كاكەییەكان دووجار بوونەتە ئامانجی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەكان

جارێك لەبەر ئەوەی كوردن و جارێكیش بەهۆی كاكەیی بوونیان

14.05.2020

 لڤین: سەرکۆ جەمال
تادێت هێرشەكان لەسەر پێكهاتەی كاكەییەكان لە سنوری ناوچە دابڕێندراوەكانی زیاتر دەبێت ، تەنها لە مانگی ڕابردوودا 19 جار چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشیان كردووەتە سەر سنوری پارێزگای كەركوك، هۆكاری ئەو هێرشانەش بەهۆی كاكەیی بوون و كورد بوونیانە.

كاكەییەكان لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامیەوە ئامانجی هێرشەكان بوون
لە سەرەتای سەرهەڵدان و دروستبوونی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەكانی داقووق لە سنوری پارێزگای كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان، كاكەییەكانی ناوچەكە بە پلەی یەكەم ئامانجی هێرشەكانی داعش بوون، لە ترسی هێرش و پەلاماردانی داعشیش تائێستا چەندین گوند لە سنوری داقووق چۆڵكراوە كە كاكەیی نشینن.

١٠ی ئەم مانگە لە كاتی دروێنەی گەنم و جۆ لە سنوری شارۆچكەی خانەقین، دوو جوتیاری كاكەیی لەسەر زەوییەكانی خۆیان ڕفێنران و دواتر تەرمەكانیان دۆزرانەوە.
زۆربەی هێرشەكانی داعش لە سنوری كەركوك بۆ سەر كاكەییەكان بووە

بەپێی ئەو زانیاریەكان، تەنها لە مانگی ڕابردوو ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی 19 جار   هێرشی كردووەتە سەر سنووری پارێزگای كەركوك، زۆربەی هێرشەكانیش لە ناوچەكانی داقووق ئەنجامدراون كە گوندی كاكەیی نشینن، هێرش و پەلاماردانی داعش وایكردوە كاكەییەكان بە تەواوی ناوچەكانی خۆیان جێبهێڵین و ڕووبكەنە شارەكانی نزیك لە ناوچەكانی خۆیان.

كاكەییەكان دووجار بوونەتە ئامانجی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەكان
بە ئامانجگرتنی كاكەییەكان لەبەر دوو هۆكارە، یەكەم لەبەرئەوەی كە كوردن لە ڕووی نەتەوەیی، دووەم لە ڕووی ئایینەوە، چونكە ئەوان تێكەڵی ئەو ڕەوتانە نابن كە ئەوان پشتگیرییان لێكردووە، بۆیە وەكو گروپێكی دژە ئەوان تەماشا دەكرێن، بە ئامانج كردنی كاكەییەكان باشترین ئەڵقەیە تا بیانكەنە ئامانج."

لەو سنورانەی كە كاكەییەكان نیشتەجێن لێی (كەركوك و خانەقین) پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكانیان لە دەستی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبیدایە، كە حەشدی شەعبی خۆشیان تۆمەتبارن بە جیاوازیكردن و كۆمەڵكوژی دژ بە مەزهەب و ئاینەكانی دیكە، هەروەها بەهۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنیەوە داعش لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەكی چڕ هێرشەكانی زیادكردووە، ئەمەش وادەكات گومان لە هەموو گروپە جیاوازە توندڕەوەكان بكرێت كە كاكەییەكان بكەنە ئامانج و زۆربەی هێرشەكانی ئەمدواییەش گومانیان دروستكردووە،ئامانجیش لەم هێرشانە لە ناوبردنی پێكهاتە جیاوازەكان و ئاینەكانی جگە لە ئیسلام بووە بە تایبەت مەسیحی و یەزیدی و كاكەیی".

كاكەییەكانیش هاوشێوەی ئێزدییەكان لە بەردەم مەترسی كۆمەڵكوژكردندان 
 چەندین كەسایەتی كاكەیی و خەڵكی ئەو ناوچانەش كە ڕووبەڕووی هێرشەكان بوونەتەوە دەڵێن:" بۆ پاراستنمان دەبێت بەرگریی بكەین وە دەبێت حكومەتی عێراق و هەرێم كارێك بكەن بۆ ئەو دۆخە، چەندین جاریش داوامان لە عێراق و حكومەتی هەرێم كردوە بۆ پاراستنی ناوچەكە بەڵام تەنها قسەیە و هیچی دیكە."
هەمو شتێك لەبارەی كاكەیی  

كاكەیی یان یارسان، ئاینێكە تائێستا لەچەند ناوچەیەكی جیهان بونی هەیە، بەشێكی زۆری پەیڕەوانی ئەو ئاینەش لەچەند ناوچەیەكی كوردستانی رۆژهەڵات و باشور دەژین. 

ڕەگ و ڕەچەتەی یارسانەكان بەپێی ‌جیاوای ناوچەو سەرچاوە مێژوییەكان چەندین ناوی تری هەیە وەك (ئەهلی هەق، كاكەیی، عەلی ئیلاهی..) بەڵام لەكۆی هەمویاندا ناوی یارسان بەكار دێت. لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان پێیان باشە بە (یاری و یارسان) ناویان بهێنرێت.

كتێبی سەرئەنجام

كتێبی یارسانەكان ‌ناوی "سەرئەنجام" ە، كە كتێبی  پیرۆزیانە، هەموو بەشەكانی "سەرەنجام" بەشێوە‌ هەورامی (گۆران) نوسراون تەنها لەدەورەی عابدینی جاف نەبێت كە بەشێوە‌ی جافەكانی دەشت و بناری شارەزور  نوسراوەتەوە، ئەم شێوازە قسەكردنە بە هەورامی جافی ناوی هاتووە.

سەرهەڵدانی كاكەیی

ئیدمۆنز باس لە سەرهەڵدانی "یارسان" دەكات كە ئەو هەر بە "كاكەیی" ناوی دەبات و دەیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی  ژیانی سوڵتان سەهاك، ئەو لای وایە ئەم رێكخستنە سەرەتاكەی بۆ شێخۆ شێنی لوڕستانی دەگەڕێتەوە، هەروەها هەندێ رازی باس كردوە وەك رازی داواكردنی دیران خاتون بۆ شیخ عیسای بەرزنجی، هەروەها شەڕی سوڵتان سەهاك و یارانی لەگەڵ لەشكری چیچك.

لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەكات كە كاكەییەكان بەشێوەیەكی گشتی دەكرێن بە دوو بەشەوە (گۆران و شمشێر ئاوردە).

ئیدمۆنز سەردانی هاوارو شنروێ و شوێنە ‌پیرۆزەكانی تری كاكەیی لەناوچەی هەورامانی ئەودیو كردووە.‌

باسیل نیكتن لەكتێبی (الاكراد) لەلاپەڕە (213، 214) باس لە كاكاییەكان دەكات و دەڵێ مەسەلەی ئەهلی هەق تەنها بە خوازانینی خەلیفەی چوارەمی موسوڵمانان نی یە، بەڵكو پەیوەستە‌ بە ئەو قۆناغەوە كە‌ زاتی خودا دەچێتە ناو تەنی مرۆڤەوە لەهەر قۆناغێكیشدا چوار فریشتەی لەگەڵدان، هەروەها باس لەوە دەكات كە دابەزینی كەلامی خودا لەسەردەمی عەلیدا نەبوە بەڵكو لەسەردەمی شاخۆشینی لوڕستانیدا بوە. 

بۆچی ڕێ و ڕەچەتە‌ی "یارسان" تائێستاش تەماوییە؟

ئەوان لەڕوی ئایینەوە زۆر گۆشەگیرن، هەروەك لەكۆنەوە دەڵێن یەكێك لەبنەماكانی ئاینەكەیان نهێنی پاراستنە، تەنانەت دركاندنی بچوكترین نهێنی دینەكەشیان بە تاوانێكی گەورە دادەنێن، ئەوەی بەكارێكی لەم چەشنە هەستێت بە كەسێكی لادەرو قێزەون و بێزراو لەقەڵەمی دەدەن، دیارە ئەمە ‌نەك بنەمایەكی دینەكەیانە، بەڵكو بوەتە بەشێك لەكلتورو رسوماتیان بۆتە بەشێك لەكەسایەتییان، هەر بۆیە دەبینیت چەند كەسێكی كەم نەبێت لە رۆشنبیران، ئەگینا كەم كەس هەوڵیداوە لێكۆڵینەوە لەسەر دینەكەیان بكات چونكە زۆر كەم زانیاری دەست دەكەوێت لەبارەیانەوە.

 دابڕانێكی جوگرافی گەورە لەنێوان یارسانەكاندا هەیە، شوێنكەوتوانی ئەم ئاینە لەچەندین ناوچە و هەرێمی جیاوازو دور بەیەك هەن و بڵاوبونەتەوە، وەك هەرێمی ئیلیزابس پۆر ناوچەی قارس، چەند ناوچەیەك لە قەفقاس، هەریەك لەوڵاتانی توركیاو سوریا، لوبنان، هەروەها لە عێراق و ئێرانیش دەژین، ئەم پەرتەوازەییەش بوەتە هۆی ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی ئاینەكانی ترەوە .

717 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations