سەندیكای رۆژنامەنووسان: تا ئێستا 85 رۆژنامەوان تووشی كۆرۆنا بوون

05.07.2020

لڤین: 
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ئاماری پێشێلكارییەكانی شەش مانگی ڕابردووی بەرامبەر رۆژنامەوانا بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەوانان زیادیكردووە، 85 ڕۆژنامەوانیش تووشی كۆرۆنا بوون.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، نەزاكەت حسێن، بەرپرسی تۆماری پێشێلكارییەكان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ڕایگەیاند: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان زیادیكردووە، كە هۆكاری سەرەكی زیادبوونی خۆپیشاندانەكانی بوونی بڕیارەكانی قەدەغەی هاتوچۆ بووە. 

ناوبراو وتیشی، لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا 85 ڕۆژنامەوان تووشی ڤایرۆسەكە بوون و ڕۆژنامەنووسێكیش بە كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

هەروەها بەپێی ئاماری سەندیكای ڕۆژنامەنووسان كۆی گشتی حاڵەتەكانی پێشێلكاری لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 87 حاڵەت بووە و ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسیانەشی پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە 199 ڕۆژنامەنووسی سەربە دەزگا جیاوازەكان بووە.

بەگوێرەی ئامارەكانی سەندیكا لەو ماوەیەدا زۆرترین پێشێلكاری لە شاری هەولێر لە دژی رۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە كە 32 حاڵەت بووە و لە پارێزگای سلێمانی 16، لە پارێزگای دهۆك 11، لە پارێزگای هەڵەبجە 7، لە پارێزگای كەركوك 16، هەریەكە لە موسڵ، خانەقین، بەغداد و ڕۆژاوای كوردستانیش، یەكی یەك حاڵەتی پێشێلكاری تێدا تۆماركراوە.

262 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations