سەرۆکی حکومەت پەیامێکی توند بڵاودەکاتەوە

29.05.2020

لڤین:
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند هەندێک لایەن هەوڵی بە سیاسیکردنی هەوڵەکانی حکومەتیان بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆناداوە و بە دەشڵێت ئەو لایەنانە دەبێت بەرپرسیارتیەکەشی هەڵبگرن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بارەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستا لە پەیامێکدا دەڵێت، مەترسیی پەتای کۆڕۆنا زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئەو بە بیری هێناوەتەوە لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە هاوڵاتیان پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە بۆیە بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

سەرۆکی حکومەت ئەوەشی وتووە "ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن".

ئەو بە بێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێکی سیاسی بهێنێت دەشڵێت: بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە.

بارزانی لەو پەیامەیدا بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ هەڕەشە دەکات و دەڵێت: ئێستا ئەوانەی دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ.

8362 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations