رێكخراوی 17ی شوپات پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوكردەوە

04.07.2020

لڤین: 
رێكخراوی 17ی شوبات ئامارەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤی لە هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی حوزەیران بڵاوكردەوە و رایگەیاندزیاتر لە 30 پێشێلكاری تۆمار كراوە. 

رێكخراوی 17ی شوبات بۆ مافەكانی مرۆڤ كە رێكخراوێكی خۆبەخشە و كار لەسەر تۆمار كردن و دژ وەستانەوەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە هەریچمی كوردستان دەكات ئامارەكانی شەش مانگی رابردووی بڵاوكردەوە و تیایدا زیاتر لە 30 پێشێلكاری بەرچاو ئەنجامدراوە. 

دەقی ڕاپۆرتەكە:

ڕێكخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە كاردەكات لەسەر تۆماركردنی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان و بەدواداچون دەكات لەسەر تەواوی پێشێلكارییەكان و ناوەندە جیهانیەكانی لێ ئاگاداردەكاتەوە بەتایبەت تیرۆرە سیاسیەكان كە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت و هەوڵدەدات كەس و لایەنی سیاسی ئەنجامدەر ئاشكرابكات بۆ ڕای گشتی.

١٧ی شوبات بۆ مافەكانی مرۆڤ، تەواوی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان پۆڵێن دەكات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەكەم ئەو پێشێلكارییانە دەگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسە و ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەكردن لەخۆپێشاندەران. جۆری دووەم ئەو پێشێلكارییانە دەگرێتەوە كە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەكو خۆكوشتن بەهۆی هەژاری و كوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانی هاونیشتیمانیان لەڕێگەی هەندەران.

مانگی یەك:

٦/١ لە شیلادزێ، قارەمان كوڕی شەهید شوكری ڕێكانی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی پارتی دەستگیركراو دوای ماوەیەك ئازادكرا.

١٥/١ سەرنوسەری پێگەی پەڕەگراف، سوركێو محەمەد لەسەر سكاڵای ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەستبەسەركرا دوای ئەوەی راپۆرتێكی لەسەر ئەم بەرپرسە بڵاوكردبۆوە كە موڵكی گشتی ناگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت.

١٦/١ لەناو زیندانێكی پارتی، پێشمەرگەیەكی یەكێتی خەڵكی گوندی سیساوە بەناوی مەجید برایم عەبدوڵڵا لەژێر ئەشكەنجەدا ژیان لەدەستدەدات. هەمان رۆژ لە دهۆك، رۆژنامەوان و چالاكوان سعود صابر محەمەد بەهۆی نوسینەكانی لە ئەژماری خۆی لە فەیسبوك بانگهێشتی ئاسایشی پارتی دەكرێت و داوای لێدەكرێت كە نوسینەكانی بوەستێنێت و پێشووتریش هەڕەشەی وازهێننان لە كاری رۆژنامەوانی لێكراوە.

١٩/١ جارێكی دیكە سەرنوسەری پێگەی پەڕەگراف، سوركێو محەمەد لەسەر سكاڵای ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەستبەسەركراو دواتر ئازادكرا.

 ٢٧/١ لە سەیدسادق، چالاكوان زانا عەلی بەهۆی بەشداری و وەك رێكخەرێكی خۆپێشاندانەكە لەلایەن ئاسایشی یەكێتی دەستگیركرا و دوای ئەشكەنجە و سوكایەتیەكی زۆر هەمان رۆژ ئازادكرا.

٢٨/١ لە هەولێر، كوڕی بەرپرسێكی پارتی بەناوی كەمال تورگەیی كە سەرەڕای ئەوەی سەرپێچی هاتوچۆی كردبوو تەقە لە كارمەندێكی پۆلیسی هاتووچۆ دەكات و برینداری دەكات.

مانگی دوو:

٢/٢ لە بازگەی دێگەڵە، كە لەلایەن هێزەكانی پارتی بەڕێوەدەبرێت ڕێگریكرا لە خوێندكارانی دانەمەزراوی شارۆچكەكانی هەڵەبجەی شەهید و دەربەندیخان و سیدسادق بۆ خۆپێشاندان بچنە ناو شاری هەولێر.

 ٤/٢ لە هەولێر، هێزەكانی پارتی ڕێگریان كرد لە گردبوونەوەیەكی نارەزایی كە لەلایەن ژمارەیەك چالاكوانی شارەكەوە دژی دواكەوتنی موچە و سیستەمی حكومڕانی لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران ڕێكخرابوو.

مانگی سێ:

٧/٣ لە چەمچەماڵ، رۆژنامەوان پێشەوا شێخ رەئوف لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە كەرتی تەندروستی دەستگیركراو دوای چەند رۆژێك ئازادكرا.

١١/٣ لە پێنجوێن، رۆژنامەوانی پێگەی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی كوردستان عەدنان ڕەشیدی كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی پێنجوێنە هێزێكی دەمامكداری نەناسراو هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی و خۆی و هاوژینەكەی ئەشكەنجە دەدەن و وێنەی هاوژینەكەی بەڕووتی دەگرن. هەروەها، هەڕەشەی ئەوەی لێدەكەن كە نابێت چیتر كاربكات و زانیاری بدات لەسەر پێشێلكاریەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

١٧/٣ فەرماندەی لیوای ١ی پیادەی كەركوك، عەمید روكن ڕێبوار عەلی بەهۆی داواكردنی ماف و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لە ئەركەكەی دورخرایەوە بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە.

١٩/٣ لە حاجی ئۆمەران، ستافی ئێن ئاڕ تی و پەیامنێری ئەو كەناڵە عەبدۆ حوسێن لەلایەن ئاسایشی پارتی ڕێگری لێكرا كە روماڵی سەردانەكەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەو مەرزە نێودەوڵەتیە. هەمان رۆژ، ئامانج وەرتی پەیامنێری سایتی سبەی و كەی ئێن ئێن هەڕەشەی لێدەكرێت.

٢٠/٣ لە دهۆك، رۆژنامەوان و چالاكوان ئومێد حاجی بەرۆشكی دەستگیردەكرێت بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە كەرەنتینە نەكردنی كەسایەتییەك بەناوی مەلا ئیحسان ڕێكانی دوای ئەوەی لە وڵاتی ئەلمانیا دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان دوای هەفتەیەك لەدەستگیركردنی ئازادكرا.

 ٢٤/٣ لە هەولێر، رۆژنامەنوس و چالاكوان هێمن مامەند دەستگیركرا و دواتر لەبەرواری ٥ی نیسان بەبێ دادگاییكردن بە كەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازادكرا. هەمان رۆژ لە شارۆچكەی تەقتەق، چالاكوان سەنگەر جەوهەر لەسەر بڵاوكردنەوەی نوسینێكی ڕەخنەیی لەسەر بەرسانی ناوچەكە لە ئەژماری خۆی لە فەیسبوك دەستگیركرا دوای ٢٤ كاتژمێر ئازادكرا.

٢٥/٣ لە شارۆچكەی قەسرێ، ئاسایشی پارتی دوو كادیری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی بەناوەكانی شەماڵ مەلا كوردستانی و كارۆخ بەكر دەستگیركردووە و هۆكاری دەستگیركردنیان نەزاندراوە.

٢٦/٣ لە بازگەیەكی هەولێر، بەبێ هێچ پاساوێكی یاسایی ڕێگریكرا لە هەردوو پارێزەران گۆران دیبەگەیی و هەرێم رەفعەت كە بچنە ناو شاری هەولێرەوە.

٣١/٣ لە سۆران، چالاكوان سیهاد یاسین حوسێن دانیشتووی سیدەكان لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە هەڕەشەی لێدەكرێت گەر كۆتایی بە نوسینە ڕەخنەییەكانی نەهێنێت.

مانگی چوار:

٢/٤ لە سلێمانی، هێزێكی ئەمنی یەكێتی چووە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەستگیریكرد بەهۆی نوسینی كۆمێنتێكی لە فەیسبوك لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.

٦/٤ لە سلێمانی، زریان موحەمەد رۆژنامەوانی ئاوێنە لەلایەن هێزێكی یەكێتی دەستگیركرا بەهۆی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێكی لەسەر خۆپارێزی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ. دواتر لەهەمان رۆژدا و دوای چەند كاتژمێرێك ئازادكرا.

 ٧/٤ كاتژمێر ١ی شەو، پانزە ئەفسەری پۆلیس هەڵدەكوتنە سەر ماڵی رۆژنامەنوس و چالاكوان هێمن مامەند دوای ئەوەی دەستگیری دەكەن لەبەرواری ٢٨ی هەمان مانگ بەكردنەوەی ٨ دۆسیەی جیاجیا و بە كەفالەتی شەش ملیۆن دینار ئازاد دەكرێت تائێستاش دۆسیەكەی بەكراوەیی ماوەتەوە. 

لەهەمان رۆژ، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسراوێك داوای داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی كرد بەمەبەستی ڕێگریكردن لە روماڵكردنی ئەو كەناڵە لەسەر پێشهات و زانیاریەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ.

١١/٤ لە سنوری پێنجوێن، مستەفا سەلیمی كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئێران لەسێدارەدرا دوای ئەوەی كە لەزیندانێكی ئەو بەشەی وڵات رایكردبوو خۆی گەیاندبووە باشوری كوردستان بەڵام لەلایەن هیزەئەمنیەكانی یەكێتی دەستگیركرا و رادەستی ئێران كرایەوە.

٢٦/٤ لە دهۆك، لەگردبوونەوەی خاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبیل ڕێگریكرا لە رووماڵكردنی تیمی كەناڵی سپێدە ئازاد سەعدی پەیامنێر و محەمەد حسێنی كامێرامان.

٢٩/٤ لە سۆران، كاتژمێر ١٠ی شەو ئاسایشی پارتی پۆلیسێك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران بەناوی جەواد ڕەسوڵ حسێن دەستگیردەكەن.

مانگی پێنج:

 ١٦/٥ لە دهۆك، مامۆستایان و چالاكوانی شارەكە خۆپێشاندانێكی بەرفراوانیان دژی پێنەدانی موچە ئەنجامداو لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی پارتی ٦٠ كەس لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە دەستگیركران، بەشێكیان هەمان رۆژ یان رۆژی دواتر ئازادكران بەڵام ١٢ كەسیان تا چەند رۆژێك لەزینداندا مانەوە، بەدیاریكراویش مامۆستا بەدەل بەرواری دوای دوو هەفتە لەزیندانیكردنی لەبەرواری ٣١ی هەمان مانگ ئازادكرا.

لەهەمان رۆژدا، ٨ رۆژنامەوان لە میدیا جیاجیاكان دەستگیركران كە روماڵی خۆپێشاندانەكەیان دەكرد بەناوەكانی (ئازاد، پەیامنێری سپێدە، عەلی دیوالی، پەیامنێری سپێدە، كاروان سدیق، پەیامنێری گەلی كوردستان، هجری بەرواری، وێنەگری سپێدە، ساهر سەگڤان، بەرێوەبەری كەنالی لۆكاڵی خاپوور،.ئەحمەد شەرنیخی، بەڕێوبەری ڕادیوی خاپوور، ئومێد بەرۆشكی، ڕۆژنامەنووس، ئەكەرم كوللی، پەیامنێری سپێدە).

٢٦/٥ لە سلێمانی، ساكار عەبدوڵڵا پەیامنێری كەناڵی ناوخۆیی سی ئیم كەی لەلایەن كەسێكەوە لەكاتی چوونی بۆ كەناڵەكە هەوڵی رفاندنی دەدرێت دواتر كەسەكە لەلایەن هێزەئەمنیەكانەوە دەستگیردەكرێت و پاشان بەكەفالەتی ٥٠٠هەزار دینار ئازاد دەكرێت و تائێستاش كەیسەكە بەكراوەیی ماوەتەوە.

مانگی شەش:

 ١/٦ لە بازگەیەكی پارتی لەنێوان مەخمور - هەولێر، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان ئیدریس سەلیم بەبێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو لەبەرواری ٨ی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دەستگیركرابوو واتە دوای زیاتر لە ساڵێك و بەبێ بینینی دادوەر و ئاراستەكردنی هیچ تۆمەتێك ئازادكرا.

٢/٦ لە سلێمانی، هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی بەزەبری هێز و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران بڵاوەیان بەو خۆپێشاندانە كرد كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەهۆی دواكەوتنی موچە و سیستەمی حكومڕانی ئەنجامدرابوو.

٤/٦ لە بازگەی كەڵەك كە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی پارتی بەڕێوەدەبرێت رۆژنامەوان و كامێرامانی كەناڵی سپێدە بەناوەكانی عەزیز موحەمەد و موحەمەد رەئوف سوكایەتیان پێدەكرێت و لێیان دەدرێت و دەستبەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكانیاندا دەگیرێت.

٥/٦ لە خەلیفان، هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان هێمن خەلیفانی لەسەر نوسینە ڕەخنەیەكانی لە دەسەڵات دەستگیردەكرێت.

٧/٦ لە هەولێر، هاوڵاتیەك بەناوی شاخەوان عمر عزیز پێی رادەگەیەنن كە چیتر ناتوانێت لەناو یاریگا وەرزش بكات بەهۆی ئەوەی كە پارتی نیە و ڕەخنەی توند ئاراستەی دەسەڵات دەكات لەڕێگەی ئەژماری خۆی فەیسبووك.

١١/٦ لە هەولێر، ئالان ساحێبقران رۆژنامەنوس و سەرنوسەری پێگەی KGN  دوای ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی لەسەر سایلۆی هەولێر بڵاودەكاتەوە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستگیردەكرێت و دواتر بەكەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد دەكرێت.

١٥/٦ لە هەولێر، دوای ئەوەی چین و توێژەكانی ئەو شارە گردبوونەوەیەكیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان ڕێكخست دژی داگیركاریەكانی توركیا، هێزە ئەمنیەكانی پارتی ڕێگریكرد و ٢٤ كەسی لە بەشداربووانی گردبووەكە دەستگیركرد و دوای چەند كاتژمێرێك ئازادكران.

٢٠/٦ لە شیلادزێ، خۆپێشاندانێكی بەرفراوان دژی لەشكركێشی و بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر خاكی باشوری كوردستان بەڕێوەچوو. لەم خۆپێشاندانەدا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو هێزەئەمنیەكانی پارتی بەزەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران كرد نزیكەی ١٠ خۆپێشاندەریان دەستگیركرد.

٢١/٦ لە هەولێر، پێشمەرگەیەكی زێرەڤانی بەپلەی نەقیب بەناوی (هـ. كەریم حاجی بریندار برادۆستی) بەهۆكارێكی نەزانراو كوژراوە، لەپزیشكی دادی هەولێر دەركەوت گوللـەیەك نراوە بەسەریەوە

٢٦/٦ لە گەرمیان، لەلایەن ئاسایشی یەكێتی و لە شیلادزێ لەلایەن هێزەئەمنیەكانی پارتی ڕێگریكرا لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی نارەزایی دژی هێرش و داگیركاریەكانی دەوڵەتی توركیا.

٢٧/٦ لە شیلادزێ، قارەمان كوڕی شەهید شوكری ڕێكانی بەبێ ئاگاداركردنەوە و نوسراوی دادگا لەلایەن هێزەئەمنیەكانی پارتی دەستگیردەكرێت.

جێگەی ئاماژە بۆ كردنە، وڵاتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەناویدا لە لیستی ڕەشدایە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەگوێرەی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی و ڕیزبەندی ١٦٢مین وڵاتی گرتووە لەكۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان لە خراپی رەوشی كاری رۆژنامەگەریی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ. هەروەها، بەپێی ڕیزبەندی فریدەم هاوس ئازادی سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان و عێراق نیە.

لەكۆتاییدا، ئێمە وەك ڕێكخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەكانی مرۆڤ رایدەگەیەنین: هەر دوو حزبی دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەكییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلكارییانەی كە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاكوانان بەتایبەتی. هاوكات، ئامار و داتا تۆماركراوەكانی ڕێكخراو و ناوەندەجیهانیەكان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و كاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی كوردستان لەئاستێكی ترسناكدایە.

246 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations