بەرپرسێكی پارتی داوا دەكات حزبەكەی هەولێریش بە دەردی كەركوك نەكاتە قوربانی

28.05.2020

لڤین: 
بەرپرسێكی پیشووی پارتی لە كەركوك، داوا لە حزبەكەی دەكات وەك چۆن كەركووكیان كرد بە قوربانیی بە گوێ نەگرتن هەولێریش بەو دەردە نەبەن. 

كاوێز مەلا پەروێز، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی پارتی لە كەركوك، لە نوسینێكدا دەڵێت "مادام حكومەت ئێمەین، دۆخی كوردستانیش كەس بەغیلی پێ نابات، نەدەبوو كۆبوونەوەی پەرلەمان كە نەفەسی تۆڵەی زیاتر تیابوو بكرێ، چونكە پارتی پێویستی بە كۆمەكی حزبەكانە هەر وەك سەرۆك وەزیران لە پەیامی پێش جەژن رایگەیاند."

 ئەو بەرپرسیە پارتی وتوشیەتی: دەبێ حكوومەت نەبێتە بەشێك لە گرفتەكان، چونكە هەلومەرجی ناوخۆیی و عێراقی ئاماژەی خراپ بۆ رووداوی گەورە نیشان ئەدەن. بە كەم سەیركردنی حزبەكان و نەخوێندنەوەی توڕەیی خەڵك، لەسەردەمی قەیرانی بێ مووچەیی و پەتای كۆرۆنا هەڵەیەكە باجەكەی لە دەست دەرچوونە، لە ئەنجامدا وەك هەرەس و شكستی كەركووك دروستكردنی ناو و ناتۆرەش هیچ هەڵەیەك ڕاست ناكاتەوە.

ئەو پێی باشە پارتی بە تەنها شاننەدا بەر ئەم قۆناغەی ئێستا چونكە هیچ حزبێك بە تەنها قودرەتی هەڵگرتنی ئەو ئەركەی نیە و دەشڵێت "جگە لە كەمینەیەكی هەڵتۆقیوی ماستاوچی كێ هەیە لە پارتی لەم دۆخە نیگەران نەبێ؟". 

كاوێز دەشڵێت "كەركوكتان كرد بە قوربانیی بە گوێ نەگرتن هەولێریش بەو دەردە مەبەن، گوێ گرتن لە دز و درۆزن، نەتیجەكەی باش نابێ هەر ئەوەندە بەسە تێبگەن كە خەلەل هەیە، بۆ ئەوەی بە تەنیا نەبینە وارسی ئەو خوار و خێچیانەی بەرێوەبردن؛ باشترە لە راستكردنەوەی بەشێكیان داوای كۆمەك لە حزبەكان بكەین پێكەوە نەك بە تەنیا ئەتوانین ئەم قۆناغە تێپەرێنین".

5670 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations