لەبارەی چارەنوسی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشنیارێك دەدرێتە مەكتەبی سیاسی پارتی

29.05.2020

لڤین:  
بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی كە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، پێشنیاری چەند راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەت بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی حكومەت دەخرێتەڕوو. 

سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی پارتی بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، وابڕیارە لەسەرەتای‌ ئەم هەفتەیە مەكتەبی‌ سیاسی‌ تایبەت بە چەند پرسێكی‌ ناوخۆی‌ هەرێمی‌ كوردستان و عێراق كۆببێتەوە و پێشنیارێكیش لەبارەی چارەنوسی حكومەتی هەرێم دەخرێتە بەردەستی مەكتەبی سیاسی. 

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەكرد كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی مەسعود بەرزانی سەرۆكی پارتی دەبێت و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ یەكێتی دەكات و پێشنیاری چەند راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەت بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی حكومەت دەخرێتە بەردەستی مەكتەبی سیاسی. 

ئەوەشی رونكردەوە كۆبونەوەكە گرنگی تەواو دەدات بە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكانی حزبەكە لەگەڵ یەكێتی و هەوڵدەدەن لە كۆتایی ئەم هەفتەیە كۆبونەوە لە نێوان ئەو دوو حزبە ئەنجام بدرێت. 

خستنەڕووی پێشنیاری دەستلەكاركێشانەوەی مەسرور بارزانی لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو مایە پوچبوونی حكومەتی راگەیاند، بە گوێرەی پێشنیاری ئەو راوێژكارانیە سەرۆكی حكومەت هەوڵدەدرێت دوای دەستلەكار كێشانەوە حكومەتی رزگاری نشتیمانی پێكبهێندرێت كە مەسرور بارزانی خۆی سەرپەرشتی دەكات بەڵام وەزیرەكان كەم دەكرێنەوە و سەرجەم حزبەكان وەزیریان پێدەدرێت.  

11058 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations