وەڵام نا، راستکردنەوەیەک بۆ عەلی عەونی !

20.05.2020

لڤین: وەرگیراوە لە ئارێز عەبدوڵا


دوابەدوای بڵاوبونەوەی دیدارێکم لە دەنگی ئەمریکا کاک عەلی عەونی و زۆر کەسی تریش زیاد لە پێویست مشاوەش و تەنگاو بوون!
دیارە من بڕوام بە ئازادی دەربڕین و رەخنەگرتن هەیە، لەو روانگەیەشەوە بووچوونەکانی خۆم ناشارمەوە و خۆزگەشم دەخواست لە جیاتی ئەو پەلامارە ناڕەوایە هاتبایە مەیدانی گفتوگۆ و دیالۆگ. کەچی دیارە بەرژەوەندیی خۆی لەو شێوازە وەڵامە دەبینێتەوە، بۆیە گلەیی لێ ناکەم، بەڵام بە پێویستی دەزانم هەندێ توومەتی بۆ راست بکەمەوە:
یەکەم-  زیندانەکان و سەنگەرەکانی پێشمەرگایەتی خۆم و کەسوکارم شاهێدی خەبات و قوربانیدانی ئێمەن لە پێناوی ئازادی گەل و رزگاری نیشتیمان و شانازیش دەکەم کە لەکەیەک لە مێژووی خەباتم نادۆزرێتەوە.
کاتێک خەوش و کەموکوڕی و گەندەلی لەو حکومەتە دەبینین کە بەخوێن و خەباتی رۆڵەکانی ئەم گەلە هاتۆتە کایە رابردووم رێگەم پێنادا لە ئاستیاندا بێدەنگبم بەمەبەستی چاککردن، نەک دوژمنایەتی.
دووەم- هەندێ بابەتی سەیروسەمەرەی باسکردوە من نازانم خۆت دەسخەرۆکراوی یان دەتەوێ خەڵکی تر دەسخەڕۆ و چەواشەبکەی؟! 
بۆ راستکردنەوەی هەندێ لە توومەتەکانت دەڵێم:
آ. من تەنیا بۆ یەک رۆژیش پێشمەرگەی (حسک) نەبومە و  بۆ یەکەمین جاریش ساڵی ١٩٩٠ کاک رەسوڵ مامەندم لە قاسمەرەش بینی، کە لەگەڵ ئەندامانی دەستەی نوسەران بەمەبەستی دیدارێک بۆ رۆژنامەی بەرەی کوردستانی سەردانیمانکرد، کە جیا لە هاوڕێیانی تر تەنیا منی نەناسی.
ب. من نازانم ئەوە چ ویژدانێکە بتوانێ باس لە پەیوەندی نێوان من و کاک زرار جۆڵا بکەی!.. چونکە ئەو جگە لە خزمایەتی، هاوڕێی هەمیشەیی تەمەنم بووە و لە رێکخستن و پێشمەرگایەتی و زەحمەتکێشان و ئاوارەیی تا کۆچی داوایی یەک هەڵوێست و هەر بەیەکەوە بووینە!!!
ج. کەی و لە کوێ من تەسلیم بە رژێم بوومەتەوە؟.. هاوڕێیانی لقی یەکت دەزانن کە لە ئەنفالەکان من لە دیاربەکر زیندانی بووم و دوای راکردنیشم لە دەستبەسەری گەڕاومەتەوە ئۆردیگای زێوە، نزیک راژان (کە بارەگای سەرکردایەتی پارتی) و رۆژنامەی بەرەی کوردستانی لێبو. هەر لەوێ تاراپەڕین ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی بەرەی کوردستانی بووم، بۆیەشە ئاگاداری هەڵوێستی جیاوازی لایەنەکانم سەبارە بە راپەڕین برا!
د. ئەگەر تۆ نەتزانیوە ئەوا هاوڕێ نزیکەکانت دەزانن کە من هەر لەسەرەتاوە چەپ بوومە و باوکیشم نەک یەکێتی بەڵکو جەلالیش بووە، من رێزم بۆ پارتی هەیە، بەڵام بەڕاستی سەیرە ئێوە بتوانن تومەتێکی لەو جۆرە هەڵبەستن، لە کاتێکدا لە وەرگرتنی بەعسی و تاوانبارانی ئەنفال نەک درێخیتان نەکرد، بەڵکو پلە و پۆستی باڵا باڵاشیان پێدرا!
سێیەم-  تۆ گلەیی دەکەی لەوەی من لە رۆژی راپەڕینی رواندز رەخنە دەگرم. دیارە ژمارەیەک کەسوکاری شەهیدانی ئەو شارە لە وەرگرتنی پارچەیەک زەوی بێ بەشکراون، ئایە ئەوە راست نییە؟ 
بە ئیمزای سەرۆکی حکومەت زەوی بۆ ژمارەیەک بۆ کەسوکاری شەهیدانی یەکێتی رواندز تەرخانکراوە و بەرەسمیش وەرگیراون، بەڵام لەسەر داوای تۆ مامەڵە یاساییەکانیان راگیراوە ! ئایە دەبێ من بەبێدەنگی نواندن ببمە شەریکی ئەو ستەمە یان وەدەنگ بێم بۆ پاراستنی مافەکانیان؟ 
کورد دەڵێ " پەتی درۆ کورتە"  تومەت هەڵبەستنیش جگە لە هەڵچوون و داپۆشینی کەموکڕیەکان هیچی تر نییە. من نازانم چیت بۆ راستبکەمەوە، چونکە قسەکانت هەندە بێ بنەمان هەر چەند دەکەم وەڵامی پێویستیان بۆ نادۆزمەوە.  هەر ئەوەندە ماوە بڵێم وەکو پەندە فارسیەکەت لێهاتووە :
الخسن والخوسین ثلاثتهم بنات المعاویة .


ئاریزعبداللە

3484 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations