حكومەتی هەرێم لەبارەی كرێ و قەرزەكانیەوە بڕیاریدا

03.06.2020

لڤین: 
ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبویەوە و چەند بڕیارێكی لەبارەی لێخۆشبوونی قەرز و كرێ و پێشینەكانی هاوڵاتیان دەركرد. 

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبویەوە و رایگەیاند: حكومەت لەگەڵ درێژەدان بە گرتنەبەری رێنماییە تەندروستییەكان، ژیان و گوزەرانی خەڵك لە بەرچاو بگرێت و زیانی بەرنەكەوێت، بەڵام بەداخەوە خەڵكێك دەیەوێ ئەم بابەتە سیاسی بكات و گومانیان لە بوونی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە دروست كردووە و هانی خەڵك دەدەن پابەندی رێنماییەكان نەبن، بۆیە ئەم كەسانە ڕووبەڕووی یاسای دەكرێنەوە.

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم دیاری كرا بۆ دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا كە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت. 
ئەنجومەنی وەزیران هەردوو پڕۆژە یاسای (ماف و ئەركەكانی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان) و (لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان)ی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد.

هاوكات چەند بڕیارێكیشی لەبارەی كرێ و پێشینەكان دەركرد دەقی بڕیارەكان: 

پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەمواركراو، و لە پێناوی سووككردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر ڕۆشـــــنایی كۆنووسـی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (27) لە 5/5/2020، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا به:

1. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكە، بۆ ئەو ماوەیەی كە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.

2. بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەك ڕێكاریی خۆپارێزیی.

3. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانییەكان لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

4. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.

5. بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە كرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.

6. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی دیكە كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.

7.داشكاندنی ڕێژەی 15% لە سەدا پازدە لەو پێشینانەی حكومەت كە لەلای هاووڵاتییانە وەك (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیـریی و قەرزی بچووك و پێشینەكانی بانكی كشتوكاڵی و پێشینەی پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێك هاووڵاتییان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، و ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەكان ناگرێتەوە كە بە كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەك ئاسانكاریی بانكی لەلایەن بانكە بازرگانییەكانەوە

8. وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن.

2523 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations