سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان: حكومەت بە وەرگرتنەوەی چەند پارچە زەویەك دەتوانێت هەنگاوی گەورەی چاكسازی بنێت

05.07.2020

لڤین: 
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران ئاشكرای دەكات حكومەتی هەرێم چەندین پارچە زەویی داوەتە چەند وەبەرهێنەرێك بە وەرگرتنەوەیان دەتوانێت گەورەترین خاڵی چاكسازی ئەنجامدات.  

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاكسازی، لەدەستدەرنەچوەو پشتیوانی یاسایی ھەیە! پارەیەكی ئێجگار زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی چەندین ساڵە ڕوبەرێكی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەكانی كوردستان دراوە بە چەند كەسێك، بە ناوی وەبەرھێنان، بەھاكەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی كاری تێدا بكرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە. 

ناوبراو ئەوەشی روونكردووەتەوە ئەو بابەتەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت باسكردووە و دەشڵێت: بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەك لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریكراو كاری تێدا نەكرا، وەردەگیرێتەوە و بۆ ئەوەش چوار نمونە دەهێنێتەوە. 

ئەو ئاشكرای دەكات "‎زیاتر لە ١٣ ملیۆن مەتر زەوی، بەناوی پرۆژەی یارگای گۆڵف لە شوێنێكی نایابی هەولێردا سیمكراوە، بەپێی وتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار كاردەكەن، بەھای زەویەكە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە" و دەشڵێت ئەوە گەورەترین پارچە زەوی ناو شاری هەولێرە كە لە ئێستادا مابێتەوە.

ئەو دەشپرسێت ئایا لە كوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیایی یارگای گۆڵف دروستناكرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت! بۆیە پێویستە حكومەت ئەم زەویە بكات شارێكی ھاوچەرخ و خۆی زەویەكان بفرۆشێت!

لە مەلەفی دووەمیاندا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت "لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ھەزار دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ كەسێك بیكاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیك عەربەت، مەتر مەتری بكات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەك خۆی ماوە حكومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببات و شارێكی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبكات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت."

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت "شاری خەونەكان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و یەك ملیۆن مەتر دووجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە كەسێك و تا ئێستا مەتر مەتر، نزیكەی بە بەھای یەك ملیار دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حكومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێكی شایستە بەبەھای یەك ملیار دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت". 

لە مەلەفی چوارەمی ئاشكرا كراودا دەڵێت "لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم تەرخانكراوە بۆ زانكۆی ئەمریكی، دەھێندەی ڕوبەری زانكۆی سلێمانیە، بۆ زانكۆی ئەمریكی ٢٢ دۆنم بەكارنەھێندراوە، ئەوی دیكە تەنیا دیوارێك بە چوارلای پرۆژەكەدا كراوە، بەم زەویە حكومەت دەتوانێت شارێكی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبكات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبكەوێت".

عەلی حەمە ساڵح باسلەوەش دەكات "بەدواداچونم بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە كردوە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆك، لە بری ئەوەی چەندكەسێك بكاتە ملیاردێر، حكومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێكی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەكی جوانیش بداتە شارەكان."

977 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations