخراوەیی ئاسودە و دەستەجەمعی ناو بزوتنەوەكە كۆمەڵێك لە هەڵسوراوان لە دەرەوەی وڵات لە مانگی ئۆكتۆبەری 2018 دەستپێشخەری دامەزراندنی ئاراستەیەكیان بە ناوی پرۆژەی چاكسازی ناو گۆڕان، ناسراو بە (پرۆگۆڕان)، كرد، خاڵە بنەرەتیەكانی پرۆژەكە بۆ راستكردنەوەی دۆخی ناوخۆی گۆڕان بوو بە رێگەی پێرەوكردنی بریاری دەستەجەمعی و پێرەوكردنی برگە گرنگەكانی دەستوری گۆڕان.

بۆ ئەو مەبەستە پرۆگۆڕان پرۆژە و یاداشتی ئاراستەی بازنەكانی دەسەڵاتی گۆڕان كرد، مەخابن نەك هەر هیچ وەڵامێكیان نەبوو هەڵسان بە هەڵمەتێكی ناشرینی دوور لە رەوشت و نەریتی گۆرانخوازان بۆ ناوزراندن و بەرەنگاربونەوەی ئەو دەستە هەڵسوراوە و ئاراستەی پرۆگۆڕان.

لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتدا پرۆگۆڕان بە سەبرێكی بێئەندازە و دیدگایەكی ورد و بەرپرسانە بەردەوام بوو لە قەناعەت هێنان بە دەسەڵاتدارانی گۆڕان كە ئەو سیاسەت و كارانەی دەیانكەن لە خزمەتی پرسەكانی چاكسازی و گۆڕانكاریدا نین و لە گەڵ پرەنسیپەكانی ڕەوانشادیش نەوشیروان مستەفا یەك ناگرنەوە.

مەخابن جارێكی تر بەردەوامبون لە كاری نادەستوری و میزاجی، وەك سزادان و دەرپەڕاندن و دەركردنی هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكان و لە ئاستی ناوخۆی گۆڕانیش كەسانی بێ توانا و گەندەڵ و لادەریان كردە پێشەنگی كار و كردار و هەڵوێستەكانیان، هاوتەریب لە گەڵ ئەم دۆخەدا تا دەهات دەیان هەزار دەنگدەری گۆڕان و جەماوەرەكەی بێئومێد دەبون لە دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەكە بە سەر موقەدەراتی بزوتنەوەكەدا. لە لایەكی تریشەوە دیاردەكانی دەسەڵاتی سێبەر لە لایەن كوڕەكانی رەوانشاد بوە واقیعێكی تفت و تاڵ و نەخوازراو، لەو ساتە وەختانەدا ئەم دیاردەیەش هۆكارێكی گرنگی تر بو بۆ داكشانی متمانە و ئومێدی جەماوەر بە بزوتنەوەكە.

پرۆگۆڕان لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك چی پێكرابێت بۆ تۆكمەكردنی پەیوەندیەكانی لە گەڵ كەسایەتی و گروپ و هەڵسوڕاوە ناڕازیەكان درێغی نەكردوە، ئەمەش بەمەبەستی داڕشتنی دیدگایەكی هاوبەش بۆ ئایندەی پرسەكانی چاكسازی و گۆڕانكاری لە ژیانی سیاسی و حوكمرانی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردستان، خۆشبەختانە لەو بوارەدا پێشكەوتنی بەرچاو بەدەستهێنراون.

لە ساتەوەختی گفتوگۆكان بۆ بەشدرایبونی گۆڕان لە كابینەی نۆدا پرۆگۆڕان ڕاشكاوانە ڕایگەیاند ،لە گەڵ بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا نین، جەختیش كرایەوە گەر هەر بەشدار دەبن هاوسەنگی و پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەكە و جێگیركردنی پرسە بنەرەتیە گرنگەكانی گۆڕان لە كارنامەی حكومەت پێویستن بۆ گەڕانەوەی قورسایی گۆڕان و بەدەستهێنانەوەی متمانەی جەماوەرەكەی.

نزیكەی ساڵێكە گۆڕان بەشدارە لە حكومەت و تا ئەم چركەیەش هەنگاو و كارەكانی كابینەی نۆ لە بوارەكانی چاكسازیدا لە هەنگاو و ئیجرائاتی لابەلا تێنەپەریون، هاوكاتیش پێگەی نوێنەرانی گۆڕان گەمارۆدراو و لاوازە و رەنگدانەوەی ئاوات و خەونەكانی جەماوەری گۆڕان نین. بەناو دوا یاسای چاكسازی كابینەكە لە ئیجرائاتی وەزیفی و دارایی زیاتر نیە و بوارەكانی پێڕەوكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهات و خەرجیات بەهەند وەرنەگیراون، هاوكاتیش یەكەم هەنگاوی بنەڕەتی بۆ چاكسازی لە پارەی خانەنشین و موچەوە دەست پێناكات بەڵكو لە سەروەری یاسا و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆیی سیستەمی داد، ئەو چەمكانەی غیابی كوشندەیان لە حوكمرانی خۆماڵیدا هەن.

دوای ئەوەی سەرانی گۆڕان خەمسارد بون و ئامادەش نەبون گوێ لە هەوڵی دڵسۆزانەی ئەو ئاراستە چاكسازیەی ناو ماڵی گۆڕان بگرن و پڕۆژە و هەوڵەكانمانیان بۆ چاكسازی رەتكردەوە و بەهەند وەرنەگرت، لە گەڵ ئەوەشدا گۆڕانیان توشی رۆچونی زیاتر كرد و لە خواستی جەماوەریش دابراند.

لە كاتێكدا رایدەگەیەنین پرۆگۆڕان بەشێك نەبوە لەوەی لە ناو گۆڕان دا دەگوزەرا و بەشێكیش نین لەوەی دەگوزەرێت، هاوكات لە ئاكامی ئەو ڕوداو و گۆڕانكاریانە پرۆگۆڕان گەیشتۆتە باوەڕی تەواو كە پرسەكانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناو گۆڕان كارێكی مەحاڵە و هەر ئومێدێك لەو بوارانەدا وەك ڕاكردن بەدوای سەرابی بیاباندا وایە.

بۆیە ڕایدەگەیەنین لەمەودوا كاری سەرەكیمان لە گەڵ هێز و گروپەكان لە وڵات و دەرەوە و پەرلەمانتارە ئۆپزسیۆنەكانی ناو پەرڵەمان و كەسایەتی و رۆشنبیرە دڵسۆزەكان دەبێت بۆ سازدانی بزاڤێكی جەماوەری هەمەرەنگ كە بەو رێگا و شیوازە گونجاوانەی بەپێویستی دەزانن كار بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بكات، ئایندەیەك لە سەر بنەماكانی سیستەمێكی دیموكراسی دور لە هەژمون و باڵادەستی حزبی و بنەماڵەیی بێت و پێڕەوی یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهات و خەرجیات و سازدانی پەیوەندی نیشتمانی هاوسەنگ لە گەڵ حكومەتی عێراق بكات و رەچاوی جدی بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی گەورەش بكات.

گونجاو لە گەڵ ئەم دیدگا چروپڕە بە پێویستمان زانی ئاراستەی پرۆگۆڕان هەڵبوەشێتەوە و لە رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ) بەردەوام بین.

رەوا بەپێویستی دەزانێت جەخت بكاتەوە لەوەی هەر سێ حزبی بەشدار لە حكومەتدا ،بەشدارو بەرپرسیاری سەرەكین لەو دۆخە ئاڵۆز و سەختەی ڕوبەروی میللەتەكەمان بۆتەوە، سەركەوتوش نەبون لە سازدانی پەیامێكی نەتەوەیی و نیشتمانی جدی و دروستی یەكگرتوو لە پەیوەندی لە گەڵ حكومەتی عێراق، لە ئاكامدا میللەت باجێكی گەورەی ئەم شكستانەی حكومەتی هەرێم داوە و دەیدات.

لێرەدا سەری نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان دادەنەوێنین،

بەڵێن بە میللەتەكەمان دەدەین بەشێكین لەوان و بۆ ئەوانیش و بەیەكەوە دەست لە ناودەست بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو دەنێین.

رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا )

١١ مایس ٢٠٢٠

15747 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations