هاوسەرۆكی یەكێتی و فەرماندەی هاوپەیمان لە سوریا و عێراق كۆبونەوە

21.05.2020

لڤین: 
هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ سەرپەرشتیاری یەكە تایبەتەكانی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كۆبویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چەند تەوەرێكی جیاوازی ئەمنی و سیاسی كرد. 

لاهور شێخ جەنگی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، رایگەیاند: ئەمڕۆ چاومكەوت بە ژەنەراڵ ئێریك هیڵ، سەرپەرشتیاری یەكە تایبەتەكانی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.

ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانان جگە لەوەی پیرۆزبایی لە سەركەوتنی كۆنگرەی یەكێتی كردووە و رۆڵی سەرۆكایەتی حزبەكەی بەرزنرخاندووە گفتوگۆیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی بەڕێز موستەفا كازمی كراوە. جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە حكومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، پێویستە حكومەتێكی خزمەتگوزار و گشتگیر بێت.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی راگەیاندووە لە كۆبونەوەكەدا باس لە دۆخی عێراق و سوریا لە رووی ئەمنیەوە كراوە و هاوڕابوون لەسەر بونی مەترسی داعش لە ناوچەكە.

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی ئاشكراكردووە "ژەنەراڵ هیڵ، كار و چالاكییەكانی دەزگای دژە تیرۆری بە گەورە و گرنگ ناوبرد كە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بێوچان و شانبەشانی هێزەكانی ئەمریكا، لە دژی گروپە تیرۆریستیەكان لەشەڕدان".

 ژەنەڕاڵەكەی هاوپەیمانان ئەوەشی راگەیاندووە، یەكە تایبەتەكانی هێزی هاوپەیمانان ئامادەن بۆ هەموو چالاكییەكی هاوبەش لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر و هەمیشە پاڵپشتییان دەكەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر لە عێراق و ناوچەكەدا.

645 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations